خۆنەویستە بەرەولاچوون چیە؟
مەبەستمان لە خۆنەویستی بەرەو لاچوون ئەوەیە، کەوا نێرینە بەشێوەیەکی خۆنەویستی، یان بە هۆکارێکی فیتری ئارەزووی بەلای هەندێک یاری و کاردا دەڕوات، بە هەمان شێوە مێینە ئارەزووی بەلای هەندێک یاری و کاردا دەڕوات کە نێرینە ئارەووی ناکات، یان پێچەوانەی ئەو ئارەزووە کار دەکات.
چالاکی منداڵی نێرینە ئاراستەی بۆ دەرەوەیە، دەبینین دەست دەکەن بە دروستکردنی خانووی بچووک و پاش ماوەیەک تێکی دەدەن و دووبارە دروستی دەکەنەوە، یان لاسایی کار و پیشەکانی باوکی دەکاتەوە یان خەریکی یاری ئۆتۆمبێل و پاسکیل و شتی ترە، بەڵام چالاکی مێینە بەرەو ناوەوەیە دەبینین هەوڵی ئەوە دەدات هەندێک کەل و پەل لەناو ئەو خانووە بچکۆلانە دابنێت کە بۆ خۆی دروستی کردووە، وەک پەیکەری کچۆڵەیەکی بچووک، لانکێکی خنجیلانە، دوایی دەرگاکانی پێوە بدات تاوەکو پارێزگاری کەل و پەلەکان بکات، واتە یاری کچ هەر لەسەرەتاوە تایبەتمەندی خۆی هەیە کە بەرەو پێکەوەنانی ماڵ و خێزان و گرنگیدان و چاودێری کەل و پەلەکانە، ئەوەش ئاماژە بەوە دەکات کەوا چالاکی و فیکری ناوەکی تا ڕاددەیەکی زۆر ڕۆڵی کاریگەری لەسەر ژیانی ئافرەت هەیە، بگرە هەموو ژیانی بریتییە لە گۆڕانکاری و ڕووداوی ناوەکی شاراوەی گەورە.
لەبەر ئەوەی چالاکی مێینە زۆربەی بۆ ناوەوەیە هەر لە تەمەنی منداڵیەوە بۆیە هیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە کەوا نیشانەکانی خۆ خۆشەوستی دەربکەوێت لەسەر کچان لە تەمەنی ٤-٥ ساڵیدا، هەر لەو کاتەوە هەست دەکات کە پێویستی بە خۆ جوانکردن و ڕازاندنەوە هەیە، تاوەکو سەرنجی کەسانی تر بۆ خۆی کێش بکات، ئارەزووی کچان ئاراستەی بەرە و لای گرنگیدانە بە منداڵی لە خۆ بچووکتر، هەر بۆیە مێینە گونجاوترە بۆ پەروەردە و چاودێری بچووکەکان، بەڵام لە نێرینە بە پێچەوانەوە میل و ئارەزووی بەرەو لای لە خۆ گەورەترە، وەک باوکی یان براگەورەی و لاسایی کردنەوەیان و بەشداری کردنی چالاکیەکانیان، هەربەمانەدا دایارە کە جیاوازیەکی بەرچاو هەیە لە پێکهاتەی جەستەیی و دەرونی و هۆرمۆنی هەردوو ڕەگەز کە وای کردووە هەریەکیان گونجاوتربێت لەوی تریان بۆ هەندێک کار.