تەڵاق کڕینەوە - خلع

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-11-01:43:00 - کۆدی بابەت: 4386
تەڵاق کڕینەوە - خلع
حوکمە شەرعییەکان

باسی تەڵاق کڕینەوە - خلع

واتە کڕینەوەی تەڵاق لە مێردەکە، وەک ژنەکە بڵێت بە مێردەکەی ئەو شتەت ئەدەمێ تەڵاقم بدە. ئەویش تەڵاقی بدا و شتەکەی وەربگرێ خولع واتە کڕینەوەی تەڵاق دروستە بە وەرگرتنی شتێکی زاندراو، خوای گەورە فەرموویەتی: (فَإِنْ خِفْتُمْ أَلَّا يُقِيمَا حُدُودَ اللَّهِ فَلَا جُنَاحَ عَلَيْهِمَا فِيمَا افْتَدَتْ بِهِ) ئەگەر ترسان لەوەی ژن و مێرد سنووری خوا نەپارێزن لەگەڵ یەکتری، هیچ گوناهیان ناگاتێ کە ژنەکە تەڵاقی خۆی بکڕێتەوە.

بەم تەڵاق کڕینە ژنەکە ئەبێتە خاوەنی خۆی واتە: هەر کاتێک (عدة)ـی تەواو بوو، ئەتوانێ شوو بە پیاوێکی تر بکا، مێردەکەی خۆی ناتوانێ بیگەڕێنێتەوە ژێر مارەیی خۆی تەنها بە مارەبڕینێکی نوێ نەبێ، واتە وەک جاری یەکەم بە (ولی) و (دوو شاهید) مارەی ببڕێ و مارەییەکی تری بۆ دابنێ، وە بەو مەرجەش ژنەکە ڕازی ببێ.

دروستە ژنەکە بە مارەیی خۆی تەڵاقەکە بکڕێتەوە، جا بۆ ئەوەی تەڵاقەکە بکەوێ و گەردەنی مێردەکەش ئازاد ببێ، پێویستە هەردوو لایان تەواو بن و بزانن مارەییەکە چییە و چەندە، وە زەکاتیشی تێدا واجب نەبووبێ، وە هەر لەو دایشتنەیشدا گەردەنی مێردەکەی ئازاد بکا، واتە مێردەکە بڵێ (وا تەڵاقم دای بە گەردەن ئازادکردنم لە مارەییەکەت). ژنەکەش بڵێ (وا گەردەنم ئازاد کردی لە ئەوەندە مارەییەکەم).

(عن ابن عباس -رضي الله عنهما-: أن النبی ﷺ قال لامرأة ثابت بن قیس: أتردین علیه حدیقته؟ قالت: نعم. فقال ﷺ لثابت: إقبل الحدیقة وطلقها تطلیقة) رواه البخاری، پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی ژنی (سابیت) ئەگەر (سابیت) تەڵاقت بدا، ئەو باغە بە مارەیی لێت وەرگرتووە ئەیدەیەوە؟ وتی: بەڵێ جا پێغەمبەر ﷺ فەرمووی ئەی (سابیت) باغەکەی لێ وەربگرە و تەڵاقێکی بدە.

خولع (تەڵاق کڕینەوە) دروستە لە کاتی خاوێنیدا وە لە کاتی حەیزدا، ناگاتە ئەو ژنەی تەڵاقی کڕاوەتەوە هیچ جۆرە تەڵاقێک، واتە ئەو ژنەی لە بەرامبەر وەرگرتنی شتێک تەڵاق دراوە جگە لەو تەڵاقە هیچ تەڵاقێکی تری ناکەوێ، چونکە بەو تەڵاقە بووەتە بێگانە، هەرچەندە (عدة)ـشی تەواو نەبووبێ.

دروستە کەسێکی تر بەبێ ئیزنی ژنەکە تەڵاقەکەی لە مێردەکەی بکڕێتەوە، جا ژنەکە سەربەخۆ بێ، ئەو کەسەیش هیچ دەسەڵاتی بەسەردا نییە و ناشتوانێ پارەکەی لێ وەربگرێتەوە، بەڵام ئەگەر ژنەکە کردبوویە وەکیلی خۆی، بەمە تەنها مافی پارە وەرگرتنەوەی هەیە.


سەرچاوەکان



601 بینین