جۆرەکانی وزەی جێگرەوە

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-05-03:56:00 - کۆدی بابەت: 5168
جۆرەکانی وزەی جێگرەوە
فیزیا

سەرچآوەکانی وزە

زۆربەی وڵاتان پشت بە نەوت و گازی سروشتی دەبەستن وەک سەرچاوەیەکی وزە و پەیداکردنی پێویستییەکانی، بەڵام پشت بەستن بە سووتەمەنی ژێر زەوی بە کێشە دادەنرێت، لەبەر ئەوەی سەرچآوەیەکی سنووردارە، واتە لە کۆتاییدا هەر تەواو دەبێت و تێچووەکەی زۆر زیاد دەکات لەبەر دەگمەنییەکەی، هەروەها دەبێتە هۆی پیسبوونی خاک و ئاو و هەوا، هەروەها گازی گەرم دەردەدات کە دەبێتە هۆی پەنگخواردنەوەی گەرمی، ئێستا لە ئەنجامی ئەمەدا گەڕان بە دوای سەرچاوەی جێگرەوە ئەنجام دەدرێت بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەی پاکتر بۆ سووتەمەنی ژێر زەوی.

ناساندنی وزەی جێگرەوە

وزەی جێگرەوە بریتییە لە جۆرێک لە جۆرەکانی وزەی بەردەوام لە سەرچاوە سروشتییەکانەوە، کە بە جێگرەوەی سووتەمەنی ژێر زەوی دادەنرێت، وەک با و خۆر و باران و گەرمیی ژێر زەوی و شەپۆلەکان، هەروەها ئەم زاراوەیە هاوشێوەیە لەگەڵ وشەی وزەی نوێکراوە، لەگەڵ ئەوەی کە هەندێ جۆر لە وزەی جێگرەوە لەوانەیە نوێکراوە نەبن، وەک وزەی ئەتۆمی، بەڵام هەموو جۆرەکانی وزەی جێگرەوە هاوشێوەن لە بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان بەبێ ئەوەی ببنە هۆی زیان بۆ ژینگە، لەبەر ئەوەی زۆربەی جار جۆرە جیاوازەکانی وزەی جێگرەوەی ئامانجیان چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی پەیوەستە بە سووتەمەنی، وەک پیسبوون و گازەکانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و کێشە ژینگەییە جۆراوجۆرەکانی پەیوەست بە کرداری دەرهێنان.

جۆرەکانی وزەی جێگرەوە

ئەمڕۆ جیهان تووشی لێژییەکی زۆر بووەتەوە سەبارەت بە دەستەبەرکردنی سەرچاوەیەکی جێگرەوە بۆ وزە، ئەمەش دوای دەرکەوتنی چەندان ترس دەربارەی کۆتاییهاتنی سەرچاوە ئاساییەکە و کاریگەرییە خراپەکانی پەیوەستن بە سووتەمەنییەوە، لەبەر ئەوە گەڕان بەدوای سەرچاوەی جێگرەوە هەوڵێکە بۆ مانەوەی ژیان لەسەر زەوی بە شێوەیەکی تەندروست.

وزەی خۆر

وزەی خۆر یاخود ئەو تیشکەی کە لە خۆرەوە دەردەچێت توانای بەرهەمهێنانی گەرمیی یاخود دروستکردنی کارلێکی کیمیایی یان دروستکردنی کارەبای هەیە، هەروەها کۆی ئەو تیشکەی دەگاتە زەوی زۆر زیاترە لەو بڕە وزەیەی کە لە زەویدا پێویستمانە ئەگەر بە شێوەیەکی گونجاو بەکاری بێنین، پێشبینی دەکرێت بەکارهێنانی وزەی خۆر زیاد بکات وەک سەرچاوەیەکی وزە لەبەر ئەو سروشتەی کە هەیەتی، چونکە نە تەواو دەبێت و نە پیسکەریشە، ئەمەش بە تەواوەتی پێچەوانەی سووتەمەنی ژێر زەوییە کە هەم پیسکەرە و هەم سنووردار، بۆیە دەکرێت وزەی خۆر بگۆڕدرێت بە وزەیەکی گەرمی یاخود وزەی کارەبایی، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە سەرەڕای ئەوەی کە وزەی خۆر خۆڕاییە، بەڵام تێچوویەکی زۆری هەیە بۆ کۆکردنەوەی و هەڵگرتنی و ئەمەش خاڵێکی سەختە و ڕێگرە لە بەردەم قۆستنەوەی لە زۆر ناوچەدا.

