داگیرکردنی لیبیا لەلایەن ئیتاڵیا ١٩١١

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-13-02:18:00 - کۆدی بابەت: 4455
داگیرکردنی لیبیا لەلایەن ئیتاڵیا ١٩١١
جەنگ و شۆڕشەکان

باسی داگیرکردنی لیبیا لەلایەن ئیتاڵیا

لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزەدەوە ئیتاڵیا پەیوەندییە ئابووری و ڕۆشنبیرییەکانی خۆی لەگەڵ لیبیا لە ڕێگای کردنەوەی چەندین بانک و پێدانی قەرز و بەرهەمهێنانی سەرمایە بەهێز و پتەو کرد ئیتاڵییەکان لە بەنغازی نووسینەگەیەکی پۆستە و گەیاندنی لە تەرابلوس و بەرقە کۆنسوڵخانەیان دامەزراند و چەند قوتابخانەیەکیشیان لە شارەکاندا کردەوە و چەند دەستە نێردراوی تایبەتیشیان ناردە لیبیا هەموو ئەمانە ڕێگا خۆشەکەربوون بۆ داگیرکردنی لیبیا لەلایەن ئیتاڵیاوە.

هۆکارەکانی پەلاماری ئیتاڵیا بۆ سەر لیبیا

  1. ئیتاڵیا مەبەستی بوو خۆی لە گیروگرفتی ئابووری ڕزگار بکات و بەدەست کێشەی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانیشەوە دەیناڵاند.
  2. گەڕانەوە بۆ ئەو سەروەری و پلەو پایەی کە لە ڕابردوودا هەیبوو.
  3. بۆ ئەوەی ئیتاڵیا بگاتە ئاستی دەوڵەتە گەورەکانی ئەوروپا. 

دوای رێککەوتنی لەگەڵ فەڕەنسا، ئیتاڵیا هەڕەشەیەکی ئاراستەی دەوڵەتی عوسمانی کرد کە دەبێت لە لیبیا پاشەکشە بکات، بەڵام عوسمانییەکان هەرەشەکەیان ڕەتکردەوە، لە ئەنجامدا ئیتاڵیا هێرشەکانی بۆ سەر لیبیا دەستپێکرد و زۆرشوێنی داگیرکرد. گالی لیبیا بەرەنگاری ئەم هێرشانە بوونەوە و لە زۆر شەڕدا لەگەڵ هێزەکانی ئیتاڵیا ڕووبەڕووبوونەوە، کە گرنگترینیان شەری (بوملیانە) لە تشرینی دووەمی ١٩١١ز و شەڕی (بیر تەرابلوس) بوو لە کانوونی یەکەمی هەمانساڵدا دواتر عوسمانییەکان و ئیتاڵییەکان شەڕیان وەستاند و رێککەوتننامەیەکیان لە (ئۆشی) لە (لۆزان)ـی سویسرا لە (١٩١٢)ز مۆرکرد بە پێی ئەم ڕێککەوتنە عوسمانییەکان دانیان نا بە داگیرکردنی لیبیا لەلایەن ئیتاڵیا بەرامبەر مانەوەی دەسەڵاتی ئاینی سوڵتانی عوسمانی لە لیبیا.

گەلی لیبیا بەم داگیرکارییە ڕازی نەبوون لە ناوچەکانی تەرابلوس و بەرقە بەربەرەکانی بەردەوام بوو. هەرچەندە ئەم بەربەرەکانێیە زیانی زۆریان بە هێزەکانی ئیتاڵیا گەیاند، بەڵام لە دەرکردنی داگیرکەران و کۆتایی پێهێنانی دەسەڵاتیان لە لیبیا سەرکەوتوو نەبوون، لە ساڵانی دوای جەنگی یەکەمی جیهانیشدا (عومر موختار) ئەرکی ڕابەرایەتی جووڵانەوەی نیشتیمانی دژی ئیتاڵیەکان گرتە ئەستۆی خۆی.

