مامۆستا و هونەری بەڕێوبردنی پۆل

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-07-15:15:00 - کۆدی بابەت: 4264
مامۆستا و هونەری بەڕێوبردنی پۆل
بنەماکانی فێرکردن

مامۆستا و كارەكەی

بەڕێوبردنی پۆل ئەو کارانە دەگرێتەوە کە مامۆستا پێی هەڵدەستێت بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی فێربوون کە هانی کارلێککردنی کۆمەڵایەتی پۆزەتیڤ و ئاکتیڤ دەدات، لەڕووی کارکردن و بوونی پاڵنەری خودی لای قوتابیان.

پرسیارەكانی مامۆستا

وە پێویستە مامۆستا سەبارەت بە بەڕێوبردنی پۆل چەندین پرسیار ئاڕاستەی خۆی بکات لەوانە:

١- چۆن ژینگەی ماددی ناو پۆل ڕێکدەخرێت؟

٢- چۆن دەتوانم ساڵی خوێندن بە سەرکەوتویی ئەنجام بدەم؟

٣- کام یاسا گونجاوە کە پێویستە بۆ ئەم ساڵ دابڕێژرێت؟

٤- ئەم بەرپرسیاریە کۆمەڵایەتیانە چین کە پێویستە بخرێتە ئەستۆی قوتابیان؟

٥- چۆن دەتوانم پاڵپشتی ڕەفتارە شیاوەکانی قوتابیان بکەم؟

٦- چۆن دەتوانم کاتی وانەکان بە سەرکەوتویی بەڕێوەببەم؟

٧- چۆن دەتوانم کۆنتڕۆڵی پۆل بەدەستبێنمەوە لەکاتی بوونی شڵەژان لەناو پۆل؟

بۆیە بەڕێوبردنی پۆل و کۆنترۆڵکردنی لە هۆکارە هەرە گرنگەکانە بۆ ڕەخساندنی بوارێکی گونجاو بۆ وانە وتنەوە، وە لە ڕاستیدا ئەم کارە بە کارە سەرەکیەکانی مامۆستا دەژمێردرێت.

قۆناغەكانی بەڕێوبردنی پۆل

سەبارەت بە شێوازی داڕشتنی پلان، بۆ ئەوەی مامۆستا نەکەونە ناو کێشەکان، (أفریستون و إیمر) سێ قۆناغی سەرەکی دادەڕێژن بۆ پەرەپێدانی سیستەمێکی ئەکتیڤ بۆ بەڕێوبردنی پۆل و بۆ ئەوەی مامۆستا پلانێکی سەرکەوتوو دابڕێژێت بەڕێوبردنی کارەکانی بەم شێوەیەی خوارەوە:

١- داڕشتنی پلانێک لە سەرەتای ساڵی نوێ:

پێویستە لە داڕشتنی پلانی لە سەرەتای ساڵ جەخت لەسەر بارودۆخی فیزیکی ناو پۆل بکاتەوە بە جۆرێک قوتابیان بتوانن چالاکیەکانیان ئەنجام بدەن، وە پێویستە قوتابیان بە جۆرێک دابنیشن مامۆستا بتوانێت هەموویان ببینێت، وە دەبێت لەوە دڵنیابێت کە قوتابیان دەتوانن هەموو کەرەستەکانی فێرکردن لەناو پۆلدا ببینن کە مامۆستا دەیخاتە ڕوو بۆ قوتابیان. لە هەنگاوە گرنگەکانی مامۆستا لەکاتی پلان دانانی، دەستنیشانکردنی ئەو ڕەفتارانە کە پێشبینی دەکات واتە پیویستە مامۆستا پێشبینی ڕەفتاری قوتابیانی بکات پێش ئەوەی بچێتە ناو پۆل، بۆیە زۆر گرنگە سوود لەو تێبینیانە وەربگرێت کە لە پێشتر تۆماری کردووە سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ بارودۆخە جیاجیاکان، بۆ ئەوەی لەکاتی بوونی کێشەکان بتوانێت بڕیاری ڕاست و دروست بدات، بۆیە زۆر گرنگە مامۆستا ڕێسای تایبەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی وانەکان دابنێت، چونکە بوونی ئەم جۆرە ڕێسایانە وا دەکات وانەکان بە شێوەیەکی دروست بەڕێوەبچێت وە قوتابیان بە سەرچاوە پاداشت و سزا ئاشنا بن، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە مامۆستا ئاشنابێت بە شێوازەکانی پاداشت و سزا بۆ ئەوەی بتوانێت بە باشترین شێواز بەکاری بهێنێت.