وزەی با

وزەی با بەکارهێنانی هاتوچۆی هەوایە بۆ جووڵاندنی تۆربینەکان و دەستەبەرکردنی وزەی میکانیکی، کە لە داگیرساندنی مۆلیدە کارەباییەکان دەقۆزرێتەوە یاخود بۆ هەستان بە کارە جۆراوجۆرەکان، وەک هاڕینی دانەوێڵە یاخود هەڵقوڵاندنی ئاو، ئەو هەوایەی بەکار دێت جیاوازی نییە ئەگەر لە وشکانییەوە بێت یان لە ئاوەوە، بای دەریایی بە جێگیرتر و بەهێزتر دادەنرێت لە بای وشکانی، هەروەها کاریگەرییەکی کەمتری هەیە بۆ دیمەنی شوێنەکان، بەڵام کێشەی بەکارهێنانی ئاوی ئەوەیە کە دروستکردن و چاککردنەوەی ئێستگەکانی بەکارهێنانی ئەو وزەیە بەرزە، هەروەها وزەی با لە جۆرەکانی وزەی جێگرەوەی سووتاندنی سووتەمەنی دادەنرێت، هەروەها کاریگەری کەمتری هەیە بۆ سەر ژینگە، لەگەڵ ئەمەشدا بە هەرزان دادەنرێت، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم سیفەتانە وزەی با بە وزە پچڕ پچڕەکان دادەنرێت لەبەر ئەوەی کە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا دێت، لەبەر ئەوە دەبێت باتریی هەڵگرتنی وزە هەبێت و لەو کاتانەی کە جووڵەی هەوا کەمە بەکار بهێنرێت، ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە بەکارهێنانی ئەم جۆرە وزەیە ئاسان نییە.

هایدرۆجین

هایدرۆجین بە سەرچاوەیەکی بەردەستتر دادەنرێت، بەڵام هەمیشە لەگەڵ توخمی دیکەدا تێکەڵە، بۆ نموونە دوو لەسەر سێی بڕی هایدرۆجین لە ئاودایە، بەڵام هەر کە جیامان کردەوە دەکرێت وەک سەرچاوە و سووتەمەنییەک بەکار بێنرێت و بۆ کارپێکردنی ئۆتۆمبێل و سوارییەکان بەکار بێت، لە ساڵی 2015ـدا یەکەم ئۆتۆمبێل کەوتە کار کە بە هایدرۆجین کار بکات لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ژاپۆن، هەروەها جێگرەوەی بەکارهێنانی گازی سروشتییە بۆ خۆ گەرمکردنەوە و بەرهەمهێنانی کارەبا.

وزەی گەرمیی زەوی

دەکرێت وزەی زەوی بەکاربێنرێت بۆ کوڵاندن و دروستکردنی هەڵمی ئاو و پاشان قۆستنەوەی ئەم هەڵمە بۆ بەرهەمهێنانی وزە و کارەبا، کە دابەش دەبێت بەسەر چەندین بواردا، وەک گەرمکردنەوەی ماڵەکان و بەکارهێنانی لە پیشەسازیدا، بەڵام بەکارهێنانی سەرەکی بۆ ئەم جۆرە لە جۆرەکانی وزەی جێگرەوە بریتییە لە نەهێشتنی تێچووی گەرمکردنەوە و ساردکردنەوە لە بینا بازرگانی و ماڵەکاندا، بە جۆرێک سوود لە وزەی گەرمیی زەوی دەبینرێت لە ڕێی هەڵکەندنی حەوزی قووڵ لە ژێر زەوی و لە نزیک ڕووی زەوییەوە.

