داگیرکاری و فراوانخوازی دەوڵەتی عوسمانی لە کوردستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-31-15:44:00 - کۆدی بابەت: 3983
داگیرکاری و فراوانخوازی دەوڵەتی عوسمانی لە کوردستان
مێژوو

داگیرکاری دەوڵەتی عوسمانی

سوڵتان سەلیم دوای سەرکەوتنی لە شەڕی چاڵدێران (1514 ز) یەکێک لە فەرماندەکانی کە ناوی (فەرهد پاشا) بوو لە ناوچەکەدا جێهێشت، تا داگیرکردنی ئەو شار ناوچانەی کوردستان تەواو بکات کە کەوتبوونە سەر سنوری عوسمانی. تا ساڵی1515ز بەشێکی گەورەیان داگیرکرد لەوانە ( ماردین، ڕوها(ئورفە)، موسڵ، شەنگال، تەلەعفەر، جەزیرەی ئیبن عومەر( جزیرە بۆتان)، ئامێدی و هەولێر و کەرکوک) لەگەڵ ڕەقە لە سوریا.

بەڵێن شكاندنی عوسمانی و ڕاپەڕین

میرنشینە کوردەکان هەرچەندە سەربەخۆ بوون و لایەنگیری دەوڵەتی عوسمانییان دەکرد، بەڵام زۆری نەخایاند کە دەوڵەتی عوسمانی پەیمانەکانی کە لەگەڵ کورد و سەرکردە و میری میرنشینە کوردەکان بەستبووی شکاندی و خیانەتی لە بەڵێنەکانی خۆی کرد و میرنشینە کوردیەکانی فەوتاند، بە ڕادەیەک کە لە کۆتایی سەدەی حەڤدەهەمدا تەنها چەند میرنشینێکی کوردی کەم مابوونەوە. لەبەرئەوە هەندێ کات ڕاپەڕین و شۆڕش دژ بە عوسمانییەکان بەرپابوو.

یەکەم پێکددان پاش چواردە ساڵ لە سەردانی سوڵتان سڵێمانی قانونی بۆ کوردستان لە ساڵی 1538ز بوو کە میری مێرنشینی ئەردەڵان میر (حسین) ڕاپەڕی دژی دەسەڵاتی عوسمانی، بەڵام دەوڵەتی عوسمانی هێرشێکی گەورەی کردە سەر و ڕاپەڕینەکەی لەناو برد.

بەڵام جارێی تر لە ساڵی 1549ز دا میری میرنشینی ئەردەڵان ڕاپەڕییەوە و، بەڵام عوسمان پاشای والی حەلەب بە هێزێکی زۆر و ئاگر و ئاسن ڕاپەڕینەکەی دامرکانەوە لەناوی برد، ئەمە سەرەڕای چەندین شەڕو ڕاپەڕینی دیکە میرنشینەکانی تری کورد وەک میرنشینی سۆران و میرنشینی بۆتان و بابان کە لە بەشی چوارەمدا باسیان دەکەین.

 

 


سەرچاوەکان



1142 بینین