کاریگەری ژینگە لەسەر پێگەشتن و هەرزەکار

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-04-07:18:00 - کۆدی بابەت: 4150
کاریگەری ژینگە لەسەر پێگەشتن و هەرزەکار
زانیاری هەمەڕەنگی تەندروستی


کاریگەری ژینگە

ژینگە لە لایەن ڕێکخراوی جیهانی بۆ زانست و ڕۆشنبیری لە ساڵی ١٩٧٦ پێناسە کراوە کە دەڵێن ئەو بەشەیە کە ئادەمیزاد بەکاری دەهێنێت و خۆی لەگەڵی دەگونجێت، ئەویش کار لە ئادەمیزاد دەکات وە هەروەها لە لایەن زانایانی دەرونناسەوە پێناسە کراوە کە دەڵێن هۆکارێکی دەرەکی و ماددی و کۆمەڵایەتی و شارستانییە و ڕۆشنبیرییە، کە کاریگەری لەسەر مرۆڤ هەیە لەو کاتەی کە هێلکەی پیتێنراو و هۆکارەکانی بۆ ماوەیی دیاری کراوە تاوەکو کۆتای ژیانی، واتە ژینگە لەگەڵ بۆماوە بەرپرسیارە لە بونیادنانی کەسایەتی تاک و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی لە ژیان.
هۆکارەکانی بۆماوەیی بەرپرسی سەرەکین لە چۆنێتی بونیادنانی جەستەیی ئادەمیزاد و شێوە و ئاکارەکەی بە ڕێژەیەکی زۆر، هەموو ئادەمیزادێک لەسەر ڕۆشنایی ئەو زانیاریانەی لە هۆکارەکانی بۆماوەیی هەیە کە لە دایک و باوکیەوە بۆی هاتووە دروست دەبێت، لەگەڵ هەندێک تایبەتمەندی خۆی بەڵام هۆکاری دەورووبەریش کاریگەری خۆی هەیە لەسەر ئەو ئادەمیزادە هەر لە ژیانی کۆرپەلەوە تاوەکو مردنی، وەک (جۆری خواردن، ئاو و هەوا، خۆشی و ناخۆشی ژیان و هتد).
لە دوونیادا دووکەس نییە بە تەواوی لەیەک بچن، چونکە لە جیهان دوو کەس نییە بە هەمان هۆکاری بۆماوەیی و هەمان ژینگە تێپەڕبووبن، هۆکاری بۆماوەیی ئێمەی داناوە لەسەر ئەو شێوەیەی کە هەین، وە هۆکاری دەورووبەریش دامان دەنێت لەسەر ئەو شێوەی کە دەبین لە داهاتوودا و بە هیچ شێوەیەکیش ناتوانین بڵێین ڕۆڵی کامیان گرنگترە، بەڵام دەتوانین بڵێین ڕۆڵی هەردووکیان جیاوازە، لە هەمان کاتیشدا تەواوکەری یەکترن، پێویستە ئەوەش بزانین کەوا هەر ماددەیەک دەچێتە لەشی مرۆڤ جا چ لە ڕێگەی پێستەوە بێت وەک تیشکی خۆر یان لە ڕێگەی دەمەوە بێت وەک خواردن و خواردنەوە، یان لەڕێگەی هەناسەوە بێت وەک هەوا، ئەوا بەشێک لەو مادەیە دەچێتە ناو هەموو خانەکانی لەشی مرۆڤ، بەو هۆیەوە ئەو مادانەی چونەتە ناو لەش کاردەکەنە سەر زیندە چالاکیەکان و کارلێکە کیمیاویەکانی ناو خانەی زیندوو، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر پێکهاتەی خانە و ئەو گۆڕانکاریانەی ڕوودەدات لەناو ئەندامەکانی لەش بە هەردوو ڕەگەزیەوە.
زانای فەڕەنسی ئەلێکسیس کاریل دەڵێت ئادەمیزاد لە خۆڵی سەر زەوی دروست بووە، بەو هۆیەوە جوگرافیای ئەو وڵاتەی کە تیایدا دەژی و سروشتی ئەو گیالەبەر و ڕووەکانەی کە دەیخوات، کاریگەری بەرچاوی هەیە لەسەر چالاکیەکانی فیسیۆلۆژی و عەقڵی، چونکە ئادەمیزاد بۆ دابین کردنی پێویستیەکانی و بەردەوامی ڕەگەزەکەی لە ژیاندا پشت دەبەستێت بە سەرچاوەکانی ژینگە وەک تیشکی خۆر، زەوی (خاك)، ئاو، هەوا، سەرچاوەی کانزایی، ڕووەک، گیانلەبەر، ناتوانێت بێ ئەوانە بژیەت، جا چ لە تەمەنەکانی گەشەکردنی دابێت بۆ نەشونەما کردنی، یان لە تەمەنی دوای پێگەیشتن دابێت بۆ جێگە گرتنەوەی ئەو خانە و شانانەی کە ڕۆژانە دەمرن هەروەها پارێزگاری لە مانەوەی خانە زیندووەکان.
ئەو کارگەریانەی کە ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر ئادەمیزاد و کرداری گەشە و پێگەشتن ئەوانەن: بۆماوە، هۆرمۆنەکان، ڕەگەز، ژینگەی سروشتی پاک و ژینگەی پیس بوو.


سەرچاوەکان



2570 بینین