وزەی دەریا

دەریا جۆری جیاواز لە جۆرەکانی وزەی جێگرەوە دابین دەکات، بۆ نموونە دەکرێت شەپۆلەکان و جووڵەی هەڵکشان و داکشان بەکاربهێنرێت بۆ دروستکردنی کارەبا، هەروەها دەکرێت سوود لە وزەی گەرمیی نێو ئاوی دەریاکان وەربگیرێت و بگۆڕدرێت بە کارەبا، لەگەڵ ئەمانەشدا بەڵام وزەی دەریاکان بە بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایەی کە ئێستا بەردەستە زۆر کارا نییە لە ڕووی تێچووەوە لە کاتی بەراوردکردنی لەگەڵ جۆرەکانی دیکەی وزەی جێگرەوە، بەڵام هێشتا وزەی دەریا بە سەرچاوەیەکی گرنگ دادەنرێت و دەکرێت پشتی پێ ببەسترێت لە داهاتوودا.

تایبەتمەندییەکانی جۆرەکانی وزەی جێگرەوە

مادام وزەی جێگرەوە پشت بە سووتاندنی سووتەمەنی هەڵکەنراو نابەستێت، ئەوا ماددەی پیسکەر بڵاو ناکاتەوە و گازی گەرمکەر فڕێنادات، ئەمەش هەسارەی زەوی دەپارێزێت لە دیاردەی پەنگخواردنەوەی گەرمی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی گشتی، بەم شێوەیەش یارمەتیدەرە لە دەستەبەرکردنی کەشێکی پاکتر و تەندروستتر، هەروەها هەموو جۆرەکانی وزەی جێگرەوە لە هەموو شوێنێکی جیهاندا هەن و بەردەوام نوێبوونەوەیان بەسەردێت، لەبەر ئەوە هەرگیز ناکرێت کۆتایی بێنن، سەبارەت بە تێچووی ئەم جۆرە وزەیە، ئەوا بەردەوام لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاشدا ئەمیش تێچووی کەم دەبێتەوە، هەروەها هەر کە لە دروستکردن و دانانی تەواو بوویت، ئەوا بە شێوەیەکی گشتی تێچووی بەردەوامی پێدان و چآککردنەوەی کەمە، لەبەر ئەوەش کە پێویستی بە کەسی شارەزا و ڕاهێنراو هەیە بۆ ئەنجامدانی کاری چآککردنەوەکان، بۆیە هەلی کار زیاد دەکات و کارپێدانی زیاتر دەبێت لەو کارگانەی کار لەسەر سووتەمەنی ژێر زەوی دەکەن.

لایەنە خراپەکانی وزە جێگرەوەکان

لە گرنگترین ئەو کێشانەی کە وزەی جێگرەوە هەیەتی بریتییە لە تێچووی زۆر، بە جۆرێک تێچووی دروستکردنی وێستگەیەکی وزەی نوێکراوە زۆر بەرزە و پێویستی بە پلاندانانی پێشوەختە و وردی لە کاردا هەیە، بۆ نموونە بۆ سوود وەرگرتن لە وزەی ئاو پێویستە سەرمایەیەکی سەرەتایی هەبێت و تێچووی زۆریشی هەیە بۆ چاککردنەوە، بەڵام سەبارەت بە وزەی خۆر و وزەی با ئەوا پێویستی بە ڕووبەری فراوانی زەوی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی بڕێک لە وزە کە یەکسان بێت بەو وزەیەی کە سووتەمەنی دابینی دەکات، بەڵام خراپەی دووەم ئەوەیە کە پەیوەستە بە کەشەوە، بۆ نموونە، تۆربینەکانی هەوا کار ناکەن هەتا جووڵەی هەوا بە خێراییەکی پێویست بوونی نەبێت، هەروەها پلاتفۆرمەکانی بەرهەمهێنان لە خۆرەوە بە شەودا کار ناکەن و کاراییان لە کاتی هەوردا کەم دەبێتەوە.


سەرچاوەکان



1015 بینین