جۆرەکانی دەمارگیری و چارەسەرەکانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-11-00:30:00 - کۆدی بابەت: 4368
جۆرەکانی دەمارگیری و چارەسەرەکانی
دەروونناسی

جۆرەکانی دەمارگیری

١- دەمارگیری ڕەگەزپەرستی: بە ترسناکترین نەخۆشی کۆمەڵایەتی دادەنرێت و لە ڕێگەی ئەم دەمارگیریە نەخۆشی ڕق و کینە لەنێوان نەتەوە جیاوازەکان بەدی دەکرێت. ئەم جۆرە دەمارگیریە سیاسەتی دەوڵەت ڕۆڵی تێدا دەبینێت، بەتایبەتی لە کاتی هەڵگیرساندنی جەنگ لەنێوان دوو وڵات چونکە دەسەڵاتە ناکۆکەکان هەوڵی ئەوە دەدەن دوژمنەکانیان بە هەموو جۆرێک بەرامبەر نەتەوەکەی خۆیان ناشرین بکەن بە هەموو ناو و ناتۆرێک میللەتی دوژمنی ناودەهێنن، تەنها بۆ ئەوەی لە جەنگدا خۆی بە خاوەن ماف نیشانبدات.

٢- دەمارگیری ئایینی: ئەمەش لە نێوان ئایینە جیاوازەکان یان مەزهەبە جیاوازەکاندا دروستدەبێت، بەتایبەتی کاتێک ئەو کەسەی باوەڕێکی توند و تیژ بەرامبەر ئایینێک یان مەزهەبێک دروستدەکات تا ئەگاتە ئەو ڕادەیەی هەوڵی نەهێشتن و لەناوبردنی کەسی بەرامبەر دەدات، تەنها لەبەر ئەوەی پەیڕەوی ئایینەکەی ئەو قبوڵ ناکات، هەر بۆیە بەرامبەرەکەشی بە یاخیبوو و هەڵە دەزانێت، هەندێک جار بە کافری دەشوبهێنێت و خوێنی حەڵاڵ دەکات و بە شێوەیەکی زۆر زەق و بەرچاو دژایەتی دەکات.

٣- دەمارگیری چینایەتی: ئەم نەخۆشیە لەو کۆمەڵگایانە بەدی دەکرێت کە سیستەمی چینایەتی تێدا باوە وەک چینی سەرمایەداری وەک کرێکار، یان چینی هەژار بەرامبەر بە دەوڵەمەند ئەم جۆرە دەمارگیریە لە ڕێگەی دوو هۆکارەوە دروستدەبێت:

أ- هەستکردن بە کەمیی (الشعور بالنقص) بەرامبەر بەو چینەی کە دەمارگیرن بەرامبەریان (فەقیر - دژ بە - دەوڵەمەند).

ب- ئازاردانی چینەکە بەرامبەر بە کەسی دەمارگیر (سەرمایەدار - ئازاردانی - کرێکار).

ج- بە کەم زانینی ئەو چینە و سوکایەتی پێکردنیان (دەوڵەمەند - سوکایەتی پێکردنی - فەقیر) یان (سەرمایەدار - سوکایەتی پێکردنی - کرێکار).

٤- دەمارگیری ڕەگەزی: ئەم جۆرە دەمارگیریە لە پەنا زۆر ناونیشانی جیاجیا لەلایەن دەمارگیرەوە هەستی پێدەکرێت، زەقترین ئەم جۆرە دەمارگیریانە (نێر بەرامبەر مێ) کە لە ڕێگەی بوچونە جیاوازەکانی ڕەگەزی نێر هەستی پێدەکرێت بۆ نمونە (ئافرەت کەم ئەقڵە و توانای نییە کاروبار بەڕێوەببات) یان (ئافتەر مامۆستای شەیتانە) ئەم جۆرە بیر و بۆچونانە بەرامبەر بە ڕەگەزی مێ بۆ دەمارگیری خاوەنی هەڵگری ئەم بیرۆکەیە نیشانەیەکی زۆر زەقە.

چارەسەر

دەتوانین دەمارگیری وەک گرفتێکی ئاڵۆز و پەتایەکی کۆمەڵایەتی چارەسەر بکرێت، ئەویش لەڕێگای دەستنیشانکردنی میکانیزمێکی کاریگەر (بۆ گۆڕینی ئەم ئاڕاستەیە)، دەتوانین بەم خاڵانەی خوارەوە دیاریبکەین:

١- گرنگیدان بە قۆناغی منداڵی (شێوازی پەروەردە) ئەویش لە ڕێگای هۆشیارکردنەوەی دایک و باوک بۆ قبوڵکردنی کەسی بەرامبەر لە ڕێگای یاریکردن لەگەڵ منداڵی تر بێ ئەوەی هیچ کۆسپ و تەگەرە نەخرێتە بەرامبەریان، گەورەکان خۆیان هەڵنەقورتێنن لە هەڵبژاردنی منداڵ بۆ هاوڕێیانیان.

٢- هۆشیارکردنەوەی تاک لە ڕێگەی ڕۆشنبیری کردنیان و پێدانی زانیاری دروست لەڕێگەی سیمینار و کۆڕ و کۆبونەوە، ئەم کارەش دەکەوێتە ئەستۆی دەزگای پەیوەندیدار وەک ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و وەزارەتەکان و زانکۆ و قوتابخانە کە بە سەرچاوەی گرنگی ڕۆشنبیری دەژمێردرێت.

٣- چالاک کردنی ڕۆڵی ڕاگەیاندن بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی گیانی لێبوردەیی و پێکەوە ژیان.

٤- بڵاوکردنەوەی زیان و خراپی دەمارگیری بۆ لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی.

٥- ئاشنابوون بە توێژ و کۆمەڵە جیاجیاکان بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئاڕاستە نێگەتیڤانەی کە بەرامبەر بەوان دروستبووە ئەویش لە ڕێگەی پێکەوە ژیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، بۆ زانینی ڕاستیەکان دەربارەی و نەهێشتنی هەڵەکان.


سەرچاوەکان



1910 بینین