تیۆری ئەدلەر بۆ کەسایەتی

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-10-01:55:00 - کۆدی بابەت: 4350
تیۆری ئەدلەر بۆ کەسایەتی
زانستەکان

تیۆری ئەدلەر

ئەلفرێد ئەدلەر وەک یۆنگ بە یەکێک لە هاوەڵە نزیکەکانی فرۆید دەژمێردرێت، یەکێکە لە زاناکانی شیتەڵکاری دەروونی، بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ یۆنگ وەک یاریدەدەری فرۆید کاری کرد، بەڵام دواتر لە تیۆری فرۆید جیابووەوە و زۆر ڕەخنەی لە بۆچوونەکانی گرت، دەربارەی پاڵنەرە سێکسیەکان و هێزی نەست تیۆرێکی تایبەت بە خۆی دانا، ناوی لێنا (دەروونزانی تاکیی).

گرنگترین بۆچوونەکانی دەربارەی کەسایەتی 

هەستکردن بە کەمیی

ئەدلەر پێی وایە هەستکردن بە کەمی لە دەرئەنجامی پەککەوتنی سروشتی لە سەرەتاکانی ژیان و لەگەڵ کۆبوونەوەی نەخۆشیەکان بنەمایەکن بۆ هەوڵدانی مرۆڤ، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەست بە کەمییەکانی و هەوڵدەدات بۆ سەرکەوتن، ئەم هەوڵدانەی ناونا (شێوازی ژیان) ئەدلەر دەڵێت ئەم هەوڵدانەی تاک بۆ سەرکەوتن حاڵەتێکی سروشتییە ئەگەر هات و لە سنووری ئامانجە کۆمەڵایەتیەکانەوە بوو، بەڵام لە کاتی زیادەڕۆیی لە هەوڵدان و دەرچوون لە ئامانجە کۆمەڵایەتیەکان دەبێتە نەخۆشی دەروونی.

شەڕانگێزی

بە بۆچوونی ئەدلەر (شەڕانگێزی) ڕق هەڵسانی مرۆڤە بەرامبەر بە شکستهێنانی لە تێرکردنی حەز و ئارەزووەکانی، کاتێک کەسەکە ناتوانێت شەڕانگێزیەکەی ئاڕاستەی بابەتی ڕق لێبوونەوە بکات، پەنا دەباتە بەر دەرکردنی ڕق وکینەکانی بۆ خودی خۆی یان بۆ کەسانی تر لەگەڵ ئەوەشدا ئەدلەر شەڕانگێزی مرۆڤ بە هەوڵدان بۆ کامڵبوون و بەدیهێنانی خود دەبەستێتەوە.

پێویستی بۆ خۆشەویستی

لەگەڵ ئەوەی ئەدلەر شەڕانگێزی بە پاڵنەرێکی سروشتی دەژمێرێت بۆ ئەوەی مرۆڤ خودی خۆی بەدیبێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش مرۆڤ پێویستی بە خۆشەویستی و سۆز هەیە بۆ ئەوەی خودی خۆی بەدیبێنێت.

مەبەستداری

ئەدلەر پێی وایە مرۆڤ بەبێ مەبەست هەوڵ دەدات بۆیە دەڵێت (هەموو مرۆڤێک لە هەوڵدانی چەند مەبەستێکی هەیە، لەوانە بەدیهێنانی خودی خۆی بۆ ئەوەی مرۆڤێکی تەواوی لێ دروستبێت واتە بوونەوەرێکی پۆزەتیڤی لێدەرچێت ئەویش لە ڕێگەی هەوڵدانی بەردەوام و داهێنان).

شێوازی ژیان

ئەدلەر ئەم چەمکەی بەکارهێنا بۆ ئەوەی تاکەکانی مرۆڤ لە هەوڵدانی بۆ سەرکەوتن و کارامەیی و تەواوی خودی خۆی بسەلمێنێت.

هۆکارەکانی گەشەی کەسایەتی مرۆڤ

ئەدلەر پێی وایە چەند هۆکارێک هەن کاریگەریان هەیە لەسەر گەشەی کەسایەتی مرۆڤ

  1. هۆکارە بایۆلۆژیەکان لە هەموویان گرنگتر هەستکردنی بە لااوزی لە سەرەتاکانی ژیان، لەەگڵ ڕەمەکی شەڕانگێزی.
  2. ئەزموونە ناخۆشەکانی قۆناغی منداڵی.
  3. ڕووداوەکانی ژیان.
  4. ڕیزبەندی منداڵ لە خێزان.

ئەوەی شایەنی باسە ئەدلەر زۆر گرنگی بە ڕیزبەندی منداڵ دەدات لەناو خێزان، چونکە بە بۆچوونی ئەو شێوازی ژیانی منداڵ دەگۆڕێت بەپێی گۆڕینی ڕیزبەندی لەناو خێزان، بۆ نمونە منداڵی نۆبەرە هەموو گرنگی لەلایەنی خێزانی وەردەگرێت تا ئەو کاتەی منداڵی دووەم دەبێت، وە سەرنجی خێزان بۆ ئەو دەچێت وە گرنگیان بە منداڵی یەکەم کەمتر دەبێت، لەو کاتەدا منداڵی یەکەم هەست بە لەدەستدانی پێگەی خۆی دەکات لەناو خێزان، ئەم هەستە بەهێزتر دەبێت کاتێک منداڵی سێیەم دەبێت. بەڵام منداڵی دووەم هەست بە هەمان ناڕەحەتی ناکات کاتێک کەسێکی تر لەناو خێزان زیاد دەبێت و سەبارەت بە ،منداڵی سێیەم ئەدلەر دەڵێت ئەو منداڵی خۆشبەختدەبێت لەناو خێزان چونکە لە هەموویان بچوکترە و نازێکی بەرچاویان دەبێت. وە ناڕەحەتی منداڵی یەکەم زیاتر دەبێت ئەگەر هاتوو لە منداڵێکی تریش لەدایک ببێت.


سەرچاوەکان



1358 بینین