باسی سوێندواردنی کوشتن (قسامة)
واتە: سوێندخواردنی میراتگرەکانی کوژراوەکە و، ئاشکراکردنی کوشتن.
هەرکاتێک هەبوو لەگەڵ داواکردنی کوشتنێک نیشانەیەک هەبوو، واتە: ئەگەر کەسێک بڵێ: فڵانکەس کوڕی منی کوشتووە، نیشانەیەکی وەهای هەبوو کە بەو نیشانەیە ئەهاتە ناو دڵ کە داواکارەکە ڕاست ئەکا، وەک کوژراوەکە لەبەر دەرگای ماڵی دوژمنەکانی لاشەی کەوتبێ، یان کۆمەڵێک پەرت ببن و لاشەی کوژراوێک بەجێ بهێڵن، یان خەڵکی بڵێ: فڵانکەس کوشتوویەتی و شاهیدیش نەبێ، یان هەر یەک شاهید هەبێ، ئەوانە گشتی نیشانەی ڕاستینە.
داواکارەکە سوێند ئەخوا لەسەر داوایەکەی خۆی پەنجا سوێند، لە سوێندەکاندا ئەڵێ: فڵانکەس کوشتوویەتی ئینجا کە میراتگر سوێندەکانی تەواو خواردن، تەنها مافی خوێنوەرگرتنی هەیە، خوێنەکەیش لەسەر تاوانکارەکەیە ئەگەر کوشتنی بە قەسدی بێ، ئەگەر نا لەسەر خزمەکانیەتی.
ئەگەر کوژراوەکە لە یەک میراتگر زیاتری هەبوو، ئەو پەنجا سوێندە بە سەریاندا بەش ئەکرێ بەگوێرەی میرات، جا ئەگەر یەکێکیان بەشە سوێندەکەی خۆی نەخوارد، یان منداڵ بوو، یان لە ماڵەوە نەبوو، ئەوی تر پەنجا سوێندەکە ئەخوا و -تەنها- بەشە خوێنەکەی خۆی بۆ خۆی وەرئەگرێ.
لە مەزهەبی ئیمام (مالك)ـدا: ئەگەر کوژراوەکە پێش مردنی بڵێ: فڵانکەس منی کوشت، ئەمەش ئەبێتە نیشانەی ڕاستی.
مافی کوشتن لە تۆڵە ئاشکرا ئەبێ یان بە شاهیدیی دوو پیاوی دادپەروەر، یان بە دانپێداهێنانی تاوانکارەکە، بەڵام مافی خوێن وەرگرتن بەم دووانە ئاشکرا ئەبێ و هەم بە شاهیدی پیاوێک و دوو ئافرەت، یان بە شاهیدیی پیاوێک و پەنجا سوێند ئاشکرا ئەبێ.
ئەگەر هیچ نیشانەیەکی ڕاستی نەبوو، بەڵام میراتگرەکان گوتیان: فڵانکەس کوشتوویەتی ئەم پەنجا سوێندە لەسەر داوالێکراوەکەیە، واتە: پەنجا سوێند ئەخوا و ئەڵێ: من نەمکوشتووە. ئینجا کە پەنجا سوێندی خوارد، ئەبێ وازی لێبێنن (عن سهل بن حثمة -رضي الله عنه-: أن عبدالله بن سهل قتل فی خبیر، فقال الیهود: والله ما قتلناه. فقال النبی ﷺ لأقاربة: یقسم خمسون منکم؟ قالوا: لا. قال: فتبرئکم یهود بأیمان خمسین منهم؟ قالوا: قوم کفار. فوداه النبی ﷺ من قبله) رواه الشیخان، یەکیک لە سەحابەکان کە ناوی (عبدالله) بوو، لە (خیبر)ـدا کوژرا و ، جولەکەکان گوتیان: ئێمە نەمانکوشتووە. ئینجا پێغەمبەر ﷺ بە خزمەکانی کوژراوەکەی فەرموو: ئایا پەنجا سوێند ئەخۆن بۆ ئەوەی خوینی وەربگرن؟ گوتیان: ئەوان کافرن بە سوێندی ئەوان باوەڕ ناکەین. ئینجا پێغەمبەر ﷺ لە لای خۆیەوە خوێنەکەی دا، بۆ ئەوەی کێشەکە ببڕێتەوە و خوێنی بە فیڕۆ نەچێ.