باسی (ولی) و شاهید لە مارەبڕیندا
دروست نییە مارەبڕین بەبێ بوونی (ولی) و ئامادەبوونی دوو شاهیدی دادپەروەر (عن عائشة -رضي الله عنها-: عن النبی ﷺ: لا نکاح إلا بولی وشاهد عدل) رواه أحمد وابن حبان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی هیچ مارەبڕینێک دروست نییە تەنها بە (ولی) و دوو شاهیدی دادپەروەر نەبێ، لە مەزهەبی یمامی (حنفي)ـدا ئەگەر ئافرەت بلوغی بوو و عاقڵ بوو، سەربەخۆیە و بۆی دروستە هەر بە خۆی لە لای دوو شاهید خۆی لە پیاوێک مارە بکا، هەم بۆی دروستە یەکێکی تر بکاتە وەکیل تاکو لە پیاوێک مارەی بکا، وە لەو دوو مەسەلەیەدا جیاوازی کچ و بێوەژن نییە.
مەرجەکانی بوونە شاهید و (ولی)
- موسوڵمان بن، واتە کافر نابێتە شاهید و نابێ ژنیش لە یەکێکی تر مارە بکا.
- بلوغیان بووبێ.
- عاقڵ بن، واتە منداڵ و شێت نابنە دوو شاهید و ناتوانن ژنیش مارە بکەن نە لە خۆیان و نە لە کەسێکی تر، هەروەها ئەو کەسەی لەبەر پیری هۆشی تێکچووە، نابێ ژن مارە ببڕێ.
- ئازاد بێ، واتە کۆیلە نابێتە شاهید و نابیتە (ولی)ـی ژنەکە.
- نێرینە بن، واتە ئافرەت نابێتە شاهیدی مارەبڕین و ناشتوانێ مارەی ژن ببڕێ.
- دادپەروەر بن، واتە گوناهی گەورەیان نەبێ و سوور نەبن لەسەر گوناهی بچووک و خوو ڕەوشتی نالەباریان نەبێ، کەوابوو (فاسق) نابێتە شاهید و نابێ مارەی ژنیش ببڕێ.
بەڵام ئەو جیاوازییە هەیە پێویست نییە بۆ مارەبڕینی ئافرەتی کافری ژێر پەیمان کە (ولی)ـیەکەی موسوڵمان بێ، هەروەها پێویست نییە بۆ مارەبڕینی (جاریة)، واتە کۆیلە کە گەورەکەی دادپەروەر بێ.
بۆچوونی مەزهەبەکان لەسەر (ولی) و شاهید
لە مەزهەبی ئیمامی (حنفي)ـدا دروستە بە دوو شاهیدی فاسق و بە (ولی)ـی فاسق ئافرەت مارە ببڕێ، وە زۆر لە زانایانی مەزهەبی (شافعي)ـش ئەو فەتوایەیان داوە، کەوابوو بۆ ئەم سەردەمە چارەمان نییە ئەبێ بە فەرموودەی ئەوانە ڕەفتار بکەین، چونکە دادپەروەر ئەمڕۆ کەم دەست ئەکەوێت، جا پێویستە ژن و مێرد و (ولی) و شاهیدەکان (گشتیان) لەو فەرموودەیە ئاگادار بکرێن و بڵێن ئێمە بەم فەتوایە ڕازین (کە دروستە ژن مارەبکرێ بە شاهیدی فاسق و بە وەلیی فاسق) بۆ ئەوەی مارەبڕینەکە دروست ببێ.
مەرجە ئەبێ شاهیدەکان گوێیان لە گفتوگۆی مارەبڕین ببێ و نابێ کوێر بن و ئەبی ژن و مێردکە بناسن، جا ئەوەش بزانە دروستە کوڕی ژن و مێردەکە، یان باپیرەی ژن و مێردەکە، یان مامی هەردووکیان، یان برایان، یان دوژمنیان، یان باوکی مێردی باڵغبوو گشتیان دروستە ببنە شاهیدی مارەبڕین.