زاراوەی بازاڕ
بازاڕی کاری دووەمین
بازاڕی کاری دووەمین بریتییە لە کرێکارانی کارگە گەڕەکییەکان، کار و پیشە بچووکەکان ووەکو مامەڵەی خانوو و وێستگەی گواستنەوەی گەشتیار، کۆمەڵە خزمەتگوزاری تایبەت، کار کردن لە مەزاری کەسانی تردا، کار لەم بازاڕانە کاتی و بێ دەوامە، مووچەی کەمە و هەل و مەرجێکی کاری نالەباری هەیە، هەلی پێشکەوتن لەم کارانەدا زۆر کەمە بۆ نموونە گارسۆنێک بە دەگمەن بتوانێ ببێتە مودیری ڕێستۆرانت، یان کرێکاری کێڵگەیەک بە دەگمەن بتوانێ ببێتە بەڕێوبەری مودیری کێڵگەکە، کرێکارانی ئەم بازاڕانە لێهاتووەیەکی زۆر کەمیان هەیە، یەکێتی کرێکارانیان نییە و زیاتر کاتی کاردەکەن، لەم ڕووەوە ئەم دوو بازاڕی کارە (سەرەکی و دووەمین) نە تەنیا لە یەک جیاوازن بەڵکو زۆریش نابەرامبەرن.
بازاڕی کاری سەرەکی
بە ڕای هەندێ لە کۆمەڵناسان پڕۆسەی بە پیشەسازی بوون، بوو بە هۆی پێشکەوتنی دوو جۆرە کاری لێک جیاوازی بازاڕی کاری سەرەکی و بازاڕی کاری دووەمین لە ئەمریکا و هەندێ لە وڵاتانی تری سەرمایەداریدا. بازاڕی کاری سەرەکی بریتییە لە کار لە کۆمپانیا و دەزگا و کارخانە گەورەکان، ئەنجامدانی ئەو کار و پیشانەی کە پێویستیان بە شارەزایی هەیە و هەروەها نوێنەرانی حکوومەت و پیشەسازییەکان. کار کردن لە بازاڕی کاری سەرەکی، داهاتێکی زیاتر و هەل و مەرجی شیاوتر و هەلی پێشکەوتنی زیاتری هەیە، تەنانەت کرێکارانی ئاسایش لەم بازاڕی کارەدا، شارەزایی و ئاستی خوێندیان زیاترە لە بازاڕی کاری دووەمین.