ئیسلام و مافی ئاسایشی تاکەکەس

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-26-03:07:00 - کۆدی بابەت: 3742
ئیسلام و مافی ئاسایشی تاکەکەس
پایەکانی ئیسلام و باوەڕ

دەستەبەرییەکانی ئیسلام بۆ مافی ئاسایشی تاکەکەس

ئیسلام مافی ئاسایشی تاکەکانی هەروا بە گشتی وەک بنەمایەک مسۆگەر نەکردووە، بەڵکو کۆمەڵێک ڕێسای داناوە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی بەتایبەتیش لە بواری یاسا و دادگاکاندا.

گرنکترین ڕێساکان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی تاک

  • بنەمای کەسێتی بوونی لێپرسراوێتی تاوانکاری (مبدأ شخصیة المسؤولیة الجنائیة)

هەموو کەس لە کردەوەکانی خۆی لێپرسراوە و لە تاوانی کەسێکی دیکە لێی ناپرسرێتەوە و بەهۆی خراپەی یەکێکی دیکە سزا نادرێت (وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَىٰ) فاطر ١٨، واتە: هیچکەس ئۆباڵی تاوانی کەسی دیکەی ناکەوێتە ئەستۆ. پێغەمبەریش (دخ) لە فەرموودەیەکدا دەفەرموێت: (لا یؤخذ الرجل بجبریة ابیە ولا بجبریة أخیە) واتە: مرۆڤ بەهۆی تاوانی باوکی یاخود براکەیەوە لێی ناپێچرێتەوە و دوچاری لێپرسراوێتی نابێت، لێرەشدا ڕەفتاری دوژمنایەتی لەناو خەڵکاندا و ڕەفتاری دەسەڵاتە ستەمکارەکان کە کەس و کاری مرۆڤ لەسەر هەڵوێست یاخود تاوانی کەسێک خێزانێک یاخود بنەماڵە و خێڵێک ئازار دەدەن و ئاسایشی ژیان و شەرەف و ماڵیان دەخەنە مەترسییەوە، نائیسلامی و ناڕەوایە.

  • مافی شەرعی بوون یاخود یاسایی بوونی سزا و تاوانەکان

هیچ تاوانێک سزای لەسەر نییە مەگەر لەپێش ئەوەوە مرۆڤەکان لە ئەنجامنەدانی هۆشیار نەکرابنەوە و قەدەغەبوونی ڕانەگەیەنرابێت. ئەمەش لە یاسای دانراوی سەردەمدا بە بنەمای (هیچ تاوان و سزایەک بە گوێرەی یاسا نەبێت نییە) ناودەبرێت، چەدین ئایەت و فەرموودەمان هەیە جەخت لەسەر ئەم بنەمایە دەکەنەوە:(وَمَا كُنَّا مُعَذِّبِينَ حَتَّىٰ نَبْعَثَ رَسُولً) الإسراع ١٥، واتە: هیچ گروپ و نەتەوەیەکمان سزا نەداوە پێش ئەوەی پێغەمبەریان بۆ ڕەوانە بکەین و حەڵاڵ و حەرامیان بۆ ڕوون بکاتەوە. بە گوێرەی ئەمەش ئیسلام لایەنگری دەوڵەتی یاسایە و نابێت کەس لە دەرەوەی یاسایەکی پەیڕەوکراوی دادپەروەرانە و بنەما شەرعیەکان دووچاری لێپێچینەوە بێت و ماف و ئەرکەکانی فەرمانڕەوا و هاوڵاتیانیش ڕون و ئاشکرا بێت.

  • بنەمای نەگەڕانەوەی کاریگەری یاساکانی سزادان بۆ پێش دەرچوونیان (مبدأ عدم رجعیة القانین)

خەڵکی لە کاتێکدا لە ماف و ئازادیەکانی خۆیان بەهرەمەندن لەو کاتانەی ئەوەی دەیکەن ڕێ پێدراوە و هیچ قەدەغەیەکی یاسایی لەسەر نییە، ئەگەر ئەم بنەمایە نەبوایە دەترسان لەوەی لە دواڕۆژدا ئەم ڕەفتارانە بە یاسا قەدەغە بکرێن و لەسەری سزا بدرێن و بەمەش هەستیان بە دڵنیایی نەدەکرد. کاتێک زینا و دزی و خوارنەوە و بوختابکردن لە قورئاندا حەرام کران ئەو دەقانەی لەم ڕووەوە دابەزین بەسەر ئەم ڕەفتارانەدا لەپێش دابەزینەکاندا جێ بە جێ نەکراون و لە دوای ئەوەوە دەست بە پیادە کردنیان کرا.

  • بنەمای لە بنەڕەتدا هەموو کەس بێتاوانە

لە ڕوانگەی ئیسلامەوە هەموو مرۆڤێک بێ تاوانە تا لە ڕێی  ڕێوشوێنە یاسایی و دادگاییەکانەوە تۆمەتێکی بەسەردا ساغدەبێتەوە، پێغەمبەر (دخ) دەفەرموێت: (کل مولود یولد علی الفطرة) واتە: هەموو منداڵێک بە پاکی لەدایکدەبێت و هیچ تاوان و خراپەیەکی لەگەڵ لەدایک نابێت. یەکێک لە بەرەنجامەکانی ئەم بنەمایەش ئەوەیە ئەگەر یەکێک باسی ئەوە بکات مافی بەلای یەکێکی دیکەوەیە، دەبێت ئەم داواکارە بەڵگە و شایەت بێنێت بۆ چەسپاندنی داواکەی و کەسی شکاتلێکراو داوای بەڵگەی لێناکرێت بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو داوایە، چونکە لە بنەڕەتدا وا دانراوە کە مافی کەسی لا نییە، هەروەها کەسێکی دیکە لە بەرەنجامەکانی بنەماکە ئەوەیە ئەگەر گومانێک لە کێشەیەکدا هەبوو لە بەردەم دادگادا بە قازانجی لایەنی سکاڵالێکراو و تۆمەتبار لێکدەدرێتەوە و یەکلایی دەکرێتەوە.


سەرچاوەکان



1181 بینین