ئایا تیمساح هێرش دەکاتە سەر مرۆڤ؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-17-05:20:00 - کۆدی بابەت: 3377
ئایا تیمساح هێرش دەکاتە سەر مرۆڤ؟
پرسگەی ئاژەڵ و ڕووەک

ئایا تیمساح هێرش دەکاتە سەر مرۆڤ؟

جگە لە ماری کوبرا، دەشێت تیمساح لە هەموو گیاندارێکی تر مرۆڤ زیاتر بکوژێت. چەند جۆرێکی دیار لە تیمساحەکان وەکو تیمساحی ئەفریقی و تیمساحی ئاوە سوێرەکان بەڕاستی مرۆڤخۆرن. ئەو خەڵکانەی لە نزیک ئەو شوێنانەن کە تیمساحی تێدایە، لە هەموو گیانداران زیاتر لە تیمساح دەترسن. هەندێک لەو تیمساحانە نەک ئەگەر تەنها لێی نزیک ببیتەوە هێرش دەکاتە سەرت، بەڵکو لە ئاوەکە دێتە دەرەوە بۆ ئەوەی نێچیرەکەی بگرێت و ڕایبکێشێتە ناو ئاوەکە و بیخنکێنێت. قاتور (تیمساحی ئەمریکی) پەیوەندیەکی زۆر بەهێزی هەیە لەگەڵ هەندێک جۆری دەینەصوری لەناوچوودا، گیاندارێکی زۆر گەورە بووە و لە مارمێلکە چووە و درێژیەکەی نزیکەی (٢٤) مەتر بووە و پێش سەدەگەلێکی زۆر بەسەر زەویدا گەڕاوە. تا ئەم سەردەمەش تیمساحەکان گەورەترین خشۆکی سەر زەوین، هەندێکیان هێندە گەورە دەبن تا دەگەنە درێژی (٧) مەتر.
مێینەی تیمساح (٢٠) تا (٩٠) هێلکە لەسەر دادەنێت، لەناو لانەیەکدا کە بە پوش و پەڵاش دروستی دەکات و لێدەگەڕێت تا لە گەرمای خۆردا هەڵدێت، دایکانەکەش لە نزیکیەوە دەوەستێت و سەیری دەکات تا کاتێک هەڵدێن یارمەتی بێچوەکانی بدات، زۆربەی خشۆکەکان ناتوانن دەنگ دەرکەن، بەڵام تیمساح و قاتور دەتوانن دەنگێکی بەرز لەشێوەی قوڕەدا دەرکەن. قاتور تەنها لە ئاوە گەرمەکاندا دەژێت لە ئەمریکا و چیندا، بەڵام دەتوانین لە وڵاتەکانی ئەفریقا و ئاسیا و ئوسترالیا و ئەمریکاشدا تیمساح ببینین. پێش سەد ساڵ مرۆڤ دۆزییەوە کە پێستی قاتور زۆر بەسوودە لە پیشەسازی بەرهەمە چەرمیەکاندا وەکو پێڵاو و جانتای دەست و قایشی پشت. لە ئەنجامی ئەوەدا لە ئێستادا قاتور بووە بە گیاندارێکی دەگمەن.


سەرچاوەکان



348 بینین