یەکەمین ئامێری مۆسیقا کامە بوو؟
حیکایەتێکی ئەغریقی هەیە کە دەڵێت "بان" یەکەم کەس بوو ئامێری مۆسیقای دروست کردووە کە بریتی بووە لە "شمشاڵ". حیکایەتەکە دەڵێت: ڕۆژێکیان بان لە کەناری ڕوبارێکدا بوو گوێی لێبوو دەنگێکی غەمۆک لە قامیشێکەوە دەردەچێت. ئەویش قامیشەکانی بە درێژی جۆرا و جۆر شکاند و پێکەوەی بەستن، بەوە یەکەم ئامێری مۆسیقای دروست کرد لە جیهاندا
بەڵام ڕاستی ئەمەیە، ئێمە ناتوانین مێژووی درووست کردنی یەکەمین ئامێری مۆسیقا لە جیهاندا دەستنیشان بکەین. لەبەر ئەوەی هەموو کۆمەڵگا سەرەتاییەکان ئامێری مۆسیقای لەو شێوەیەیان دروست کردووە. چونکە ئەو ئامێرە مۆسیقییانە گرنگییەکی ئاینیان هەبووە و جەماوەر بە سەماکردن یان تەپڵ لێدان یان بە چەپڵەڕێزان یان بە گۆرانی وتن لەگەڵیدا بەشداری ئاهەنگە ئایینیەکەیان کردووە، کە بووەتە هۆی دڵخۆشییان، ئەو مۆسیقا سەرەتاییانەش مانای بەشێک لە ژیانی خەڵکی داوە. بەڵام ئەفسانەی "بان" و قامیشەکە ئەوە دەگەیەنێت، کە مرۆڤ چۆن بۆ یەکەمجار بیری کردووەتەوە ئامێرە مۆسیقییە جۆرا و جۆرەکان دروست بکات.
ڕەنگە بە لاسایی کردنەوەی دەنگەکانی سرووشت یان بە بەکارهێنانی مەوادە سروشتیەکانی چوار دەوری خۆی بووبێت لە بەرهەم هێنانی مۆسیقادا. ئامێرە مۆسیقیە سەرەتاییەکان لە شێوەی تەپڵدا بووە. دوای ئەوە بوو مرۆڤ لە شاخی ئاژەڵان ئامێرە هەواییەکانی درووست کرد. دوای ئەوە ئامێری مۆسیقی نوێ لەمس دروست کرا. مرۆڤ لە ماوەی بەکارهێنانی مۆسیقای قامیشدا کۆمەڵێک لە ئاوازی سرووشتی زۆر خۆشی بەرهەم هێنا. لە دوایدا مرۆڤ ژێی دۆزییەوە و قیسارەی داهێنا کە تەنها لە یەک ژێ پێکهاتبوو. کە دوای ئەوە جۆرەها ئامێری کەمانچەی لێ کەوتەوە. لە چاخی ناوەڕاستدا خاچپەرستان زۆر لە ئامێرە ڕۆژهەڵاتیەکانیان گواستەوە بۆ ئەورووپا و دوای لێدانیان لەگەڵ ئامێرە میلی و ڕۆژئاواییەکاندا ئەو ئامێرانەی لێ دروست بوو کە ئەمڕۆ بەکاردەهێنرێن.