سوننەتەکانی حەج

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-02-20:19:00 - کۆدی بابەت: 4080
سوننەتەکانی حەج
پایەکانی ئیسلام و باوەڕ

سوننەتەکانی حەج

سوننەتەکانی حەج حەوتن:

یەکەم: ئیفرادە، مانای ئیفراد ئەمەیە: حەج لە پێش عومرەدا بکات، واتە: بە تەنها نیەتی حەج بێنێ و ڕوکن و واجبەکانی حەج تەواو بکا -وەکو گوتمان- ئینجا بچێتە دەرەوەی سنووری حەرەم، لەوێ ئیحرام بە عومرە ببەستێ و عومرەش بکا، جا ئەمەیان شێوەی یەکەمی حەج کردنە و لە شێوەی دووەم و سێیەم خێرترە.

  • شێوەی دووەم: پێی دەگوترێ: (قران)، واتە: ئیحرام بە حەج و عومرە ببەستێ و بەیەکەوە، جا تەنها واجب و ڕوکنەکانی حەج بکا، ئەوە حەج و عومرەی -وێکڕا- بۆ ئەنوسرێن.
  • شێوەی سێیەم: پێی دەگوترێ: (تمتع)، واتە: ئیحرام بە عومرە ببەستێ و عومرە بکات، ئینجا هەر لە مەککە -لە دوای تەواوبوونی عومرە- ئیحرام بە حەج ببەستێ و حەج بکا.

(عن عائشة -رضي الله عنها-: قال رسول الله ﷺ فی حجة الوداع: من أراد أن یهل بحج وعمرة فلیفعل، ومن أراد أن یهل بحج فلیهل، ومن أراد أن یهل بعمرة فلیهل، وأهل رسول الله ﷺ بالحج) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ لە حەجی ماڵئاواییدا فەرمووی: هەر کەسێک ئەیەوێ ئیحرام بە حەج و عومرە -وێکڕا- ببەستێ با وا بکات، وە هەر کەسێک ئەیەوێ ئیحڕام -تەنها- بە حەج ببەستێ با وا بکات، هەر کەسێک ئەیەوێ ئیحرام -تەنها- بە عومرە ببەستێ با وا بکا، پێغەمبەر ﷺ ئیحرام خۆی -تەنها- بە حەج بەست.

لە شێوەی (قران و تمتع)ـدا حاجی خوێنی ئەکەوێتە سەر، بەو مەرجەی -بۆ ئیحرامی حەج- نەگەڕێتەوە بۆ شوێنی ئیحرام بەستن و ماڵیشی هەشتا کیلۆمەتر لە سنووری حەرەم دوورتر بێ.

سوننەتی دووەم: گوتنی (لبیك)ـیە، بەردەوام تا لەژێر ئیحرامدایە، واتە بڵێ: (لبیك اللهم لبیك، لبیك لا شریك لك لبیك، إن الحمد والنعمة لك والملك، لا شریك لك) رواه الشیخان.

سوننەتی سێیەم: (طواف القدوم)ـە، واتە: هەر کە گەیشتە (مكة)ـی پیرۆز، کەلوپەلی خۆی دابمەزرێنێ، ئەگەر برسی بوو نان بخوات، ئەگەر کاتی نوێژ بوو نوێژ بکات، ئینجا یەکسەر دەست بە تەواف بکات، ئەم تەوافە سەلامکردنە لە ماڵی خوا، وە مەرجەکانی وەک (طواف الإفاضة)ـیە.

سوننەتی چوارەم: شەو مانەوەیە لە (مزدلفة)، بەڵام بە فەرموودەی ڕاستتر ئەمە واجبە، ئەگەر نەیکات خوێنی لەسەر واجب دەبێ.

سوننەتی پێنجەم: دوو ڕەکعەت نوێژە بە نیەتی (سوننەتی تەواف) لە دوای تەواوکردنی هەر تەوافکردنێک، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَاتَّخِذُوا مِن مَّقَامِ إِبْرَاهِيمَ مُصَلًّى) لەلای مەقامی ئیبراهیم ﷺ نوێژ بکەن.

سوننەتی شەشەم: شەو مانەوەیە لە (مینا)، بەڵام بە فەرموودەی راستتر ئەمە واجبە، ئەگەر نەیکا خوێنی لەسەر واجب دەبی.

سوننەتی حەوتەم: (طواف الوداع)ـە، واتە: تەوافی ماڵئاوایی، بەڵام بە فەرموودەی راستتر ئەو تەوافە واجبە، ئەگەر نەیکا خوێنی لەسەر واجب دەبێ (عن ابن عباس -رضي الله عنهما-: قال أمر الناس أن یکون آخر عهدهم بالبیت إلا أنه خفف عن المرأة الحائض) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمانی داوەتە خەڵک: کە کۆتایی پەیمانیان بە ماڵی خوا بێنن -واتە: کە لە (مەککە) دەرئەچن تەواف بکەن- بەڵام ئەو ئافرەتەی کە لەحەیزدایە ئیزن دراوە بە بێ تەواف کردن (مەککە) بەجێ بهێڵێ. جا ئەگەر لە دوای ئەو تەوافە زۆر مایەوە، ئەبی دووبارەی بکاتەوە.


سەرچاوەکان



392 بینین