ئابووری دەڤەری
مەبەست لەم زاراوەیە ئەو وڵاتە هەژارانەن کە تەنیا داهاتیان هێزی کاریانە و ئابوورییەکی یەک دەستیان هەیە، کار لەم وڵاتانەدا داهاتی کەمە و پێویستی بە شارەزاییەکی زۆر نییە، کۆمەڵگا دەڤەرییەکان بە چەشنێکی نائاسایی بەندیوارن بە یەک بەرهەم وەکو قاوە، بادام یان تەماکۆ یاخود یەک مادەی کانزایی وەکو مس و ڕۆح و ژریژە، سەرجەمی بەرهەمی نەتەوەیی ئەم وڵاتانە کەمتر لە سەرجەمی بەرهەمی نەتەوەییەکی یەکێتی ئەوروپا. ئابوورییە دەڤەرییەکان بە زۆری پشتیان بەستووە بە ئابوورییە ناوەندیییەکانەوە، هۆی ئەم پشتبەستنە دەبێ لە سەردەمی کۆڵۆنیالیسمدا باس بکرێ، ئابووری دەڤەری لە پەنای ئابووری جیهاندا کاردەکات، شتێک کە لەم وڵاتانەدا زۆر سەرنج ڕاکێشە ئەوەیە کە لە تەنیشت ئەو هەژارییە درێژخایەنەدا لە پڕونەکا و چالاکییەکی ئابووری زۆر گەورە وەکو کارگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنان دەست پێدەکا، هۆی ئەم ڕووداوە ئەوەیە کە مووچەی خەڵکی ئەم وڵاتانە زۆر کەمە و بەم بۆنەوە ئابووری ناوەندەی و نیوە دەڤەرییەکان سوودی ناڕەوایان لێ دەگرن.
ئابووری ناوکی (core economy)
ئابووری ناوکی تایبەت بە وڵآتانی دەوڵەمەند و پیشەسازییە کە خاوەنی حکوومەتێکی بەهێز و بەدەسەڵاتن، وڵآتانی دەوڵەمەندی پیشەسازی نزیک بە ٣/٢ بەرهەمی ئەو وڵاتانەی خەریکی گەشانەوەن دەخەنە لای خۆیانەوە، ئەم وڵآتانە بە سوود وەرگرتن لە ناوچەیەکی ئازادی بازرگانی، ماددە سەرەکییەکان بە نرخێکی زۆر کەم لە وڵآتانی جیهانی سێیەم کە پشتیان تەنها بە هێزی کاریانەوە بەستراوە دەکڕن.
ئابووری نیودەڤەری (semi peripheral economy)
ئەم واتایە ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە باری ئابووریان لە نێوان ناوکی و دەڤەریدایە، ئەم وڵاتانە تا ڕادەیەک سامانیان زۆرە و جۆراوجۆری ئابووری و کۆمەڵایەتیان بە ڕێژەی وڵاتە دەڤەرییەکان زۆرترە، سامان زۆر نایەکسان لەم وڵآتانەدا دابەش کراوە، وڵاتانی تایوان و بەڕازیل و کۆریای باشوور و مەکسیک لە ڕیزی ئەم وڵاتانەن. ئەم وڵاتانە وڵاتە دەڤەرییەکان دەچەوسێنەوە و وڵاتانی ناوەندیش ئەمان دەچەوسێنەوە، بە گوێرەی ئەم پێناسەیە وڵاتانی عێراق و کوەیت بەر لە شەری کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ دا لە ڕیزی وڵاتانی نەو دەڤەریدا بوون، ئابووری ناوکی پشتی بە نەوتی هەرزانی ئەم وڵاتانە بەستبوو و ئەمانیش پاڵبەستووی کرێکارانی هەرزانی وڵاتە دەڤەرییەکان بوون. ڕادە و ئاستی ئەم پشت بەستن و پاڵپێوەدانە، پاش هێرشی عێراق بۆ کویت ئاشکرا بوو، لەو کاتەدا ملیۆنەها کرێکاری کۆچەر (حەفتا هەزار ئێرانی، دوو ملیۆن و دووسەد هەزار عێراقی، چل و پێنج هەزار یەمەنی، بیست و یەک هەزار هەشتسەد سودانی، حەوسەت هەزار میسری و دوو سەد و بیست هەزار ئوردنی و سی هەزار فەڵەستینی لە کوەیت هەڵاتن، هاوکات لەگەڵ لەگەڵ ئەوە ٦٧ هەزار پاکستانی و ١٥٠ هەزار هندی و ٨٥ هەزار بەنگلادیشی و ١٦٠ هەزار ڤێتنامی و ٣٠ هەزار فلیپینی لە عێراق هەڵهاتن.
بەڕای ڤاڵرشتاین، وڵاتانی نیوە دەڤەری دەوری زۆریان لە ئابووری جیهاندا هەیە، چونکە گەیشتوونەتە ئاستێک لە دەسەڵات کە هەل و مەرجی پێویست بۆ سەرمایەگوزاری لە وڵاتانی خۆیاندا دابین بکەن، بەڕای ئەو، ئەم هەل و مەرجە لە وڵاتانی ناوەندیدا نییە.