کاریگەرییەکانی جگەرەکێشان لەسەر جووتبوون
جگەرەکێشان کە لە ڕاستیدا کاریگەرییەکەی ئەویش وەک کاریگەری هۆشبەرەکانە، جا چ زوو بێت یان دوای مەوەیەک دیارە زۆرێک لە خەڵکی بەمەبەستی هەڵاتن و خۆدزینەوە لە کێشەکان پەنا دەبەنە بەر جگەرەکێشان، یان بۆ سەلماندنی پیاوەتییەکەیان، هەندێک ئافرەتیش جگەرە دەکێشن بە مەبەستی هەست کردنیان کەوا لە ڕیزی پیاوانن، لە ڕاستیدا زیانەکانی جگەرە کێشانیش گەلێک زۆرن و زۆریش ترسناکن و زاندراویشن. بۆ هەر کەسێکی ئاقڵ و ژیریش بەسە بۆ واز لێ هێنانی ئەوەی کە لەسەر پاکەتەکەی نوسراوە (التدخین ضار جدا بالصحة) واتە کێشانی جگەرە زیانی زۆری هەیە لەسەر لەش ساغی. جا لێرەدا پێویستە بزانرێت کە جگەرەکێشان هەروەک زیانی هەیە بۆ جەستە و لەش بە گشتی، بێگوومان زیانی تایبەتیشی هەیە بۆ ساغی سێکسی و کرداری جووتبوون، چونکە لەگەڵ زۆر بەکارهێناندا، وردە وردە سەردەکێشێت بۆ لاوازکردنی سێکسی. لەوەش زیاتر جگەرەکێش هەمیشە بەردەوام بۆنێکی زۆر ناخۆش لە دەم و زارییەوە دەردەچێت کە دەبێتە هۆی قێز و بێز لێکردنەوەی ژنەکە لێی و وا هەست دەکات کە ئەم پێکەوە ژیانەیان جۆرێکە لە سزا و ناشتوانێت خۆی لە دەستی ڕزگار بکات، چۆن پیاو حەز دەکات هەمیشە ژنەکەی بۆنی خۆشی لێبێت، هەرواش پێویستە لەسەری کە ئەویش هەمیشە بۆنێکی خۆشی لێ بێت و تا ژنەکەی زیاتر دڵی پێ خۆش بێت، جا بێگوومان بۆنی جگەرەش بۆگەنی تر و ناخۆشتر و پیستریشە لە بۆنی سیر و پیاز بەڵکو هەندێک جار لە بۆنی میز و پیسایی پیستر و ناخۆشتریشە.