دروستکردنی فیلم بە مۆبایل
ئەمڕۆ لەگەڵ مۆبایلە زیرەکەکاندا دەتوانین کارەکانمان ئاسانتر بکەین کە تەنانەت توانیویەتی پەل بکێشێت بۆ دروستکردنی کارە گەورەکانیش، پێشتر بۆ وێنەگرتن کامێرایەک پێویست دەبوو و ئەگەر بۆ تۆمارکردنی ڤیدیۆیەکیش بوایە هەربەوشێوەیە، بەڵام ئێستا هەمووان بە شێوەیەک لە شێوەکان کامێرایەک لەنێو گیرفانەکانیاندا هەیە، و ئەوەی دەیانەوێت بە ڕێژەیەكی باش ئەنجامی دەدەن.
دروستکردنی فیلم بە مۆبایل و پێداویستییە سەرەکییەکان
ڕووناکی باش بۆ کاری وێنەگرتنەکە
ڕووناکی یەکێکە لە هەرە گرنگترین پێویستییەکان لەکاری دروستکردنی فیلمدا، هەروەها لەبەرئەوەی کە مۆبایل لێنزی بچووکتر و هەستەوەری وێنەگرتنی بچووکتری هەیە دەبێت هەوڵێکی زۆر بدرێت بۆ فەراهەمکردنی ڕووناکییەک کە جێگای ئەو لێنزە بچووک و دەرچە بچووکانە بگرێتەوە، ئەم کارە یارمەتیدەر دەبێت تاوەکو لە شوێن و سێبەری ناپێویست خۆمان بەدوور بگرین لەتۆمارکردنەکەدا.
لەگەڵ ئەوەدا دەبێت زۆر ئاگاداربن خودی مۆبایلەکە نابێت لەناو ڕووناکییەکی زۆردا بێت چونکە کاردەکاتە سەر لێنز و تێکی دەدات و وادەکات فلاش و هەستەوەرەکانی مۆبایل بێسوود ببن، دەبێت ڕووناکییەکی جێگیر بێت چونکە مۆبایل وەک کامێراکان بەخێرایی خۆی ناگونجێنێت لەگەڵ گۆڕانی ڕووناکی لەبەرئەوەی کاری سەرەکی تۆمارکردنی ڤیدیۆ نییە.
جێگیرکردنی مۆبایل
ئەگەر بتانەوێت لەکاتی تۆمارکردن دووربن لە لەرینەوە و تێکچوون و بەرزونزمی بەدڵنیاییەوە دەبێت سوود لە ڕاگرێک بکەن کە ئەوەش کارێکی دوور و درێژە و بە کەسێک ناکرێت بەبێ کەرەستە، بۆیە دەتوانن سوود لە (ڕاگرەکان، سێ پایەکان، قەفەسەکانی کامێرا) وەربگرن، کە وادەکات مۆبایلەکە لە جوڵەی زۆر بپارێزێت.
بەڵام ئەگەر تێچوویەکی کەمت هەبوو و کە بەدڵنیاییەوە ئەم نووسینە بۆ نەبوونی ماددیات دەگەڕێتەوە گەرنا بە کامێرا کاردەکرا، بۆیە لەنەبوونی سێ پایە و ڕاگری کامێرا، دەتوانین سوود لە کورسی و مێز و ڕەفەی جێگر وەربگرین بۆ وێنەگرتنێکی جێگیر.
دەنگ
ڤیدیۆیەکی زۆر باش لەگەڵ دەنگێکی لاواز شتێکی زۆر ناپەسەندە، مەگەر ئەوەی بمانەوێ دەنگەکە بگۆڕین و شتێکی دیکەی لەگەڵ دابنێین وەک گۆرانی یان دەنگێکی ئامادەکراو، بەڵام بەداخەوە مایکرۆفۆنی مۆبایل (زۆربەیان) لاوازن و بۆ کاری گەورە بەکەڵک نایەن، چونکە لە فیلمدا دەبێت هەستەوەری دەنگ زۆر زیاتر وەربگرێت لەوەی مۆبایل وەریدەگرێت و دەبێت بینەر بەتەواوی بزانێت چ دەنگێک دەبیستێت نەک هەمووی پێکەوە تێکەڵ ببێت.
