كورتەیەك دەربارەی جاحظ
جاحظ ناوی (عوسمانی كوڕی عومەری كوڕی بحر الكناني الفقيمي البصري)ـیە، نوسەر و زانایە لە زانستی قسەكردندا، هەروەها زانیاریەكی زۆری دەربارەی فەلسەفە و مێژوو هەیە و گرنگی زۆری داوە بە زانستی ڕوەك و گیانداران.
جاحظ لە شوێنكەوتوانی بیرۆكەی (المعتزلة) بوو، كە بڕاوایان وایە عەقڵ لە سەروی هەموو شتێكەوەیە، هەروەها جاحظ چەندین بەرهەمی گەورەی ئەدەبی و فیكری هەبوو، لە ساڵی 869 زاینی لە كتێبخانەكەی خۆیدا كۆچی دوایی كردوە.
سەرەتای ژیانی
جاحظ لە ساڵی 776 زاینی لە بەسڕە لەدایك بووە، كە كوڕی بەنی فەقیم (بني فقيم)ـە كە یەكێكە لە شاعیرەكانی خێڵی كەنانە (كنانة).
جاحظ لە مناڵیدا كاری فرۆشتنی نان و ماسی بووە لە بازاڕی بەسڕە، پاشان زمانی عەرەبی و ئەدەبی عەرەبی فێر بوو لەسەر دەستی (الأصمعي، أبي عبيدة، أبي زيد الأنصاري)، هەروەها نەحوی لەسەر دەستی (الأخفش) خوێندووە، دواتر زانستی قسەكردنی لەسەر دەستی زانا (إبراهيم بن سيار بن هانئ الناظم البصري) خوێندووە.
دەستكەوتەكانی
جاحظ لە سەرەتادا دەچوو بۆ مەربەدی بەسڕە بۆ فێربوونی زمانی عەرەبی، هەروەها جاحظ زانستی یۆنانی و كلتوور لە (ابن اسحاق العبادي) فێردەبوو كە یەكێك بوو لەو پزیشكانەی كە كتێبی پزیشكی یۆنانی (الطب اليوناني) وەرگێڕابوویە سەر زمانی عەرەبی، هەروەها تێكەڵی كلتووری ئێرانی بوو لەڕێگەی خوێندنەوەی كتێبەكانی (إبن المقفع).
جاحظ چەندین بەرهەمی بەناوبانگی هەیە بەڵام دیارترینیان كتێبی ڕەزیلەكانە (البخلاء)، كە كتێبێكی ئەدەبی و زانستی و كۆمیدییە، لەم كتێبەدا توانای نوسینی جاحظ دەركەوتووە بەتایبەتی هەستی كۆمیدیای، لەم كتێبەدا جاحظ وەسفی ژیانی كۆمەڵایەتی دەوڵەتی عەباسی كردووە، كە باسی چەندین نهێنی و شێوازی و تایبەتمەندییەكانی دەوڵەتەكەی كردووە، هەروەها جاحظ لەم كتێبەدا باسی لەو كەسە ڕەزیلانە كردووە كە لە شاری (مەرو)ـی پایتەختی خۆراسان بینیویەتی، جاحظ بە شێوەیەكی ڕاستی و كۆمیدیایانە باسی ڕەفتارەكانیان دەكات، هەروەها باسی نهێنی و كەسایەتییەكانیان دەكات بەڵام بە شێوەیەك نا كە ڕقمان لێیانبێت.
هەروەها كتێبی بەناوبانگی تری هەیە وەك كتێبی گیاندار (الحيوان) و كتێبی (البيان والتبيان)، كە دوو بەرهەمن لە زانستی ئەدەبدا و بەگرنگترینی ئەم بوارە دادەنرێن، ئەم كتێبانە لە بەرهەمە كۆتاییەكانی جاحظن، كە لەم كتێبانەدا هەوڵدەدات بناغەیەك بۆ زانستی بەیان و فەلسەفەی زمان دابنێت، بەیان بەلای جاحظەوە بریتییە لە ئاماژەدان بە مانا و ڕوونی و ڕوونكردنەوە، هەروەها لە كتێبی چاكەكان و دژەكان (المحاسن والأضداد)ـدا جاحظ هەموو لایەنە ئەرێنی و نەرێنی شتەكانی كۆكردووەتەوە لەگەڵ سیفەتە باش و خراپەكانی مرۆڤ.
