ڕێگاکان و پڕۆگرامی تەندروستی دەروونی (مناهج الصحة النفسیة)
سێ ڕێگا و پڕۆگرامی بنەڕەتی لە تەندروستی دەروونی هەیە ئەوانیش:
١- ڕێگای گەشەیی (المنهج الانمائی):
ئەو ڕێگایە ڕێگایەکی بنیادنەرە، بریتیە لە زیادکردنی خۆشی و گونجان لای کەسە ئاساییەکان و کۆمەڵەکان لە قۆناغەکانی گەشە تا دەگاتە بەرزترین ئاستەکانی تەندروستی دەروونی، ئەویش لە لێکۆڵینەوەی تواناکانی تاکەکان و کۆمەڵ ئەنجام دەدرێت، ئاڕاستەیەکی دروست دەکرێن. ئەویش لە ڕێگەی چاودێری لایەنەکانی (جەستەیی و ئەقڵی و کۆمەڵایەتی و هەڵچوونی).
٢- ڕێگای پارێزگاری (المنهج الوقائی):
ئەو ڕێگایە بریتیە لە پاراستنی مرۆڤ لە کەوتنە ناو کێشە و شڵەژان و کێشەی دەروونی، گرنگی بە کەسە ئاساییەکان دەدات پێش ئەوەی گرنگی بە نەخۆش بدات بۆ ئەوەی گەنجەکان بپارێزێت. گرنگی بە گەشەی دەروونیان دەدات و بواری گونجاویان بۆ دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی دەروون دروستی بەدەست بێنن. ئەم ڕێگایە سێ ئاستی هەیە، یەکەمیان هەوڵی توشنەبوونی نەخۆشی دەدات، پاشان هەوڵی دەستنیشانکردنی نەخۆشی دەدات لە قۆناغی یەکەمی تووشبوونی کەسەکە دواتر هەوڵی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دەکات.
٣- ڕێگای چارەسەری (المنهج العلاجی):
ئەو ڕێگایە بریتیە لە چارەسەری کێشە و شڵەژان و نەخۆشیە دەروونیەکان تا کەسەکە دەگەڕێتەوە باری ئاسایی و تەندروستی دەروونی خۆی. ئەم ڕێگایە گرنگی بەو بیردۆزانە دەدات کە ئاماژە بە نەخۆشی دەروونی دەدەن و هەوڵی دابینکردنی پزیشک و نەخۆشخانە دەروونیەکان دەدات.