بۆچوونە مەعریفیەکان بۆ بیرهاتنەوە
ئەم تیۆریە بیرکردنەوە شی دەکاتەوە لەسەر سێ بنەمای سەرەکی ئەویش:
أ- کۆد دانان edcoding.
ب- کۆکردنەوە storage.
ت- هێنانەوە retrieval.
وە بۆچونی مەعریفی گرنگی زیاتر بە هێنانەوەی زانیاریەکان دا بەبەراورد لەگەڵ دوو لایەنەکەی تر، بۆچوونی تایبەتی دانا بۆ چۆنیەتی هێنانەوەی زانیاریەکان و پێیان وایە هێنانەوەی زانیاریەکان لەڕێگەی ئەم حاڵەتانەوە دەبێت:
أ- پڕۆسەی دووبارە گەڕاندنەوە.
ب- ناسینەوە.
ت- دووبارە فێربوونەوە.
ئەم بۆچونە چەندین نمونەی لێکەوتەوە بۆ شیکردنەوەی بیرهاتنەوە لەوانە:
نمونەی (ئەنتکنسون - شفرین)
ئەم نمونەیە بۆچونێکی تایبەتی هەیە بۆ چۆنیەتی وەرگرتنی زانیاریەکان، پێی وایە پڕۆسەی بیرهاتنەوە بەچەند قۆناغێکدا دەڕوات لەوانە:
١- مرۆڤ زانیاریەکان لەڕێگەی هەستەوەرەکانیەوە وەردەگریت و زۆر بە ئاسانی دەچێتە بیری هەستی، بەڵام ئەم زانیاریانە تەنها بۆ چەند چرکەیەک دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر بێت و کەسەکە ئاگای لە زانیاریەکان نەبێت، ئەوا زانیاریەکان نامێنن و لەبیردەکرێنەوە.
٢- ئەگەر کەسەکە ئاگاداری زانیاریەکان بوو ئەوا دەچێتە بیری کورت خایەن لەوێشەوە پێویستە مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ زانیاریەکان بکات چونکە زانیاریەکان بۆ ماوەیەکی کەم لەبیر دەمێنێتەوە، ئەگەر مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت ئەوا دوای (١٥) چرکە لەبیردەکرێتەوە.
٣- ئەگەر مامەڵەیەکی باش لەگەڵ زانیاریەکان کرا ئەوا زانیاریەکان دەچێتە بیری درێژخایەن، کە بۆ ماوەیەکی درێژتر دەمێنیتەوە و کۆدەبێتەوە، لەکاتی پێویستیش دووبارە دەگەڕێتەوە بیری کورت خایەن.
نمونەی ووف-نورمان
خاوەنی ئەم تیۆرە ڕایان وایە بیرهاتنەوە بەپێی دوو سیستەم کاردەکات، واتە کۆکردنەوەی زانیاریەکان بە دوو هەنگاودا دەڕوات ئەوانیش (بیری سەرەتایی و بیری ناوەندی) نمونەیەکیان خستەڕوو بە مەبەستی شیکردنەوەی پڕۆسەی بیرهاتنەوە.
بەپێی ئەم بۆچونە زانیاریەکان یەکەم جار دەچێتە بیری سەرەتایی، کە بۆ ماوەیەکی کورت دەمێنێتەوە و لەوێوە هەندێک لە زانیاریەکان لەدەست دەدەین، لە دەرەنجامی تێکەڵبوونی زانیاریەکان، بەڵام دەتوانین ئەم زانیاریانە بگەڕێنینەوە لەڕێگەی دووبارەکردنەوە، هەر لە ڕێگەی ئەم دووبارە کردنەوە زانیاریەکان دەچێتە بیری ناوەندی.