باسی (صلح)
واتە: پێکهاتن بۆ نەهێشتنی کێشەی نێوان دوو کەس یان زیاتر.
پێکهاتن دروستە لەنێوان داواکار و داوالێکراو بەو مەرجەی داوالێکراو دان بنێ بە مافی داواکار، یان شاهید هەبێ، یان سوێند بخورێ لەو جۆرە شتانەددا، کە موڵک و ماڵن، هەو لەو شتانەدا کە سەر ئەکێشنەوە لای ماڵ، وەک بڵێ: لە تۆڵەی باوکت مەمکوژە ئەوەندە ماڵت ئەدەمێ. ئەوە دروستە (عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: الصلح جائز بین المسلمین إلا صلحا حرم حلالا أو أحل حراما) صححه ابن حبان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: پێکهاتن لەنێوان موسڵماناندا دروستە، تەنها پێکهاتنێک دروست نییە کە حەرامی پێ حەڵاڵ بکرێ، یان حەڵاڵی پێ حەرام بکرێ.
کەوابوو: ئەگەر پێکهاتنەکە لە بارەی موڵک و ماڵ نەبوو، وەک بڵێ: (لە سزای زینا بەردبارانم مەکەن تۆڵە ئەدەم). ئەوە دروست نییە، چونکە پێچەوانەی یاسای ئیسلامە.
پێکهاتن دوو جۆرە
یەکەم: سوڵحی بەخشینە، یان گەردەن ئازادکردنە.
دووەم: سوڵحی گۆڕینەوەیە، واتە: وەرگرتنی شتێک لە جیاتی شتێکی تر.
سوڵحی گەردەن ئازادکردن و بەخشین
داواکار وازبهێنێ لە بەشێکی مافی خۆی بۆ وەرگرتنی بەشەکەی تر، بڵێ: (ڕاست ئەکەی ئەم چوار مەڕە هی تۆیە). ئەویش بڵێ: (ئەم دوو مەڕەم بدەوە و دووەکانی کەیش بۆ تۆ). ئەوە بەخشینە، یان بڵێ: (ڕاست ئەکەی سەد دینار قەرزداری تۆم). ئەویش بڵێ: (پەنجا دینارم بدەوە و لە پەنجایەکەی تر ئەتبورم). ئەمەش گەردەن ئازادکردنە، کەوابوو: ئەتوانێ لە هەمووی گەردەنی ئازاد بکات.
بەڵام دروست نییە بەستنی ئەو گەردەن ئازاد کردنە بە هیچ مەرجێکەوە، وەک بڵێ: لە سەری مانگ گەردەنت ئازاد دەکەم، ئەوە دروست نییە.
سوڵحی گۆڕینەوە
داواکار لابدا لە مافی خۆی بۆ وەرگرتنی شتێکی تر، وەک بڵێ: (ئەم باغە هی منە)، یان بڵێ: (هەزار دینار قەرزداری منی). ئەویش بڵێ: (ڕاست ئەکەی، بەڵام لەجیاتی باغەکە، یان لەجیاتی هەزار دینارەکە، ئەم خانووەم لێ وەربگرە). ئەویش بڵێ: باشە.
دێتە سەر ئەو پێکهاتنەی بە گۆڕینەوە گشت بڕیارەکانی کڕین و فرۆشتن، واتە: ئەبێ شتەکان پاک بن و موڵکی خۆیان بن، تا سێ ڕۆژ دروستە مەرجی پەشیمانبوونەوە دابنێن، ئەگەر شتەکە کەم و کوڕی هەبوو ئەیگەڕێنێتەوە.
دروستە بۆ کەسێکی خاوەن خانوو لەسەر دیواری خانووەکەی زێدە بانێک بهێنێتە دەر بەسەر ئاسمانی ڕێگەیەکی وەهادا کە هەردوو سەری دەربچێ، بەشێوەیەکی وەها دروستی بکا زیان بەو کەسانە نەگەیەنێ کە بە بن ئەو زێدە بانەدا هاتوچۆ ئەکەن، واتە: ئەوەندە بەرز بێ، شتی بانکراوی بە بندا بڕوا، جا ئۆتۆمبێل بێ، یان ووڵاغ، یان ئادەمیزاد، بە گوێرەی ڕێگاکە.
دروست نییە ئەو زێدە بانە بهێنێتە دەرەوە لە کۆڵانێکی هاوبەش، واتە: ڕێگاکە لە سەری کۆڵان ببڕدرێتەوە و دەرنەچێ، تەنها بە ئیزنی خاوەنەکانی ئەو کۆڵانە دروستە، کە لە خانووی ئەو بەدواوەترن، لەم بەرەو لەو بەر.
دروستە دەرگای خانوو بباتە تەنیشتی پێشەوە، واتە: بەرەو سەری کۆڵان لەو کۆڵانەی کە هاوبەشە و سەرەکەی تری دەرناچێ، دروست نییە دەرگاکەی بباتە تەنیشتی دواوە، واتە: بەرەو کۆتایی کۆڵان، تەنها بە ئیزنی خاوەنەکانی ئەو کۆڵانە دروستە، کە لە خانووی ئەو بەدواوەترن، لەم بەرە و لەو بەر.
(پاشکۆ): ئەگەر لکی دروسختەکانی چووە سەر موڵکی کەسێکی تر، یان چووە سەر ڕێگەیەک و زیانی بە هاتوچۆکردن ئەگەیاند، واجبە لکەکان ببڕێ، یان لایان ببا، هەروەها ئەگەر دیوارێک، یان دارێک خوار بۆوە بۆ سەر ڕێگە، یان بۆ سەر موڵکی کەسێکی تر، واجبە لای ببا، هەروەها دروست نییە تخووبی موڵکی خۆی، یان دیواری خۆی بێنێتە ناو ڕێگە، هەرچەند ڕێگەکەش تەنگ نەبێ (عن سعید بن زید -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: من افتطع شبرا من الأرض ظلما طوفة الله القیامة إیاه من سبع أرضین) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر کەسێک بستێک بە ناهەق لە شوێنێک داگیر بکات، ئەوە لە ڕۆژی قیامەتدا خوا ئەیکاتە تۆق و ئەیخاتە ملی لە هەر حەوت زەمینەکان.