ئەو هۆکارانەی ئاڕاستە دەروونییەکانی مرۆڤ دەستنیشان دەکەن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-08-20:34:00 - کۆدی بابەت: 4295
ئەو هۆکارانەی ئاڕاستە دەروونییەکانی مرۆڤ دەستنیشان دەکەن
دەروونناسی

ئاڕاستەکانی مرۆڤ

١- هۆکاری ژیاری (حضاري):

زۆر لە زانا کۆمەڵناسەکان گرنگی ئەم هۆکارە دەخەنە ڕوو بۆ دروستکردنی ئاڕاستەکان، بەتایبەتی لەو توێژینەوانەی ئەنجام دراوە دەربارەی پەیوەندی نێوان خەڵک و سیستەمی ئایینی و ئاکاری و سیاسی و تا چەند ئەم سیستەمانە ئاڵۆز و دژی یەک بن، ئاڕاستەکانی تاکەکان ئاڵۆزتر دەبێت.

٢- خێزان:

ڕەنگە بەهێزترین فاکتەرەکانی دروستکردنی ئاڕاستەکانی مرۆڤ لە خێزانەوە دەستپێبکات، ئەویش لە کاریگەری دایک و باوک و ئەندامەکانی تری خێزانەوە دەبێت، منداڵ لە سەرەتای ژیانی ئاڕاستەی بەرامبەر بە کەس و شتی جیاواز دروستدەکات لە ڕێگەی چاولێگەری و فێربوون.

٣- تاک خۆی:

ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دروستکردنی کەسایەتی تاک و بە جیاوازی حەز و ئارەزوو و ئاڕاستەکانی تاکەکان جیاوازی لەنێوان تاکەکان دروستدەبێت.

٤- شارەزاییە هەڵچوونیەکانی تاک کە لە بارودۆخی تایبەت دروستدەبێت:

شارەزاییە هەڵچوونەکانی تاک ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەیە لە دەستنیشانکردنی ئاڕاستەکان بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ یان نێگەتیڤ، بۆ نمونە ئەو کارانەی کە مرۆڤ دەیکات و لە دەرئەنجام پاداشتی لێ بەدەست دێنیت ئاڕاستەیەکی پۆزەتیڤی لا دروستدەکات چونکە دەبێتە مایەی دڵخۆشی ئەو و پێچەوانەش ڕاستە، واتە هەر کارێک ئەنجام بدرێت و دەرئەنجامەکەی خراپ بێت بۆ کەسەکە ئەوا ئاڕاستەیەکی نێگەتیڤی بەرامبەر دروستدەکات و هەوڵ دەدات خۆی لێ دووربخاتەوە.

٥- دەسەڵات:

یەکێک لە کارەکانی دەسەلات ڕێکخستنی کار و باری هاوڵاتیە و ئەم ڕێکخستنەش لە ڕێگەی ڕێسا و ڕێنمایی و یاسای تایبەت دەبێت بۆیە پێویستە لەسەر کەسەکان ڕێز لەم یاسایانە بگرن و ملکەچی بن، تا توشی سزا و لێپێچینەوە نەبن، ئەم هۆکارەش دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکان ئاڕاستەی تایبەت بەرامبەر بە کارەکانی دەسەڵات دروستبکەن و ئەم ئاڕاستانە لەسەر دوو بنەما دروستدەبێت (ترس + ڕێزگرتن).

٦-قوتابخانە:

ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دروستکردنی ئاڕاستە لای قوتابیان، ئەویش لە دەرەنجامی مامەڵەکردنی مامۆستا لەگەڵ قوتابیان و پێدانی زانیاری تەواو چونکە شاراوە نییە لای قوتابی بەها و نەریتەکانی لە دوای خێزان لە قوتابخانە وەردەگرێت و مامۆستا کاریگەری تەواوی لەسەر قوتابیەکانەوە دەبێت، ئەویش لەڕیگەی پەیوەندیەکەی لەگەڵیان، بۆیە دەتوانین بڵێین کەسایەتی مامۆستا کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر دروستکردنی ئاڕاستەکانی قوتابی لەمەڕ گشت بابەتەکان.


سەرچاوەکان



295 بینین