خواستن لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-06-14:56:00 - کۆدی بابەت: 4206
خواستن لە ئیسلامدا
حوکمە شەرعییەکان

باسی (عاریة) خواستن

واتە: شتێک لە کەسێکی تر بخوازێ بۆ ئەوەی سوودی لێوەربگرێ، ئینجا بیداتەوە.

(عن أنس -رضي الله عنه-: کان فزع بالمدینة فاستعار النبی ﷺ فرسا من أبی طلحة فرکبه) رواه البخاری، مەترسییەک لە (مدینة) ڕوویدا، جا پێغەمبەر ﷺ ئەسپێکی لە (أبوطلحة) خوازت و بە سواری ئەسپەکە بەرەو ڕووداوەکە ڕۆیشت.

هەرشتێک بگونجێ سوودی لێوەربگیرێ لەگەڵ ئەوەشدا خودی شتەکە بمێنێ لە دوای بەکارهاتن، دروستە بە خواستن بیداتە کەسێکی تر بەو مەرجەی سوودەکانی ئەو شتە بمێنێتەوە تا شتەکە مابێ، نەک کۆتایی بێ، کەوابوو: خوازتنی مۆم بۆ داگیرساندن دروست نییە، چونکە بەهۆی بەکارهێنانی لەناو ئەچێ.

هەرشتێک سوودلێوەرگرتنی دروست بێ، بەخوازدانی خێرە، وە هەرشتێک سوود لێوەرگرتنی حەرام بێ، بەخوازدانی گوناهە، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَىٰ ۖ وَلَا تَعَاوَنُوا عَلَى الْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ) یارمەتی یەکتری بدەن لەسەر چاکە و خواپەرستی، یارمەتی یەکتری مەدەن لەسەر گونا‌هـ و دوژمنکاری.

شت خوازتن دروستە بەبێ ماوەدانان هەروەها دروستە ببەسرێ بە ماوەیەکی دیاریکراو، یان دیار نەکرابێ، بۆ هەردولا دروستە پەشیمان ببنەوە.

ماڵی خوازراو ئەگەر لەناوچوو، یان دزرا، یان کەم و کوڕی لێ پەیدابوو، تۆڵەی بۆ داندراوە لەسەر ئەو کەسەی خوازتوویەتی، نرخی ئەو ڕۆژەی تێیدا لەناوچووە، هەرچەندە کەمتەرغەمیشی نەکردبێ (عن صفوان بن أمیة -رضي الله عنه-: أن النبی ﷺ إستعار منه أدرعا یوم حنین فقال: أغصب یا محمد ﷺ؟ قال: بل عاریة مضمونة) رواه أبوداود، پێغەمبەر ﷺ چەند زرێیەکی خوازت لە (سەفوان) بۆ جەنگی (حونەین)، ئینجا (سەفوان) گوتی: ئایا زەوی ئەکەی؟ پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: بەڵکو بە خوازتن وەریان ئەگرم، ئەگەر لەناوچوون، تۆڵەیان ئەدەم.

ئەگەر بەهۆی بەکارهێنانێکی ئیزندراو شتەکە لەناوچوو، یان کەموکوڕی هێنا، تۆڵەی ناکەوێتە سەر، بەو مەرجەی بەکارهێنانەکە لە سنوور تێنەپەڕێ و لە منداڵ و شێت نەیخوازتبێ، واتە: ئەگەر داس لەکاتی دروێنەدا شکا، یان ووڵاغ لە بن باردا، یان لە کاتی کێڵاندا گیانی دەرچوو، یان قاچی شکا، تۆڵەی ناکەوێتە سەر، بەڵام ئەگەر دزرا، یان گورگ خواردی، یان سووتا، یان لەڕادە بەدەر بەکاری هێنا، ئەوە تۆڵەی لەسەرە، هەروەها ئەگەر لە منداڵ، یان لە شێت خوازتبێتی، تۆڵەی هەر لەسەرە.

ئەگەر خاوەنەکە ماڵخوازەکە بووە کێشەیان، خاوەنەکە ئەیگوت: بە کرێ داومەتە تۆ. ماڵخوازەکەش ئەیگوت: بە خوازتن داوتە. یان خاوەنەکە ئەیگوت: مەڵەکەت نەداومەوە. ماڵخوازەکەش ئەیگوت: داومەتەوە. هیچ شاهیدیش نەبو، ئەوە باوەڕ بە خاوەن ماڵەکە ئەکرێ بەو مەرجەی سوێند بخوات.

ئەرکی گەڕاندنەوەی ماڵە خوازراوەکە بۆ خاوەنەکەی لەسەر ماڵخوازەکەیە.

ئەگەر بەرد و خۆڵ و درەختی زەوی سەرەوە زەلی بۆ ناو زەوی خوارەوە -کە هی کەسێکی تر بوو- ئەوە بەرد و خۆڵ و درەختەکە هەر هی خاوەنەکەیەتی، بەڵام لەسەری واجبە لای ببا، یان سوڵح بکا لەگەڵ خاوەنی خوارەوە.


سەرچاوەکان



298 بینین