جوڵە و دژواری
کاتی ڕوودانی کێشەیەک لە نێوان دوو مرۆڤدا، نێرینە لە لایەنی بایۆلۆجیەوە زیاتر بەلای هۆکاری جوڵەدا دەڕوات، وەک دژایەتی جەستەیی و لێدان، بەڵام مێینە زیاتر بەلای وەڵامدانەوە و بە قسە پێ ووتن، واتە نێرینە زیاتر بەلای شەڕ و ڕووبەڕوو بوونەوەن و مێینەش بەلای هاوار و دەنگە دەنگ، لەو جۆرە بارودۆخانەدا مێینە هێڵکاری دەم و چاوی توڕەبوونی پێوە دیاردەبێت و ڕەنگی دەگۆڕێت، بەڵام کەم جار هەیە هێرش بکات و لێدان بەکاربهێنێرت، ئەو پاڵەپەستۆیە دەروونیەی لەناو ناخیایەتی دەریدەبڕێت بە شێوەی قسە پێ ووتن، لەبەر ئەوەی ئافرەت توانای بەکارهێنانی مێشکی هەیە لەیەک کاتدا بۆیە دەتوانێت لەو کاتەدا قسەبکات و بیریش بکاتەوە بۆ چارەسەر، بەڵام کاتێک ڕووبەڕووی ئەو کێشانە دەبێت بە ووردی و خێرایی لە هەموو لایەنەکانی کێشەکە دەکۆڵێتەوە و هەموو توانای بەکاردەهێنیت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو، پێویستی بە قسەکردن نیە لەو کاتانەدا، واتە بیردەکاتەوە بەبێ ئەوەی قسەبکات، چونکە مێشکی نێرینە ناتوانێت زیاتر لەیەک کار ئەنجام بدات لەیەک کاتدا، ئەم جیاوازیەش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری بوونی سیفەتی دژواریەتی لە هۆرمۆنی تێستۆستیرۆنی نێرینە و بوونی سیفەتی هێمن کەرەوە لە هۆرمۆنەکانی مێینە ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن.
لە لێکۆڵینەوەیەك کە ماک بای و جاکلین(Maccby&Jacklin) لە ساڵی ١٩٧٤ کردیان بۆیان دەرکەوت کەوا: نێرینە زۆر لە مێینە دژوارترن، هەر بۆیە دایک و باوک پێداچوونەوە و سەرزەنشتی منداڵە نێرینەکان زیاتر دەکەن، پێویستیان بە زیاتر چاودێری توند هەیە لەلایەن دایک و باوکیانەوە.
لە لیکۆڵینەوەیەک لە لوریا و ڕوبین(Lurian&Rubin) لە ساڵی ١٩٧٤ کردیان بۆیان دەرکەوت کەوا نێرینە بەم سیفەتە بۆ ماوەیانە ناسراوە: (توند و ڕەق، زبر، بەهێز، گەورە لە بارستە و کێش و ڕووکاری دەرەوە)، بەڵام مێینە ناسراوە بە: (ناسک، نەرم و نیان، هەستیار، ڕووکاری ئاسوودە).
لە لێکۆڵینەوەیەکی تر کە ئیرەن (Eran) لە ساڵی ١٩٨٧ کردوویەتی بۆی دەرکەوت کەوا سیفەتی دژواری پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن لە ناو خوێن، ئەو لێکۆڵینەوە لەسەر ٤٤٠٠ نێرینە کرا و دەرکەوت کەوا: هەر کاتێک ئاستی تێستۆستیرۆن بەرزکرایەوە سیفەتی دژواریەتی و لادان لە یاسا و ڕێساکانی کۆمەڵایەتی زیاد دەکات بە تایبەتی لەو کوڕە گەنجانەی کەوا پێشتر زۆر سەرزەنشت کراون لەلایەن باوکیانەوە لە تەمەنی منداڵی، دەمارگیری و سەرپێچی و یاخی بوون و کێشەنانەوە زیارە لە نێرینەدایە، بە پێچيوانەوە مێینە ئاسوودەترن لە هەڵسوکەوت، زۆر لە کێشەکان لە ناخیان دەهێڵنەوە، هەر بۆیە زیاتر تووشی کێشەکانی دەروونی دەبن: ترس و پەشێوی و دامان و خەمۆکی، هەروەها لەبەر بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە هۆرمۆنی ئیدرۆجین لە نێرینە دەبینین زیاتر ئارەزووی یاری توند و زبر و ململانێ و بەربەرەکانی هەیە، هەروەک هەردوو لێکۆڵەرەوە أ.أ.أهاردت 'لە زانکۆی کۆڵۆمبیا و ج.أ.ڕینش لە دەزگای (من کنزی) سەلماندیان کەوا: ئەو کچانەی کەوا بێکی زۆر هۆرمۆنی نێرنە لە ئیندرۆجین وەردەگرن سیفەتی نێرینە و دژایەتیان بە ئاشکرا پێوە دیاردەدات، هەروەک خۆیان (کچەکان) ئاماژەیان بەوە کرد بوو لەو فۆڕمانەی پێیان درابوو، یان لەو چاوپێکەوتنانەی کرابوو لەگەڵ دایک و باوک، یان مامۆستاکانیان لە قوتابخانە و زانکۆیانەی کە لێکۆڵینەوەکەی تیادا ئەنجام درابوو.
لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە بۆمان دەردەکەوێت کەوا: دژایەتی و دژواری سیفەتێکی نەگۆڕە و جێگیرە لە نێرینە و زاڵە بەسەریاندا، هەرچەندە هۆکاری دەرەکی وەک: ژینگە و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری کاریگەری هەیە لەسەر ئەو سیفەتە بەڵام هەرچۆنێک بێت هۆکاری بۆماوەیی و هۆرمۆنی زاڵە بەشێوەیەکی گشتی.