هۆیەکانی پەیدابوونی بازرگانی
جیاوازی دابەشکردنی دەرامەتە سروشتییەکان
شتێکی ئاشکرایە کە دەرامەتە سروشتییەکان لەسەر ڕووی زەوی وەک یەک نین و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێن و لە هەموو لایەکی جیهاندا بە جۆرێکی یەکسان نین، جا چ لە ڕووی چەندێتی بێ یان لە ڕووی چۆنیەتی وەکو یەکتر، بەڵکو بە گوێرەی بوون و چەندێتی و خەسڵەتەکانییەوە لە شوێنێکەوە تا شوێنێکی تر دەگۆڕێت. سەرچآوە سروشتییەکان بە جۆرێکی یەکسانی لەسەر گۆی زەوی دابەش نەکراوە و ئەمەش هۆی پەیدابوونی بازرگانی دەوڵەتانە. خاکی بەپیت توانای بەرهەمهێنانی چەند جۆرێک بەرهەمی کشتوکاڵی هەیە کە لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراودا نەبێ نییە و ئەو زەوییەی کە بە کەڵکی کشتوکاڵ بێت تەنها ٤٠٪ـی ڕووبەری وشکانی دەگرێتەوە، ئەگەر ناوچە جەمسەرییەکانی لێ دەربکەین. هەروەها ئاو و هەوای گونجاو بۆ کشتوکاڵ و بەرهەمی ئابووری لە هەرێمێکەوە بۆ هەرێمێکی تر جیاوازە، بەڵام کانزاکان تەنها لە چەند شوێنێکی دیاریکراو جیهاندا هەن. بەم پێیە دەرامەتە سروشتییەکان لە ڕووی کەمی و زۆریانەوە جیاوازیان هەیە. هەرێمە خولگەییەکان و نیمچە خولگەییەکان گرنگترین ناوچەی جیهانن لە ناردنی لاستیک و قاوە و ڕۆن و بەهارات و قامیشی شەکر و چا و لۆکە و گۆشت و گەلێکی تر لە دەغڵ و دانی ڕووەکی بۆ هەرێمە پیشەسازییەکان، بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی دەکەونە هەرێمە کەم گەرم و ساردە مام ناوەندییەکانەوە لە ئەوروپا و ئەمەریکای باکوور. لە کاتێکدا لە ناوچەی ناوەندییەکان گەنم و تەختە و بەروبوومی شوانکارەیی بۆ هەرێمەکانی تری جیهان دەنێرن. جیاوازی کاتی دروێنەی دەغڵ و دان یارمەتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەدات، بۆ نموونە گەنم لە نیوەی باشووری گۆی زەوی لە سەرەتای هاوینی باشوور، یان سەرەتای وەرزی زستانی باکوور پێدەگات لە کاتێکدا لە نیوەی گۆی باکوردا نامێنێ، بۆیە ئەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە نیوەی گۆی باکوورەوە پشت دەبەستن بە گەنم کڕین لە ئوستورالیا و نیوزلەندە و ئەرجەنتین. هەروەها دەتوانین لەسەر ئەوە دابەشبوونی نەوت بکەین بە نموونەیەکی ئاشکرا کە لە ٦٤٪ـی پاشەکەوتی نەوتی جیهان لە ناوچەی کەنداو کۆبۆتەوە.
جیاوازی دابەشبوونی دانیشتوان
لەگەڵ ئەوەشدا کە سروشت گەلێک بەند و سنووری داناوە بۆ جمووجۆڵی مرۆڤ، بە تایبەتی لەبەرهەم هێنانی ئابووری و بازرگانی و دەوڵەتی، بەڵام هێشتا مرۆڤ بە یەکەم هۆی گرنگ دادەنرێت لەم نێوانەدا و هۆیەکی کاریگەری هۆیەکانی بەرهەم هێنانیشە، هەروەکو چۆن هۆی بەکاربردنی سەرەکی بەروبوومیش هەر خۆیەتی. ئاشکراشە کە مرۆڤ بە شێوەیەکی یەکسانی و ڕێک و پێک لەسەر ڕووی زەوی دابەش نەبوون، بەڵکو ١/٢ـی دانیشتوانی جیهان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا جێگیرن و نزیکەی ١/٤ـی دانیشتوانی جیهان لە ئەوروپادان. لە کاتێکدا جیهانی نوێ کە ڕووبەرەکەی بەقەد هەموو ڕوووبەری ئاسیا دەبێت کەچی تەنها چارەکێکی دانیشتوانی ئاسیای تێدا دەژی، دیارە ئەو ناوچانەش کە چڕ و پڕن لەمرۆڤ و جەنجاڵن تەنیا بەو بەروبوومە ناژین کە لە زەوییەکە دێتە بەر لە خۆراک و کەرەستە، بۆیە ناچار دەبن کە کەموکوڕی و ناتەواوی بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی پڕ بکەنەوە.
