ڕێکخستنی زیندەوەران

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-08-14:08:00 - کۆدی بابەت: 4279
ڕێکخستنی زیندەوەران
زانستەکان

ڕێکخستنی زیندەوەران

زیندەوەران لە هەندێک رووەو لە ئامێر دەچن، لەگەڵ ئەوەی هەندێک لە ئامێرەکان لەیەک بەش پێک دێن، زۆربەی ئامێرەکان لە زۆر پارچە پێکدێن. هەروەها زیندەوەران هەندێکیان تاک خانەن و هەندێکی دیکەیان فرە خانەن، لەوانەیە ژمارەی خانەکانیان بگاتە ملیاران خانە.

جیاکەرەوەکانی زیندەوەرە فرەخانەکان

مرۆڤ زیندەوەرێکی فرەخانەیە، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت کە لەشی مرۆڤ لە خانەی زۆر پێکهاتووە، زیندەوەرە فرە خانەکان بە زیادکردنی ژمارەی خانە بچووکەکان گەشە دەکەن، نەوەک بەهۆی گەشەی قەبارەی خانەکانەوە بۆ نموونە فیل لە مرۆڤ گەورەترە بەڵام قەبارەی خانەکانی وەک قەبارەی خانەکانی مرۆڤ وایە، جیاوازی لە نێوان مرۆڤ و فیلدا ئەوەیە ژمارەی خانەکانی فیل زیاترە لە ژمارەی خانەکانی مرۆڤ.

جیاوازی لە فرەخانەكان

هەندێک لە جیاکەرەوەکانی پێکهاتەی فرە خانەیی: 

قەبارەی گەورەتر: زۆر لە زیندەوەرە فرەخانەکان قەبارە بچووکن، بەڵام لە زیندەوەرە تاک خانەکان گەورەترن، زیندەوەرە گەورەکان نابنە نێچیر تەنها بۆ ژمارەیەکی کەم نەبێت لە دڕندەکان، ئەمەش لەگەڵ ئەوەی کە دڕندە گەورەکان ڕاوی کۆمەڵەی جۆراوجۆری گەورەی نێچیرەکان دەکەن.

تەمەن درێژیی: تەمەنی زیندەوەرە فرەخانەکان بەند نییە بە تەمەنی هەر تاک خانەیەکەیەوە.

تایبەتمەندێتی: هەر جۆرە خانەیەک فرمانێکی تایبەت بەجێدەهێنێت، تایبەتمەندێتی لە توانای زیندەوەران بەرز دەکاتەوە، هەر خانەیەکی دڵەماسوولە خانەیەکی تایبەتمەندە، بە کرژبوونی خانەکانی دڵە ماسوولکە وا لە دڵ دەکات کە پاڵ بە خوێنەوە بنێت.

شانە

شانە کۆمەڵە خانەیەکن پێکەوە کاردەکەن بۆ بەجێهێنانی فرمانێکی تایبەت، ئەو ماددانەی لە نێوان خانەکاندان یان دەوریان داون بەشێکن لە هەمان شانە، شانەی دڵە ماسوولکە لە خانەی زۆری دڵە ماسوولکە پێک دێن. ئەم شانەیە یەکێکە لەو شانانەی کە دڵ پێکدەهێنن.

جۆرەكانی شانە

گیانەوەران چوار جۆر شانەی سەرەکییان هەیە، ئەوانیش:

  • دەمارە شانە
  • ماسوولکە شانە
  • بەستەرە شانە
  • ڕووکەشە شانەیە

بەڵام لە رووەکدا سێ جۆر رژێمە شانە هەیە ئەوانیش شانەی گوێزەرەوە و شانی بنچینەی و ڕووپۆشە شانەیە، شانەی گوێزەرەوە ئاو و خۆراکە ماددە لە ڕووەکەکەدا دەگوێزێتەوە بەڵام ڕووپۆشە شانە ڕووەکەکە دادەپۆشێت و دەیپارێزێت لە زیان و ونکردنی ئاو، بەڵام لە شانەی بنچینەدا ڕۆشنە پێکهاتن ڕوودەدات.

ئەندام

ئەندام پێکهاتەیەکە لە دوو شانە یان چەند شانەیەک پێکدێت، پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەنجامدانی فرمانێکی تایبەت، دڵ ئەندامێکە بەشی زۆری لە شانەی دڵە ماسوولکە پێکدێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەمارە شانە و شانەکانی لوولەی خوێنی تێدایە، کە پێکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی وا لە دڵت بکەن کە ببێتە ترومپایەکی بەهێز کە لە ڕاستیشدا وایە. گەدە ئەندامێکی ترە کە چەند جۆرێک شانەی تێدایە، ماسوولکە شانە پاڵ بە خۆراکەوە دەنێت لە گەدەدا، هەندێ شانەی تایبەت هەن ماددەی کیمیایی بەرهەم دەهێنن بەشداری لە هەرسکردنی خۆراکدا دەکەن، بەستەرە شانە بەشەکانی گەدە پێکەوە  دەبەستێت، دەمارە شانەش دەمارە ڕاگەیاندن لە نێوان گەدە و دەماخدا دەگوازێتەوە لە ئەندامەکانی تری لەش ڕیخۆڵە و دەماخ و سییەکان و گورچیلەکانن. 

