زەکاتی دانەوێڵە و میوە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-01-00:10:00 - کۆدی بابەت: 4017
زەکاتی دانەوێڵە و میوە
پایەکانی ئیسلام و باوەڕ

زەکاتی دانەوێڵە و میوە چۆنە؟

ڕادەی زەکاتی دانەوێڵە و ڕادەی زەکاتی میوە بە پێوانە ئەکاتە پێنج بار، کە هەر بارێکی هەشت تەنەکەی بەسەر بێت، بە تەنەکەی نەوت، واتە: تێکڕا ئەکاتە چل تەنەکەی بەسەر، بەڵام ئەگەر دارماڵ بکرێ، ئەکاتە چل و پێنج تەنەکەی دارماڵکراو.
ئەو پێنج بارە بە کێشانە ئەکاتە هەزار و شەش سەد ڕیتڵ بە ڕیتڵی عێراق، ئێستا ئەکاتە (حەوت سەد و بیست و پێنج) کیلۆگرام، ئەوەی لەو ئەندازەیە زیاتر بێت، بەگوێرەیە زێدەیەکەی زەکاتی تێدا واجبە، 

لەو دانەوێڵە و میوەیەدا بەم ئەندازەیە زەکات واجبە

ئەگەر ئاودرابوو بە ئاوی باران، یان بە ئاوی جۆگە و ڕووبار، ئەوە دەیەکی واجبە لە زەکات بدرێ، واتە: لە چل تەنەکە چوار تەنەکە ئەدرێن.
بەڵام ئەگەر ئاودرابوو بەو ئاوەی لەناو بیر دەهێندرێتە دەرەوە بە هۆی ئاژەڵ، یان ئامێرێکی تر یان لە ڕووبار بۆی هێنابوو بەهۆی ئۆتۆمبێل، یان ئاوەکەی کڕیبوو، یان پێی بەخشرابوو، ئەوە نیوەی دەیەکی زەکاتە، واتە: لە چل تەنەکە دوو تەنەکە زەکاتی لێ واجب ئەبێت (عن جابر -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: فیما سقت الأنهار والغیم العشور، وفیما سقی بالسانیة نصف العشر) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: ئەو میوە و دانەوێڵەی بە باران و ڕووبار ئاودراوە، واتە: بۆی هەڵێنجراوە، نیوەی دەیەکی لە زەکاتا ئەدرێ.

پاشکۆ

١- زەکاتی میوە لە کاتی بەڵەکەبوونی واجب ئەبێت، وە زەکاتی دانەوێڵە لە کاتی دەنک ڕەقبوونی واجب ئەبێ، جا لەبەر ئەوە ئیمامی (الحرمین) و، ئیمامی (الغزالی) -خوا لێیان ڕازی بێ- فەرموویانە: هەرچی لەپێش زەکاتدان ئەیخوات، یان ئەیبەخشێ، لەسەری ئەژمێردرێ و ئەبێ زەکاتەکەی بدا.
٢- پێویستە خورما ووشک بکرێتەوە، ترێ بکرێتە مێوژ، دانەوێڵە لە کاوکۆت پاک بکرێتەوە، ئینجا لە زەکات بدرێت.
٣- کرێی بڕینەوەی خورما و ترێ و وشککردنەوەیان کرێی دروێنەی دانەوێڵە و گێرەکردنی و هێنانی بۆ ماڵی هەژارەکان و کرێی زەویەکە و کێڵانی و کرێی سەپان و کرێکارەکان، گشتی لە ماڵی زەکاتدەرەکە ئەدرێ و نابێ پێش زەکاتدان هیچی لەو بەروبومە بدرێت.
جا ئەگەر لە بەروبومەکە ئەو ڕێیانەی دا، ئەوە زەکاتی ئەو ئەندازەیەی هەر لەسەر ئەمێنێ و ئەبێ لە ماڵی خۆی هەر بیدات.

لە مەزهەبی ئیمامی (حنفی)ـدا دروستە لەجیاتی میوە، یان دانەوێڵە، نرخی ئەو ئەندازەیە بدا کە لەسەری واجبە بیداتە زەکات.


سەرچاوەکان



638 بینین