مارکۆنی داهێنەری بێ تەل
کۆغلیلمۆ مارکۆنی لە ٢٦ـی نیسانی ١٨٧٤دا لە پۆلۆگنای ئیتالیا لە دایک بووە، لە قوتابخانەی هونەری لانگهۆرنـ'ـی ئیتالیا فێری فیزیا بوو، یەکەمین تاقیکردنەوەکانی خۆی لە نزیک پۆلۆگنادا کرد.کاتێک لە ساڵی ١٨٨٧دا زانیی هارینریگ هێرتز شەپۆلە بێ تەلەکانی (تیشکەکانی) دۆزیوەتەوە، بیریکردەوە ئەو شەپۆلانە بۆ گواستنەوەی نامە بەکاربهێنێت، لەو کاتەدا نامە بە سیستەمی هێمای "مۆرس" دەنێردرا، بە خاڵ و بە بەکارهێنانی تەلی کارەبایی "مارکۆنی" هەندێک ئیشی کرد بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و زەنگێکی کارەبایی دروستکرد کە دەیتوانی لە دووری سی پێوە بەهۆی شەپۆلە کارەباییەکانەوە بە لێدانی کارەبایی بیخاتە گەڕ، لە ساڵی ١٨٩٥ مارکۆنی توانی پەرە بە ئامێرێک بدات کە دەیتوانی بۆ دووری یەک میل لێدان بنێرێت، بەڵام مارکۆنی گرنگی نەدا بەو کارەی و بڕیاریدا بچێت بۆ لەندەن و لەوێدا بەختی خۆی تاقی بکاتەوە، بۆیە لە ساڵی ١٨٩٦دا گواستیەوە بۆ لەندەن، لە ساڵی ١٨٩٦-١٨٩٧دا زنجیرەیەک تاقیکردنەوەی سەرکەوتووی ئەنجام دا بۆ ئامێری نامە ناردنی بێ تەل کە دروستی کردبوو، لە ساڵی ١٨٩٧دا مارکۆنی توانی تا دووری دوانزە میل پەیوەندی دروست بکات، هەر لەو ساڵەدا کۆمپانیای مارکۆنی دامەزراند. دوای دوو ساڵ واتە ساڵی ١٨٩٩ مارکۆنی یەکەم هێمای بێ تەل بەسەر کەناڵی بەریتانیادا نارد، کە دووریەکەی ٣١ میل بوو، هەروەها لەو ساڵەدا دوو کەشتی ئەمریکی بەڕێ خست بۆ ئەوەی ڕاپۆرت لەسەر پێشبڕکێی بەلەم سواری جامی ئەمریکا بگوێزنەوە بۆ ڕۆژنامەکانی نیۆیۆرک. لە ١٢ـی کانوونی یەکەمی ١٩٠١دا پیتی S نێردرا بە سیستەمی مۆرس، بەسەر زەریای ئەتڵەسدا کە دەنگوباسێکی جیهانی دروست کرد، لە ساڵی ١٩٠٩دا مارکۆنی خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت لە فیزیادا، دوای ئەوە مارکۆنی هەوڵیدا ناردنی بێتەل بە شەپۆلی کورت بێت، ئەم ئیشەی بوو بە بنەمای پەیوەندی بێ تولی نوێ بۆ نێوانە دوورەکان لە ساڵی ١٩٣٠ مارکۆنی کرایە سەرۆکی ئەکادیمیای پاشایەتی ئیتالیا. لە ٢ـی تەموزی ١٩٣٧، ئەم زانا گەورەیە کۆچی دوایی کرد.