(عومەر موختار) توانی شۆرشگێران سازبکات و چەکداریان بکات و گەلی لیبیا لە دەوری یەک شت کۆ بکاتەوە ئەویش ڕزگارییە، خێڵ و عەشیرەتەکانی یەکخست و (جبل الاخضر)ـی کردە بنکەی سەربازی خۆی لە گەرووی چیاکەشدا دەزگایەکی دامەزراند بوو بۆ مەشق پێکردن و مووچەپێدانی ئەو کەسانەی دێنە ناو ڕیزەکانی شۆڕشەوە هەرچەندە هێزەکانی شۆرش کەمدەرامەت و لاواز بوون، بەڵام داگیرکەرانی ئیتاڵی لە بەرگری گەلی لیبیا کەوتنە مەترسییەوە، شۆرشگێڕەکان شارەزای بست بە بستی وڵاتەکەیان بوون، ورەیان بەرزتر و بەهەڵمەت تر بوون، بەڵام لە ئیتاڵیا و هێزێکی گەورە بۆ لیبیا بەڕێکرد بەمەبەستی دۆزینەوەی بنکەی شۆرشگێڕان و هێرشیان بەردنەسەر، فرۆکەشیان بۆ ئەو مەبەستە خستە کار.

دڵڕەقی داگیرکەران بەرامبەر میلەت

  1. دادگای باڵدا دادگایەکی سەربازی گەڕۆک و سەرپێی بوو بە فەرمانی سەرکردایەتی ئیتاڵیا هەڵسووکەوتی دەکرد، شۆرشگێڕان و گومان لێکراوان ئەدران بەو دادگایە، لە ماوەی چەند خولەکێکدا دەکووژراو هەندێک جار لە فڕۆکەیەکی بەرزەفڕەوە دەخرایە خوارەوە.
  2. بە نیازی دابڕینی جەماوەر لە شۆرش و پەکخستنی بەشداربوونیان لە شۆرشی (عومەر موختار) دا کەوتنە دابڕینی گوندەکان و چۆڵ کردنیان و کۆکردنەوەیان لە چەند ئۆردۆگایەکی زۆرەملێ دا کە بە سەربازی داگیرکەران ئابڵوقە درابوون. 

سەرەڕای هەموو ئەم ‌شێوازانە عومەر موختار توانی لە جەنگەکانی (الزاویة – الرحیبة – المطمورة) هێزی داگیرکەران بشکێنێت و تووشی سەرشۆریان بکات، وە لە ئەنجامدا پایەی عومەر موختار وەک تێکۆشەرێک لەناو عەرەبەکان بە گشتی و لەلای گەلی لیبیا بە تایبەتی درەوشایەوە و پتەوتر دەبوو لە ئەنجامی سەرکەوتنەکانی عومەر موختاری پاڵەواندا ئیتاڵییەکان جەنەڕاڵ (غرازیانی)ـی خوێن ڕێژیان ناردە لیبیا بە مەبەستی کپکردنەوەی شۆڕش و لەناوبردنی.

نەخشەی کپکردنەوەی شۆڕش و لەناوبردنی

  1. جبل الاخضر کە بنکەی شۆرشە، ئابڵوقە بدرێت و لە ناوچەکانی دەوروبەری بڕی دەن، لە ئەنجامدا هێرش بەرنە سەری و داگیری بکەن.
  2. ڕێگە نەدرێت بە شۆرشگێڕان کە پەیوەندی بە جیهانی دەرەوەی لیبیاوە بکەن و ئازووقە و تەقەمەنیان لێ ببڕێت.
  3. مێرگی جغبوب داگیر بکرێت و هێڵێکی بەرگی تیا بچەسپێ و بەکارەبا بتەنرێت بەو نیازەی پەیوەندی نێوان میسر و بەرقە بپچڕێت.

ئیتاڵییەکان بە هاوکاری بەریتانیا  و ڕەزامەندی مەلی فوئاد توانیان مێرگی جغبوب داگیربکەن و بەکارەبا بیتەنن، بەڵام شۆرش درێژەی کێشا، ئەوسا داگیرکەری ئیتاڵی بە ناچاری کەوتە وتوووێژ لەگەڵ عومەر موختار، بەڵام سەری نەگرت و کوشتار دەستی پێکردەوە و ئیتاڵیا لای مەبەست بوو بە هەر نرخێک هەیە عومەر موختار لەناوبەرێت و نەخشەی بۆ ئەوە کێشا، ئەوەبوو لە شەڕێکی نابەرامبەردا توانی عومەر موختار بەدیل بگرێت و لە تەمەنی (٧٠) ساڵیدا لە ساڵی ١٩٣١دا. پاشان لە سێدارەی دا.


سەرچاوەکان



733 بینین