پێناسەی ڕێگر
ئەم یاسایانە بۆ كاتێكە دەوڵەت ئیسلامی بێت و یاسا و دەستووری ئیسلامی پەیڕەو بكرێت
ڕێگر ئەوەیە موسوڵمانێک یان زیاتر هێرش بکاتە سەر گیان یان نامووس یان ماڵی خەڵک و بیخاتە مەترسی جا لە شوێنێکی چۆڵ یان لە ئاوەدانی بە چەکەوە یان بە بێ چەک هێرش بکەنە سەر خەڵک و خەڵکەکەش توانای ئەوانیان نەبێ یان بچنە ماڵێک و ڕێگا نەدەن دانیشتووەکانی ماڵەکە هاوار بکەن یان لە ڕێگەدا ماڵ لە ڕێبواران بستێنن ئەوانە گشتیان ڕێگرن.
بەشەکانی ڕێگر
- ئەگەر کەسێکیان کوشتبوو هیچ ماڵیشیان نەبردبوو واجبە بکوژرێن.
- ئەگەر کەسێکیان کوشتبوو وە ماڵیشیان بردبوو واجبە بکوژرێن وە لە دوای کوشتن ئەبێ لاشەکەیان بۆ ماوەی سێ ڕۆژان هەڵبواسرێ لە شوێنێکی وەها کە خەڵک بیانبینێ هەر کەسێک لە کاتی بەرگریکردن ڕیگرێک بکوژێ نە تۆڵە و نە کەففارەتی لەسەر نییە جا بزانە ئەبێ لە دوای کوشتن ڕێگرەکان بشۆرێن و کفن بکرێن نوێژیان لەسەر بکرێ ئینجا هەڵئەواسرێن.
- ئەگەر ماڵیان لە خەڵکی سەند نرخی ماڵەکەیش ئەگەشتە چوار میسقاڵێکی زێڕ بەڵام کەسیان نەکوشت ئەوە دەستیان ئەبڕدرێ وە قاچیشیان ئەبڕدرێ لە ڕاستە و چەپە، واتە دەستی ڕاستە و قاچی چەپەیان بە یەکەوە ئەبڕدرێ لێرەشدا وەکو ماڵی دزراو مەرجە ئەبێ خاوەن ماڵەکە داوای ماڵەکەی بکا کە هی ئەوە، ئینجا سزایان لێ وەئەگیرێ.
- ئەگەر ڕێگەیان خستبووە مەترسی وە ماڵیان لە هیچ کەسێک نەستاندبوو وە هیچ کەسێکیان نەکوشتبوو، ئەبێ بخرێنە بەندینخانە وە ئەبێ تەمبێ بکرێن بە لێدان، خوای گەورە فەرموویەتی (إِنَّمَا جَزَاءُ الَّذِينَ يُحَارِبُونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَيَسْعَوْنَ فِي الْأَرْضِ فَسَادًا أَن يُقَتَّلُوا أَوْ يُصَلَّبُوا أَوْ تُقَطَّعَ أَيْدِيهِمْ وَأَرْجُلُهُم مِّنْ خِلَافٍ أَوْ يُنفَوْا مِنَ الْأَرْضِ ۚ ذَٰلِكَ لَهُمْ خِزْيٌ فِي الدُّنْيَا ۖ وَلَهُمْ فِي الْآخِرَةِ عَذَابٌ عَظِيمٌ) سزای ئەو کەسانەی جەنگ لەگەڵ خوا و پێغەمبەری خوا ئەکەن و هەوڵی وێرانکاری ئەدەن هەر ئەوەیە بکوژرێن یان لەسێدارە بدرێن یان دەست و قاچیان لە ڕاستە و چەپە ببڕدرێن یان بخرێنە بەندینخانە ئەو سزایە سەرشۆڕییە بۆ ئەوان لە دونیادا وە لە ڕۆژی دواییدا سزایەکی گەورە ئەدرێن ئەگەر خوا حەز بکا.
تۆبەکردنی ڕێگر
هەر کەسێک لە ڕیگرەکان تۆبە بکا پێش ئەوەی بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی موسوڵمانان ئەو کوشتن و دەست بڕینەی مافی خوایە لەسەری لائەچێ، بەڵام مافی ئادەمیزادانی لێ وەرئەگیرێتەوە وەکو کوشتنی لە تۆڵەی ئەو کەسانەی کوشتوونی و دانەوەی ئەو ماڵەی بردوویەتی، خوای گەورە ئەفەرمووی (إِلَّا الَّذِينَ تَابُوا مِن قَبْلِ أَن تَقْدِرُوا عَلَيْهِمْ ۖ فَاعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَّحِيمٌ) بەڵام ئەوانەی تۆبە ئەکەن پێش ئەوەی دەستەڵاتتان بکەوێتە سەریان، بزانن خوا لە مافی خۆی خۆش ئەبێ و ڕەحم ئەکا.