بۆیە دەبێت سوود لە بەشێکی دەرەکی وەربگرین کە توانای وەرگرتنی دەنگی زۆر گەورەتربێت لەوەی مۆبایل هەیەتی و دواتر بە بەرنامەکانی مۆنتاژ یان هەر هەرشێوەیەک کە وێنەگر پێی باشە ڕێکبخرێت.
کەرەستەکان بۆ تۆمارکردنی فیلم
DJI OSMO MOBILE 2
وەک ئامێرێکی سادە دێتە بەرچاو، بەڵام یەکێکە لە باشترینەکان بۆ ئەوەی هەر لەرینەوەیەک و جوڵەیەکی لەناکاوی ناپێویست لەناوببات و ڤیدیۆیەکی بەبێ خەوش و لەرینەوەت پێشکەش بکات، لەوەش زیاتر دوگمەکانی دەستکەکەیەتی کە ڕێگات پێدەدات هەندێک کار لەسەر تۆمارکردنی ڤیدیۆکە بکەیت وەک (زوومکردن و گۆڕانکارییەکانی ڕووناکی)، دوای وێنەگرتنەکانیش بەرنامەی DJL ـیشت پێشکەش دەکات بۆ کارکردن لەسەر ئەو ڤیدیۆیەی تۆمارتکردووە.
OLLOCLIP FILMERS KIT
یەکێک لە کێشە گەورەکانی تۆمارکردنی فیلم بە مۆبایل نەبوونی توانای دەستکاریکردنی لێنز و گۆڕینیەتی لەکاتی وێنەگرتن، ئۆلۆکلیپ ڕێگاچارەیەکی بۆ ئەوە دۆزیوەتەوە، کە وەک جانتایەکە و لێنزی (Super Wide) و لێنزی (Ultra Wide) و لێنزی (ماکرۆ) و (چاوی ماسی) لەخۆی دەگرێت.
کە ئەگەر وێنەگرێکی زۆرباش هەبێت دەتوانێت لەگەڵ ئەوانەدا کارێکی زۆر باش بکات.
STEADICAM VOLT
ستاندێکی نایابە و تازەترین مۆدێلی لە کوالێتیدا لەپێش DJL ـەوەیە، ئەم ستاندە سێ لایە زۆر خێراتر وەڵامی لەرینەوە و جوڵەی لەناکاو دەداتەوە و بەتایبەت لەکاتی ڕاکردن و بازدان ناهێڵێت وێنەگرتن تێکبچێت و بگۆڕێت، هەروەها ئەمیش وەک DJL بەرنامەی تایبەت بەخۆی هەیە کە یارمەتی لە دەستکاریکردنی ڤیدیۆکەدا هەیە.
MANFROTTO TWISTGRIP
پایەیەکی بچووکە کە لەسەر ستاندەکانی کامێرای گەورە دادەنرێت و ڕێگادەدات ستاندی کامێرا بەکاربهێنرێت بۆ مۆبایل و وەک گەیەنرێک کاردەکات.
زیاتر بۆ ئەو کەسانەیە کە ستاندێکی ئامادەیان هەیە و یان پێشتر کاری فیلمیان کردووە و دەیانەوێ مۆبایل تاقیبکەنەوە.
GNARBOX 2
بەدڵنیاییەوە بۆ وێنەگرتن پێویستمان بە هاردێک دەبێت، GNARBOX 2 هاردێکی دەرەکییە کە ناهێڵێت فشارێکی زۆر لەسەر مۆبایلەکەت هەبێت و ئەو هەموو تۆمارەکانت هەڵدەگرێت چونکە هەر کاتژمێرێک بە کوالێتی 4k قەبارەکەی ٢٥ گێگابایتە و ئەمەش بۆ مۆبایل کەمێک قورسە مەگەر ئەوەی هیچ هیچی تێدا نەبێت جیا لەو تۆمارانەی کە بەجیا دەگیرێن و دواتر لە مۆنتاژ چاکدەکرێن.
ROAD VIDEO MICRO
تۆمارکەرێکی دەنگی بەدڵنیاییەوە پێویستە بوونی هەبێت، چونکە مۆبایل وەک باسکرا ئەو توانایەی نییە، ئەم مایکرۆفۆنە بەبێ باتری کاردەکات و تەنیا بە بەستنی بە مۆبایلەکەتەوە کارێکی بێ خەوشت بۆ ئەنجامدەدات.
سەرچاوەکان
357 بینین