شیکاری زاراوەی تووتم یاخود هێمای پیرۆز
ئەم زاراوەیە لە وشەیەکی ئۆجیبواییەوە (هۆزی ئەلگۆنکین لە ئەمریکای باکوور) وەرگیراوە و بە شێوازی جۆراوجۆری وەکو تۆتم، تاتام، دودایم نووسراوە، بۆیە سەرەتا هەست دەکرا تایبەتە بە سوور پێستەکانی باکووری ئەمریکا، بەڵام لە ساڵی (١٨٤١)ـەوە ئاشکرابوو کە لە ناو خەڵکی ڕەمەکی ئۆسترالیاشدا دامەزراوەیەکی ئاینی لەم چەشنە هەیە، پاش ئەوە بوو دوورکایم تێگەییشت کە توتم پەرستی شێوازی سەرەتایی ژیانی ئاینییە و دەستی دا بە توێژینەوەیەک لەسەر ئەم بابەتە و لە کتێبێکدا بە ناوی شێوە سەرەکییەکانی ژیانی دینی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی خۆی بڵاوکردەوە.
بە بڕوای دوورکایم، تۆتم پەرستی ساکارترین شێوازی ئایینە و ئەم بۆچوونە لە بیری دوورکایمدا زۆرترین بایەخی هەیە، پاشان دوورکایم دەستی دەدا بە توێژینەوە و وردبوونەوە لەسەر توتم پەرستی خەڵکی ڕەمەکی ئۆستڕاڵیا، باس لە ڕێکخراوی کلانی کۆمەڵگا ڕەمەکییەکانی ئۆستڕاڵیا دەکات، پەیوەندی نێوان کلان و ئاژەڵ و ڕووەک پیشان دەدات، توتمەکان لە پەیکەرێکی داری یان بەردا پیشان دەدرێن و چونکە ئەم پەیکرانە نوێنەری وێنەیەکی پیرۆزن، بۆ خۆشیان بە بیرۆز دەزانرێن. هەر تۆتمێک بە هۆی تابۆی جۆراوجۆرەوە دەورە دراوە و دەپارێزرێ. لە سیستەمی هزری توتمیدا چونکە هەموو شتەکان لەگەڵ توتمی کڵاندا پەیوەندییان هەیە، ئەوانیش بەهرەیەکیان لە پیرۆزبوون بردووە، بۆ نموونە باران، برووسکە، هەور، تەرزە، زستان و ...هتد، هەموویان لەگەڵ قاڵاو لە ناو هۆزی ئۆرۆنتادا پەیوەندییان هەیە، واتایەک کە زیاتر باری کۆمەڵناسانەی هەیە لە کاری ڕابێرترسۆن – سمیتدا هاتە دی کە تۆتمیزمی پەیوەندی دەدات بە قوربانی و جەژنە نەتەوەییەکانەوە، هەندێ لە نووسەران وەکو (توتن، گۆڵدێن، ڤایزێر و وێستێر مارک) دان بە چۆنێتی ویژدانی توتمدا نانێن.