سوارەی حەمیدیە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-29-22:59:00 - کۆدی بابەت: 3917
سوارەی حەمیدیە
مێژوو

سوارەی حەمیدییە چیبوو؟

دامەزراندی سوارەی حەمیدییە، دوای شکستی ڕاپەڕینەکەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم (١٨٧٦-١٩٠٩ز) هەوڵیدا سیاسەتی خۆ نزیک کردنەوە لە سەرانی کورد بگرێتە بەر. ئەوەبوو دەستی کرد بە دامەزراندنی فەوجەکانی سوارەی حەمیدییە کە یەکێکە لە دیارترین ڕووداوەکانی پاش شکستەکەی رآپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵایە.

دامەزراندنی سوارەی حەمیدییە تەنیا بەمەبەستی بەکارهێنانی کورد لەدژی ئەرمەنەکان نەبوو، بەڵکو پەیوەندی بە ئامانجە ستراتیژییەکانی سوڵتان عەبودولحەمیدەوە هەبوو، کە گرنگترینیان بریتی بوو لە جێگیرکردنی دەسەڵاتی ناوەند، هێنانەکایەی هاوسەنگی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی. سوود وەرگرتن لەو هێزانە دژی ئەرمەنەکان، بەرگریکردن لە پەلاماری ڕوسیا و رێگرتن لە دەسەڵاتی بەریتانیا لە ئەنادۆڵی خۆرهەڵات، هەروەها سەرکوتکردنی جووڵانەوە ڕزگایخوازەکانی گەلانی ناتورک ئامانجێکی تری سوارەی حەمیدییە بوو. هەموو ئەو ئامانجەش لەگەڵ سیاسەتی بنچینەی عوسمانی بۆ یەکبوونی ڕیزی موسڵمان دەگونجا. ئەمانە سەرجەم وایان کرد سوڵتان عەبدولحەمید لە ساڵی ١٨٩١ز بڕیاری دامەزراندنی سوارەی حەمیدییە بدات.

کوشتاری ئەرمەنی

سوارەی حەمیدییە لە کوشتاری بە کۆمەڵی گەلی ئەرمەن دا ڕۆڵێکی خراپی بینی، ئەو کوشتارەی لە ساڵی (١٨٩٤ز)ـەوە دەستی پێکرد و بەسەدان هەزار ئەرمەنی تێدا کوژرا. ئەوەی پەیوەندی بە کوردەوە هەیە ڕاستە بەشێک لە دەرەبەگ و سەرەک خێڵ و پیاوە ئایینییەکان لە ڕیزەکانی فەوجەکانی سوارەی حەمیدییە دا کۆببونەوە و لە کوشتاری بە کۆمەڵی ئەرمەندا بەشداریان کردبوو، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیەش لەبەرچاو بگیرێ کە ئەمانە بەشێک بوون لە دام و دەزگا سوپایی و ئیدارییەکانی سوڵتان عەبدولحەمید و بەفەرمانی دەوڵەتیش دەجووڵانەوە ئەمە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە کەم نەبوونی ژمارەی ئەو کوردانەی سەرەڕای هەموو مەترسییەکانی گیانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەرمەنیان ڕزگارکرد کاتێک لە گوند و ماڵەکانی خۆیاندا بە نهێنی ژیانیان دەپاراستن، بۆیە هەرگیز ڕاست نییە کە کورد وەک نەتەوەیەک بەکوشتاری ئەرمەن تاوانبار بکرێت، بەڵکو ئەوەی تاوانی ئەم کوشتارەی دەکەوێتە ئەستۆ سوڵتان عەبدولحەمیدە و دام و دەزگاکانی دەوڵەتی عوسمانیە نەک کورد کە لەزۆربەی کاتدا هاو خەبات و هاوچارەنووسی گەلی ئەرمەن بووە.


سەرچاوەکان



1576 بینین