سزای وازهێنان لە نوێژی بە کۆمەڵ لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-27-09:00:00 - کۆدی بابەت: 4914
سزای وازهێنان لە نوێژی بە کۆمەڵ لە ئیسلامدا
حوکمە شەرعییەکان

سزای وازهێنان لە نوێژی بە کۆمەڵ لەگەڵ بوونی توانادا

خوای گەورە دەفەرمووێت: (يَوْمَ يُكْشَفُ عَن سَاقٍ وَيُدْعَوْنَ إِلَى السُّجُودِ فَلَا يَسْتَطِيعُونَ (42)خَاشِعَةً أَبْصَارُهُمْ تَرْهَقُهُمْ ذِلَّةٌ ۖ وَقَدْ كَانُوا يُدْعَوْنَ إِلَى السُّجُودِ وَهُمْ سَالِمُونَ (43)) واتە: ڕۆژێک دێت پەردە لەسەر هەموو شتێک لادەبرێت و لاق دەردەکەوێت، خوا نەناسەکان بانگ دەکرێن بۆ سوژدە بردن، بەڵام ناتوانن. ئەوانە ئەو ڕۆژە چاویان شۆڕە و زەلیل و خەجاڵەتی بە تەواوی دایان دەگرێت، چونکە کاتی خۆی بانگ ئەکران بۆ نوێژ کردن سوژدە بردن لە کاتێکدا لەو پەڕی تەندروستی و سەربەستیدا بوون (بەڵام گاڵتەیان پێ دەهات). (سعید بن المسیب) دەڵێت: مەبەست لەو دەقەیە ئەوەیە: ئەو کۆمەڵە کاتێک کە گوێیان لە (حی علی الصلاة، حی علی الفلاح) دەبوو نەدەچوون بەدەم بانگەوە، لە کاتێکدا لەشیان ساغ و سەلامەت بوو، چی هەڕەشەیەک لەمە بەهێزترە بۆ کەسێک کە نوێژی بە کۆمەڵ واز لێ بهێنێت لەگەڵ ئەوەدا کات و توانای هاتنی هەبێت.

پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (ولقد هممت أن آمر بالصلاة فتقام ثم آمر رجلا فیصلي بالناس ثم انطلق معي برجال معهم حزم من حطب إلی قوم یشهدون الصلاة فأحرق علیهم بیوتهم بالنار)، واتە: لە خوولیامدا بوو فەرمان بکەم بە دابەستنی نوێژ، پاشان فەرمان بکەم بە کەسێک پێش نوێژی بکات، ئینجا لەگەڵ چەند پیاوێکدا بڕۆین بە چارۆکە دارەوە بۆ لای ئەو کەسانە کە ئامادەی نوێژی بە کۆمەڵ نابن، ماڵەکانیان بسووتێنین بەسەریاندا (کە نایەن بۆ مزگەوت)، هەڕەشە ناکات بە سووتاندنی ماڵی هیچ کەسێک ئیللا لەسەر وازهێنان لە ئەرکێک نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە ماڵەکاندا منداڵ و خێزان و کەلوپەلی تێدایە.

لە (صەحیحی) موسلیمدا هاتووە، پیاوێکی کوێر هاتە خزمەت پێغەمبەر ﷺ وتی: ئەی پێغەمبەری خوا ﷺ کەسێک نییە من بهێنێت بۆ مزگەوت، داوای لە پێغەمبەر ﷺ کرد کە ڕێگەی پێ بدات لە ماڵەکەیدا نوێژ بکات، ئەویش ڕێگەی پێدا، بەڵام کاتێ کە پشتی تێکرد و ڕۆیشت، بانگی کرد و فەرمووی: (هل تسمع النداء) واتە: ئایا گوێت لە بانگ دەبێت؟ وتی: بەڵێ، فەرمووی: (فأجاب)، واتە وەڵامی بانگ بدەرەوە.

ئەمە پیاوێکی کوێر بوو پرسیاری ئەوەی کرد لە ناڕەحەتی هاتنیدا بۆ مزگەوت، لەگەڵ ئەوەشدا پێغەمبەر ﷺ ڕێگەی پێ نەدا لە ماڵەکەیدا نوێژ ئەنجام بدات، چ جا بۆ کەسێک کە تەندروستە و چاوی ساغە و هیچ بیانوویەکی نییە.

(الربیع بن خثیم) بەهۆی نەخۆشییەوە بەشێک لە جەستەی لە کارکەوت، کاتێک کە دەچوو بۆ نوێژ دوو کەس دەچوونە ژێر باڵی، پێی وترا: باوکی محمد، خۆتۆ ڕێگەت پێدراوە کە لە ماڵدا نوێژ بکەیت چونکە بیانووت هەیە (عذر)، ئەویش وتی: ئێوە بۆ خۆتان دەڵێن، بەڵکو من گوێم لە بانگدەرە دەڵێت: (حي علی الصلاة، حي علی الفلاح) جا هەر کەسێک پێی دەکرێ و دەتوانێ وەڵامی بداتەوە، تەنانەت ئەگەر بە خشان یان لەسەر سک بێت با بڕوات ئەنجامی بدات.

(حاتم الاصم) دەڵێت جارێک نوێژێکی بە کۆمەڵم لە دەست چوو (أبو أسحاق البخاری) هات بۆ لام و سەرەخۆشی لێکردم، بەڵام ئەگەر منداڵێکم بمردایە ئەوا دە هەزار کەس دەهاتن بۆ سەرەخۆشی کردن، لەبەر ئەوەی بەڵا و مووسیبەتی دین لای خەڵک ئاسانترە لە بەڵا و موسیبەتی دنیا.


سەرچاوەکان



229 بینین