بۆ باکردن و وەرمی هێلکەی گون
ئاردی نۆکی خاو و پاقلە تێکەڵ بە هەنگوین بکرێت و شەوان لێی ببەستێت، یان (ڕیشەی ڕێواس + قونچکە گێلاس + پێکوڵە + ئەنیسۆن) هەریەکەی (١٠٠) گرام دوای هاڕین و لێکدان شەوانە یەک کەوچکی مرەبا لەیەک پەرداخ ئاوی کوڵاودا دەم دەکرێت و دەخورێتەوە تا (١٥)ڕۆژ، بۆ ئازاری گون (٥٠) گرام کافور لە ئاودا بتوێنرێتەوە و لە شوێنی ئازار بدرێت و پاشان نەعناعی تەڕی کوتراوی لێ ببەستە، یان ئاوی گژنیژ و گوڵاوی سرکە تێکەڵ بکە و پارچەیەک قوماشی خامی پێ تەڕ بکە و لێی ببەستە.
بۆ خورانی گون و ئەندامی زاوزێ
(هەلیلەی زەرد و شاترە) هەریەکەی (٥) گرام دوای هاڕین و لێکدان بە ڕۆنی زەیتون بکوڵێنرێت و پێی چەور بکرێت، یان هەموو ڕۆژێک ئاشی ئاغورە و سماق و ئاوی هەڵوژە بخوات تا (١٠) ڕۆژ، وە بۆ ئازاری ئەندامی زاوزێ (٥٠) گرام کافور لە ئاودا بتوێنرێتەوە و پێی بشۆرێت، یان (بەزی مریشک + فرفیون + توێکڵی خشخاش + ڕۆنی گەرچەک + بەیبوون + پونگە) هەریەکەیان (١٠٠) گرام دوای کردنی بە مەڵهەم لێی ببەستە.
بۆ ئەوانەی توانای زاوزێیان لاوازە یان ئەوەی کە پێی دەڵێن شلە پەتکە ئەمانەی خوارەوە بەسوودن:
١-(زینان و تۆوی شمڵی و دارچین و هەلیلە و قاقلە و ئەنیسۆن و خولنبان و ڕەشکە و تمرهیندی وشک هەریەکەیان (١٠)گرام لەگەڵ (٥)گرام لە هەریەکیان لە حێل و مێخەک و گوێزی هیندی) هەموویان تێکەڵ بکەو لەیەک لیتر و نیو ئاودا بیکوڵێنە و پاشان بیپاڵێوە و ڕۆژی (٣)جار هەر جارەی نیو پیاڵەی لێ بخۆرەوە.
٢-(تۆوی کاهوو و گوڵنار و بەڕوو و تۆوی گژنیژ لە هەریەکەی (١٠)گرام لەگەڵ (٢٠)گرام تۆوی کتیرا) تێکەڵ بکە و دوای کوتان لەناو یەک لیتر ئاودا بکوڵێنە و دوای ساردبوونەوە ڕۆژی (٣) جار هەرجارێک پیاڵەیەکی لێ دەخورێتەوە.