جاحظ چەندین كتێبی لە بواری سیاسەت و ئەخلاق و زیندەزانیدا بڵاوكردووەتەوە، هەروەها شارەزایی باشی لە كلتورەكانی تردا هەبووە وەك فارسی و یۆنانی، هەروەها زۆربەی شیعرەكانی زانا فارس و یۆنانییەكانی لەبەركردووە.
جاحظ نزیكەی 360 كتێبی لە بوارە جیاجیاكانی زانستدا بڵاوكردووەتەوە هەرچەندە زۆربەی ئەم كتێبانەی بە پێی بیرۆكەی (المعتزلة) نوسراون، بۆیە لەلایەن زۆر كەسەوە بە توندڕەو بینراوە و زۆربەی كتێبەكانی پشتگوێخراون كە تێیدا پشتگیری لە بیروڕای خۆی كردووە.
شێوازی نوسینی جاحظ شێوازێكی زۆر ئاسان بوو بۆ تێگەشتنن، كە لەڕێگەیەوە بەجوانی باسی باوەڕی خۆی بە توانای مێشك كردووە، هەروەها لە نوسینەكانیدا شێوازێكی چیرۆكی تێهەڵكێشی بەكاردەهێنا. واتە بابەتێكی دەكردەوە و پاشان باسی بابەتێكی تری دەكرد و لە ڕێگەیەوە دەگەڕایەوە سەر بابەتە سەرەكییەكە.
جاحظ كاریگەرییەكی زۆری لەسەر كلتووری عەرەبی بەجێهێشتووە و ئەو نووسەر و بیرمەندانەی كە لەدوای خۆیەوە هاتوون سوودیان لە بەرهەمەكانی بینیوە.
جاحظ بە یەكێك لە زیرەكترین نووسەر و بیرمەندەكان دادەنرێت لە بواری (الصرف والنحو) و زانستی زیندەزانی و شیعر و فەلسەفە، جاحظ لەكاتی زۆربەی خەلیفەكانی عەباسیدا ژیاوە، لە خەلیفە (مەهدی) تا (المهتدي بالله)، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە نزیكەی 90 ساڵ ژیاوە.
یەكێك لە وتەكانی
"گەر زۆر بیر لە كەسەكان بكەیتەوە، ئەوا بۆت دەردەكەوێت ئەو كەسانەی كە بە دوای عەیبی كەسانی دیكەوەن ئەوا خۆیان عەیبدارترینن"
ژیانی هاوبەش
زۆربەی سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە جاحظ ژیانی هاوسەرگیری پێكنەهێناوە
گیانلەدەستدانی
سەرچاوەكان و كتێبی (السير) دەڵێن لە ساڵی نەوەدەكانی تەمەنیدا بەبۆنەی كەوتنە خوارەوەی كتێب بەسەر سەریدا و توشبوون بە شەلەل، بوەتە هۆی كۆچی دوایی لە ساڵی 868 زاینی.
چەند زانیارییەك دەربارەی جاحظ
دووكانی كتێب فرۆشەكانی بەكرێ دەگرت بۆ مانەوە تیایاندا، بۆ ئەوی بتوانێت كتێبەكانی ناویان بخوێنێتەوە و بە كلتوورەكانی تر ئاشنا ببێت.
نازناوی (جاحظ)ـی لێنراوە بە بۆنەی دەرتۆقینی چاوەكانی، (جاحظ واتا ئەو كەسەی كە چاوی دەرپەڕیوە یان دەرتۆقیوە).
جاحظ باوەڕی بە خورافیات نەبوو هەروەها گاڵتەی بەو كەسانە دەكرد كە باوەڕیان پێی هەبوو، جاحظ باوەڕی بەو قسەیە نەبوو كە پێشتر بەردە ڕەشەكە (مەكە)، ڕەنگی سپی بووبێت و بەبۆنەی تاوانی مرۆڤەكانەوە ڕەش بووبێت، بۆیە دەڵێت: باشە بۆ ڕەنگەكەی سپی نەبۆیەوە پاش باوەڕهێنانی خەڵك بە ئیسلام.