بنیاتنانی کۆشکەکانی میزۆپۆتامیا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-31-17:28:00 - کۆدی بابەت: 3991
بنیاتنانی کۆشکەکانی میزۆپۆتامیا
مێژوو

بنیاتنانی کۆشکەکان چۆنبووە؟

میر و پاشاکانی وڵاتی دوو ڕووبار کۆشکەکانیان دروست دەکرد و دەبووە نێوەندی ڕامیاری و کارگێڕی، بۆیە قەبارەی ئەو کۆشکانە ۆزر گەورە بووە و چەندین ژووری زۆری هەبوو کە بە گۆڕەپان دەورە درابوون. چەندین کۆشک و تەلاری پاشا و میرەکان دۆزراوەتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان، لەوانە لە شوێنەوارەکانی ئەریدۆ و کیش و ماری.

كۆشكەكان

وەک کۆشکی (نەرام سین) لە تل براک لەسەر ڕووباری (خابوور) لە سوریا کە کۆشکی پاشایەتی بوو، ئاماژە بە مەودای فراوانی دەسەڵاتی ئەکەدی باڵادەستی بەسەر ناوچەی (ڕۆژهەڵاتی نزیک) دەکرد. کۆشکەکەی لەوێدا دروست کرد بۆ کۆکردنەوەی باج، هەروەها (ئەکەدییەکان) لە شاری (ئاشوور) کۆشکێکی دیکەیان بنیات نا.

لە شآری ئور کۆشکێکی پاشایەتی دۆزرایەوە کە پاشا ئورنەمۆ بونیادی نابوو. درێژی هۆڵی پاشایەتی ئەم کۆشکە نزیکەی (٤*٢٤م) دەبێت، هەروەها هۆڵی پاشا (زمری لم) لە شآری (ماری) نموونەی ئەو کۆشک و تەلارە گەورە و فراوانانەیە.  لێکۆڵەرەوان ژمارەی ژوورەکانی ئەم کۆشکەیان بە (٣٠٠) ژوور مەزەندە کردووە، هەروەها هۆڵی پاشایەتی چەندین ژووری دیکەی لێ پێک دێت، ژورێکی تایبەتی تیایە بۆ وانە وتنەوە، هەروەها بەشێک لە کۆشکەکە چەندین (کۆگا و ژێر زەمین)ـی تێدایە. کۆشکەکە لەسەر ڕووبەرێكی فراوان دروست کراوە و شوورایەکی گەورە دەوری داوە و تەنها دەرگایەکی هەیە.

پەیکەرتاش و هونەرمەندان زۆر بەهرە و توانای خۆیان خستبووە گەڕ کە چەندان نەخش و نیگار و ڕآزاندنەوە و شێوە و ئامرازی هونەری جۆراوجۆری تێدابوو. بنیاتنان و دروستکردنی کۆشک و تەلار لای ئاشوورییەکان پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینی و بەردیان لە بنیاتنانی ئەم کۆشکانە بەکارهێنا. لە شآری ئاشوور کۆشکێکی پاشایەتی دۆزرایەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ پاشا (ئەدەد نەرای یەکەم)، کە لە دوو بەش پێکهاتبوو، یەکێکیان شوێنی حەوانەوەی بنەماڵەی فەرمانڕەوا بوو، ئەوەی دیکەیان بەشی بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت بوو، هەروەها کۆشکی پاشآ (ئاسوور ناسر بالی دووەم) کە لە شاری (نەمرود) دروست کراوە نموونەیەکی دیکەی کۆشکی پاشایەتییە، کە بیناسازان و شارەزا و بەهرەداران لە بواری بیناسازی لە ناوچەی دەریاچەی وان هێنرابوون. هەروەها چەندین کۆشکی دیکەی پاشایەتی بنیات نراوە، لەوانە کۆشکی پاشا (سەرجۆنی دووەم) لە خرسباد و ئەو کۆشکانەی هەریەک لە (سەنحاریب) و (ئەسەرحەدون) و (ئاشوور بانیبال) لە شآری (نەینەوا). ئەو کارە بیناسازییانەی پاشای بابلی (ئەبو خزنەسەر) پێی هەڵساوە ئاماژەن بۆ پلەی پێشکەوتن و  گەشەسەندنی هونەری بیناسازی لای دانیشتوانی (دۆڵی دوو ئاوان)، ئەوەی جێماوەی لە شآری بابلی کۆن لە پاشماوەی کۆش و پەرستگا دەستکەوتی ئەم پاشایەیە کە (دیوار و شورا و قەڵا و دەرگاکان و قەڵغانەکانی بەرگری و جەنگ) نموونەیەکی دیکەی ئەندازە و هونەری بیناسازی بوو لە وڵاتی (دۆڵی دوو ئاوان).


سەرچاوەکان



664 بینین