زاراوەی ئایین لە کۆمەڵناسیدا - cult

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-25-16:33:00 - کۆدی بابەت: 4842
زاراوەی ئایین لە کۆمەڵناسیدا - cult
زاراوە هەمەڕەنگەکان

زاراوەی ئایین (cult)

بە گشتی ئەم واتایە ئەو گرووپە بچووک و کەمتر ڕێکخراوانە دەگرێتەوە کە لەلایەن کەسایەتییەکی کاریزماتیکەوە بنیات نراون و سەركردایەتی دەکرێن، کەسێک کە بەهۆی کەسایەتی و ڕەوشت و ئاکاری تاکەکەسیەوە یارانی لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە، چونکە کەسایەتی کاریزما دەورێکی باڵا لە کۆکردنەوەی پێڕەوانیدا دەبینێ، زۆرجار پاش مردنی، گروپەکەی لێک هەڵدەوەشێن، لەم ڕووەوە کەمتر ئەم ئاینانە ئەوەندە دەژین و گەشە دەسێنن کە ببنە مەزهەب، هەرچەند هەندێکیان توانیویانە گەشە بستێنن و درێژە بە ژیانیان بدەن. مەزهەبە سەرەکییەکانی دونیا سەرەتا وەکو ئاین بوون وەکو ئیسلام و مەسیحەت و یەهوودیەت. هەروەها چوونکە ئەو ئایینانە تازە دادێن ڕێ و ڕەسمی تایبەت بە خۆیان هەیە کە لەگەڵ دابونەریتی باوی کۆمەڵگادا ناگوونجێن، تووشی ناکۆکی و دژایەتی لەگەڵ ئەوانەی دێن کە لە دەرەوەی ئەم بازنەیەدان. هۆوراد پێکێر ڕاپۆرتێکی لەمەڕ ئایینەوە ئاڕاستە کردووە، پێکێر دەڵێ، (حەزێکی دینی کە خاوەنی دانستەیەکی تەواو تایبەت و تاکەکەسی بێ، لە ئایندا دەگاتە ئەو دۆزەی بۆی دەگەڕێ، ئامانجی پێڕە و گەیشتن بە ئەزموونێکی تاکەکەسی لەمەڕ ڕزگاری، هێمنی و دەرمانی گیان و لەشە).

ج.م یینگێر ئاماژە بەم پێوەرانە دەکات: (زاراوەی ئایین زۆر ڕەهەندی جیاواز دەگرێتە بەر کە زۆربەیان بریتین لە قەوارەی بچووک، گەڕان بە دوای ئەزموونێکی عیرفانی، نەبوونی پێکهاتەیەکی ڕێکخراو و بوونی ڕێبەرێکی کارێزما). واتە زێدەڕۆیی لە ئەزموونی تاکەکەسی مەزهەبی کە لە بیچمێکی وشیار و تەکووزکراودا لە ژێر ناوی کۆمەڵەیەکدا درێژە بە ژیانی دەدات.

تەبایی لە بابەتە هاوبەشەكان

مارک گالانتێر بە وردی لەمەڕ ئایین لە ئەمریکادا توێژیوەتەوە تا بەڵکو هۆی کۆمابوونی خەڵک لە دەوری ئەمانەدا لێی ڕوون ببێتەوە، لەگەڵ زۆر کەس لەم ئایینانەدا وتووێژی کرد و تێگەیشت کە ئەمانە گروپێکی کارێزماتیکن، چونکە ڕێبەرایەتی ئەم گروپانە لە ئەستۆی تاکێکدایە کە کەسایەتییەکی کارێزمایی هەیە، ژمارەی ئەندامانی ئەم گرووپانە دەتوانن چەن کەس یاخود هەزاران کەس بن، هەرچەند ئەم گروپانە جیاوازی زۆر و زەوەندەیان پێکەوە هەیە، بەڵام لەم بابەتانەدا تەبان:

١. لە نێوان هەموویاندا سیستەمێکی بیر و باوەڕی هاوبەش هەیە.

٢. هەموویان یەکگرتوویەکی زۆر پتەویان تێکڕا هەیە.

٣. هەموو ئەم گروپانە نۆزم و ڕێسایی زۆر بەهێزی ڕەوشتیان لە ناودایە.

٤.ڕێبەرایەتی هەموو ئەم گروپانە لە ڕوانگەی پێڕەوانیانەوە، کاریزماتیک و تەنانەت خاوەنی هێز و توانایەکی هاوشێوەی خودایین.


سەرچاوەکان



454 بینین