نرخ دانان لای کۆمپانیاکان
لەسەر ئاستی کۆمپانیا یان یەکەی ئابووریدا، کرداری نرخ دانان ئەرکێکی گرانە کەوا ڕووبەڕووی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکان دەبێتەوە، چونکە بەستراوەتەوە بە چارەنووس و توانای مانەوەی لە بازآڕ، تاوەکو بتوانێ شمەک و خزمەتگوزاری بە باشترین نرخ و بە کەمترین ئەرک و تێچوون پێشکەش بە بەکاربەران بکات و ڕەچاوەی پاپەندبوونیان کردووە لە بەرامبەر کۆمەڵگا کەوا بنەمای بوونیەتی، هەرچەندە کۆمپانیاکان بەدوای بەدەستهێنانی گەورەترین داهات لەگەڵ بەرزترین ڕێژەی قازانجدا دەگەڕێن، بۆیە بە ئەنقەست نرخەکان کەم دەکاتەوە بۆ دەستەبەربوونی بەشەکەی لە بازاڕدا و ڕووبەڕووبوونەوەی پێشبڕکێی کۆمپانیاکانی تر. میکانیزمی دیاریکردنی نرخەکان لە سیستەمێکی ئابووری بۆ سیستەمێکی تر جیاوازە، هەروەها جیاوازە لە نێوان بازاڕەکانی یەک سیستەمیشدا، ئەو هۆکارانەی کەوا نرخی بەروبوومی کشتوکاڵی لە بازاڕدا دیاری دەکەن جیاوازن لەگەڵ ئەم هۆکارانەی کەوا نرخی شمەکە پیشەسازییەکان و خزمەتگوزارییەکان دیاری دەکەن.
نرخەکان بەپێی میکانیزمی بازاڕ
لە سیستەمی سەرمایەداریدا نرخەکان بەپێی میکانیزمی بازاڕ ''هێزەکانی خستنەڕوو و خواست'' دیاری دەکرێن، خاوەندارێتی تایبەت (الملکیة الخاصة) پێویستی بە بوونی شێوازی بەکاربردن و مافی بەکاربردنی ئەم شێوازانە هەیە و بەکاربەر ئازادە لە چۆنیەتی بەکارهێنانی داهاتەکەی و ئەو شێوازەی کە لەگەڵی گونجاوە، و گریمانەکانی تر لە سایەیاندا میکانیزمی نرخەکان کار دەکەن بۆ حوکم کردنی ئەو میکانیزمە بەپێی یاسای خواست و خستنەڕوو نرخەکان بڕیارداون، بە ڕادەیەکی گەورە لە ڕێگای پەیوەندی لە نێوان بەرهەمهێن و بەکاربەر، واتا گونجان لە نێوان ئارەزووەکانی بەرهەمهێنەران بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین قازانج، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت کە نرخەکان بکەونە ژێر کاریگەری میکانیزمی بازاڕ و هێزەکانی خواست و خستنەروو بەبێ ڕێکخستن و دیاریکردن.