ڕووەکەکانیش دووبارە شانەیان هەیە کە پێکەوە کاردەکەن لە ئەندامێکدا، گەڵا ئەندامێکی ڕووەکەیە، شانەی تێدایە وزەی ڕۆشنایی دەمژن بۆ بەرهەم ‌هێنانی خۆراک نموونەی دیکە لەسەر ئەندامی ڕووەکی قەد و رەگە.

كۆئەندام

ئەندامەکان بە کۆمەڵ بەیەکەوە کاردەکەن بۆ بەجێهێنانی فرمانێکی دیاریکراو، ئەو کۆمەڵانە ناودەبرێن بە کۆئەندام، هەر کۆئەندامێک فرمانێکی تایبەت لە لەش بە جێ دەهێنێت بۆ نموونە کۆئەندامی هەرس لە چەند ئەندامێک پێکدێت دیارترینیان گەدە و ڕیخۆڵەیە، فرمانێکی کۆئەندامی هەرس هەڵوەشاندنی خۆراکە بۆ تەنۆچکەی زۆر بچووک، هەندێک بەشی دیکەی لەش ئەو تەنۆچکە بچووکانە بەکاردەهێنێت وەک سەرچاوەی وزە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆئەندامی هەرس پشت بە کۆئەندامی هەناسە و کۆئەندامی سوڕان دەبەستێت بۆ دەستکەوتنی ئۆکسجین، کۆئەندامی سوڕان ئەندام و شانەی جۆراوجۆر دەگرێتە خۆ ئەوانیش وەک دڵ و لوولەکانی خوێن.

زیندەوەران

ئەوەی توانای بەجێهێنانی زیندە چالاکییەکانی هەبێت پێیدەڵێن زیندەوەر، ئەو زیندەوەرەی لە خانەیەک پێکدێت پێی دەوترێ زیندەوەرە تاک خانە، زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان و زۆربەی پێشەنگییەکان و هەندێک جۆری کەڕووەکان زیندەوەری تاک خانەن، لەگەڵ ئەوەی  هەندێک لەو زیندەوەرانە بە شێوەی مۆڵگە پێکەوە دەژین، بەڵام هەر تاک خانەن، ئەم زیندەوەرە تاک خانانە بە شێوەی کۆمەڵ پێکەوە دەژین، و خانەکانی ناو کۆمەڵەکە لەیەک دەچن، پێویستە هەر خانەیەک لە کۆمەڵەکەدا سەرجەم ناو کۆمەڵەکە سەرجەم زیندەکردارەکان جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی بمێنێتەوە، بە پێچەوانەی ئەمەوە سادەترین زیندەوەری فرە خانە خانەی تایبەتمەندی تێدایە کە پشت بە یەکدەبەستن لە پێناو مانەوەی زیندەوەرەکەدا.

پێکهاتە و فرمان

پێکهاتەی زیندەوەران بەستراوە بە فرمانەکانیانەوە.

  • پێکهاتە بریتییە لە ڕێکخستنی بەشەکانی زیندەوەر کە ئەمانە دەگرێتەوە شێوەی بەشەکە و ئەو ماددەی کە لێی پێک دێت.
  • فرمان ئەو کارەیە کە بەشەکە جێبەجێی دەکات،

پێکهاتەی سییەکان بە شێوەی توورەگەی ئیسفنجی گەورە دەردەکەوێت، سییەکان ملیۆنان تورەگەی وردی لە خۆگرتووە کە پێیان دەلێن سیکڵدانۆچکە. مولوولەکانی خوێن دەوری سیکڵدانۆچکەکانیان داوە. هەوای ناو سیکڵدانۆچکەکان دەچنە ناو خوێنەوە خوێنیش هەڵدەستێت بە گواستنەوەی ئۆکسجین بۆ شانەکانی لەش، وە لە ناو سیکڵدانۆچکەکان بە شێوەی هەناسەدانەوە دوانە ئۆکسیدی کاربۆن دەردەکرێتە دەرەوە، واتە پێکهاتەی سیکڵدانۆچکەکان و مولوولەکانی خوێن بونەتە هۆی ئەوەی کەوا بەو فرمانە هەڵبستن. هەردووکیان بوونەتە هۆی گەیاندنی ئۆکسجین بۆ لەش و دەرکردنی دوانۆئۆکسیدی کاربۆن.


سەرچاوەکان



2564 بینین