٢- بەڕێوبردن لە چەند هەفتەی یەکەم:

سەرەتای ساڵی خوێندن زۆر گرنگە بۆ مامۆستا چونکە بنەمای کارەکان و شێوازی بەڕێوبردنی کارەکانی لە ماوەی ساڵەکە دەستنیشان دەکات و قوتابیان پێشبینیەکانیان سەبارەت بە شێوازی وانە وتنەوەی مامۆستا دادەڕێژن وە چەندین پێشنیار هەیە بۆ مامۆستا کە پێویستە بیکات لە چەند هەفتەی یەکەم لەوانە:

- بەشێک لە ڕۆژ یان وانەی یەکەم تەرخان بکات بۆ تاوتوێکردنی یاساکانی وانەکان.

- پڕۆسەی بەڕێوبردنی پۆل بۆ قوتابیان بە وردی ڕوونبکاتەوە.

- بەشداری بە قوتابیەکان بکات لە چالاکیەکانی پۆل.

- جەخت لەسەر ئەو چالاکیانە بکات کە لە ڕێگەی گروپ ئەنجام دەدرێت.

- هەرگیز گریمانەی ئەوە نەکات کە قوتابیان دەزانن چۆن کارەکان ئەنجام دەدەن دوای یەکەم ڕوونکردنەوە، بۆیە بۆ ئەوەی دڵنیابێت لە تێگەیشتنی قوتابیان بەو ئەرکەی کە پێیان ڕاسپێردراوە داوایان لێبکات کارەکان لە بەرچاوی خۆی ئەنجام بدەن.

چەندین توێژینەوە جەخت لەسەر گرنگی چەند هەفتەی یەکەم دەکەنەوە بۆ دەستنیشانکردنی شێوازی مامەڵە کردنی قوتابیان لەگەڵ یەکتر و شێوازی مامەڵەی مۆمۆستا لەگەڵیان بە درێژایی ساڵ.

٣- ئەنجامدانی چەند ڕەفتارێک:

کاتێک مامۆستا هەموو یاسا و ڕێنماییەکانی جێ بە جێ دەکات، پێویستە بەدواداچوونەوەی ڕەفتاری قوتابیەکانی بکات بۆ ئەوەی دڵنیابێت لە پابەندبوونی قوتابیان بە هەموو ئەو ڕێسا و ڕێنماییانەی کە دەری کردووە، مەبەست لەم بەدواداچونەش دۆزینەوەی ڕەفتاری نەشیاوە لەنێوان قوتابیان وە چارەسەری بکات پێش ئەوەی ببێتە کێشەیەکی گەورەتر. لە دەرئەنجامی توێژینەوەکان دەرکەوتووە ئەو مامۆستایانەی دەرکەوتوون لە بەڕێوبردنی پۆلەکانیان چەند شێوازێک بەکاردێنن لەوانە:

أ- داوا لە قوتابی دەکات ڕەفتارە نەشیاوەکەی چاک بکاتەوە وە لەگەڵیدا دەبێت تا ڕەفتارەکەی چاک دەکات.

ب- لە ڕێگەی چاوەوە پەیوەندی بە قوتابی دەکات بۆ ئەوەی ڕەفتاری چاک بکاتەوە.

ت- هەڵدەستێت بە خوێندنەوەی ڕێساکان وە سەرپێچی قوتابی دەخاتە ڕوو.

پ- سزای قوتابی دەدات بەپێی ئەو ڕێسایانەی کە دانراوە.

ج- گۆڕینی چالاکیەکان، چونکە هەندێک جار درێژی ماوەی وانەکە وا لە قوتابیان دەکات ڕەفتاری نابەجێ بکەن.


سەرچاوەکان



3694 بینین