(سني) و (بدعي)
ئافرەتان لە تەڵاقداندا دوو بەشن:
- بەشێکیان تەڵاقدانیان پێی ئەگوترێ سوننی، واتە: گوناهـ نییە.
- یان پێی ئەگوترێ بیدعی، واتە: گوناهە، ئەو جۆرە ئافرەتانە ئەوانەن کە حەیز ئەبینن و جیماعیان لەگەڵ کراوە.
ئینجا تەڵاقەی سوننی واتە ئەو تەڵاقەی دروستە، ئەوەیە تەڵاقی بدا لە کاتی پاکبوونەوەی لە حەیز، وە جیماعی لەگەڵ نەکردبێ لە کاتی ئەو پاکبوونەوەیەدا، خوای گەورە فەرموویەتی: (إِذَا طَلَّقْتُمُ النِّسَاءَ فَطَلِّقُوهُنَّ لِعِدَّتِهِنَّ) هەر کاتێک ژنتان تەڵاق دان، لەو کاتە تەڵاقیان بدەن کە دەست بە (عدة) ئەکەن. واتە: لە کاتی پاکبوونەوەیان لە حەیز، تەڵاقیان بدەن.
تەڵاقی بیدعی
تەڵاقی بیدعی، واتە: ئەو تەڵاقانەی گوناهە، دوو جۆرە:
یەکەم: ئەوەیە تەڵاقی بدا لەو کاتەی ئافرەتەکە لە حەیزدایە، چونکە (عدة)ـی درێژ دەبێتەوە.
دووەم: ئەوەیە تەڵاقی بدا، لەو پاکبوونەوەیەدا جیماعی لەگەڵ کردبێ، نەوەک ئاوس بێ و پەشیمان ببێتەوە. ئەو دوو جۆرە تەڵاقدانە گوناهە، بەڵام تەڵاقەکە ئەکەوێ (عن ابن عمر -رضي الله عنهما-: أنه طلق إمتأة وهي حائض، فقال النبی ﷺ لعمر: مره فلیراجعها ثم لیمسکها حتی تطهر ثم تحیض ثم تطهر، ثم إنشاء أمسك بعد، وإن شاء طلق قبل أن یمس، فتلك العدة التی أمر الله أن تطلق لها النساء) رواه الشیخان، (عبدالله)ـی کوڕی ئیمامی (عمر) -خوا لێیان ڕازی بێ- ژنی خۆی تەڵاقدا لەو کاتەی لە حەیزدا بوو، ئینجا پێغەمبەر ﷺ بە ئیمامی (عمر)ـی فەرموو: پێی بڵێ با تەڵاقەکەی چاک بکاتەوە -واتە: ژنەکەی بگەڕێنێتەوە ژێر نیکاحی خۆی- ئینجا ڕای بگرێ تا لە حەیز پاک ئەبێتەوە، ئینجا جارێکی تریش ئەکەوێتە حەیز و دیسان پاک ئەبێتەوە، جا ئەگەر ویستی با هەر لەلای بمێنێتەوە، یان ئەگەر ویستی با تەڵاقی بدا پێش ئەوەی جیماعی لەگەڵ بکاتەوە، ئەوە ئەو شێوەیەیە کە خوا فەرمانی داوە ژنی تێدا تەڵاق بدرێن.
ئەوانەی نە بیدعین نە سوننین
بەشە ئافرەتێکی تر هەیە تەڵاقیان سوننی نییە و، بیدعیش نییە، ئەو بەشە چوار ئافرەتن:
یەکەم: ئافرەتی بچووکە، واتە: هێشتا حەیزی نەدیتبێ.
دووەم: ئافرەتی پیرە، واتە: حەیزی نەمابێ. چونکە ئەو دووانە (عدة)ـیان بە سێ مانگ تەواو ئەبێ.
سێیەم: ئافرەتی دووگیانە، چونکە (عدة)ـی بە منداڵ بوون تەواو ئەبێ.
چوارەم: ئەو ئافرەتەیە کە خولعی لەگەڵ کراوە و جیماعیشی لەگەڵ نەکراوە، چونکە (عدة)ـی لەسەر نییە، کەوابوو: تەڵاقدانی ئەو ئافرەتەش کە هێشتا جیماعی لەگەڵ نەکردووە، نە سوننییە و نە بیدعییە، چونکە (عدة)ـی لەسەر نییە.