جیاوازی ئاستەکانی داهات و بژێوی
مەبەست لە داهاتی نەتەوە هەموو ئەو بەرهەمە نەتەوەییەیە کە لە کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی یان خزمەتگوزاری و هیتردا لە ماوەی ساڵێکدا بە دەست دێن. ناوەندی بەشی تاکە کەسیش لە داهاتی نەتەوەدا لە ئەنجامی دابەشکردنی هەموو داهاتی نەتەوەیە بەسەر ژمارەی دانیشتواندا دەستمان دەکەوێت. بەم پێیە داهاتی نەتەوە یەکێکە لەو پێوانە گرنگانەی کە بازرگانی و دانیشتوان بەیەکەوە دەبەستێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ناوەندە ژمارەیە جیاوازی ئاستی ئابووری نێوان ئەندامەکانی کۆمەڵ دەرناخات، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئاستی ژیانی ئەو کۆمەڵەمان بۆ دیاری دەکات. بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین: تا داهاتی نەتەوە زیاتر بێت و ژمارەی دانیشتوانی کەم بێت، ناوەندە بەشتی تاکەکەسی لەو داهاتە نەتەوەییە و بازرگانییە دەرەکییە زیاد دەبێت، هەروەها بەشی تاکەکەسی ناوەندە دەبێت لە داهاتی نەتەوە، هەر کاتێک توانای کڕینی زیاد بێ، وە لە بازرگانی دەوڵەتیدا بەشی زیاتر دەبێت. بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان داهات و بازرگانی دەستنیشآن بکەین، بۆ نموونە دەڵێین ئەو دەوڵەتە پیشەسازییانەی ئاستی ژیانی تێدا بەرزە وەک دەوڵەتەکانی ئەوروپا و ژاپۆن بۆ زۆربەی پێویستییەکانی پشت بە هاوردەنی کەرەستە دەبەستێت، چونکە دەتوانن بەو دراوە گرانبەهایانەی کە هەیانە خەرجی ئەو هاوردەنییە پڕ بکەنەوە لەو دەوڵەتانەی تر کە لە ئاستێکی باڵاتردان لە بازرگانیدا و زەویشیان زۆرە و بەروبوومی هەمەچەشنەیان هەیە و دانیشتوانیان کەمە، وەکو کەنەدا و ئوستورالیا و نیوزلەندا. ناوەندەبەشی تاکەکەس لە بازرگانی کەنەدا نزیکەی ٧٠٠ دۆلارە لە ساڵێکدا، بەڵام لە ئوستورالیادا ٤٣٠ دۆلارە، بە پێچەوانەی ئەمەوە بەشی تاکە کەس لە بازرگانی کەم دەبێتەوە لەو دەوڵەتانەی کە ئاستی ژیانیان نزمە، لە هیندستان بەشی تاکە کەس ١٠ دۆلارە لە ساڵێکدا، لە پاکستانیش ١٨ دۆلارە.
سیستمی ئابووری
ئەو سیستم و ڕامیارییە ئابووریانەی دەوڵەتە هەمەجۆرەکان پەیڕەوی دەکەن کارێکی زۆر دەکەنە سەر بەرهەم و بازرگانی و پێشکەوتنی بازرگانی. ئەو سیستەمە ئابووریانە ڕاستەوخۆ بن یان ناڕآستەوخۆ کار دەکەنە سەر بازگانی دەوڵەتی. ڕەنگە گرنگترنین هۆیەکی ڕاستەوخۆی کاریگەر لەسەر بازرگانی دەوڵەتی داڕشتنی یاساکانی بازرگانی و سەپاندنی گومرگی زۆر بێت کە دەوڵەتەکان دایدەنێت تا بەرهەمی ناوخۆیان بپارێزن لە ڕکابەری بەرهەمی دەوڵەتەکانی تر و دەرگە داخستنێک بێت لە ڕووی لێشاوی بازرگانی دەوڵەتیدا. هەندێک دەوڵەت سیستمی بەش بەش دادەنێن تا سنوورێک بۆ چەندێتی نرخی هاوردنەکان و چۆنیەتی سەرچاوەکانی دابنێن، هەندێک دەوڵەتی تر پەنا دەبەنە بەر پاراستنی نرخ بەوەی کەمی بەرهەم بخەنە پێش چاویان، هەڵیبگرن، یاخود لەناو دەبەن، وەک بەڕازیل کە بەشێکی زۆری بەرهەمی قاوەی لە ناوبرد تا پارێزگاری لە نرخەکەی بکات. بەڵام ئێستا ڕای جیهانی بەرەو گەلەکۆمەی ئابووری دەڕوات، ئەوەی کار دەکاتە سەر زۆربوونی پسپۆڕی لە بەرهەمهێناندا، ئاشکراترین ئەو گەلەکۆمەکییە ئابووریانە بازاڕی هاوبەشە.
ئاسانی گواستنەوە
مرۆڤ بەهۆی ئاسانبوونی ڕێگە و هۆیەکانی گواستنەوەوە توانی شمەکەکان بگەیەنێتە زۆربەی ناوچەکانی جیهان تا وای لێهات پەیوەندی بەتینتر بوو، ئەو ماوەیەش کە لە ڕآبردوودا نرخی هەبوو لە ڕۆژگاری ئیمڕۆدا نموونەیەکی ئەوتۆی نییە، ئێستا هەموو جۆرە وزەیەک بەکاردێنن بە مەبەستی ئاسانکردنی شێوە جۆراوجۆرەکانی گواستنەوە، مرۆڤ توانی هێڵی ئاسنین و ڕێگەی زەوی و هەڵکەندنی نۆکەند بۆ کەشتیەوانەکان ڕابکێشێت و تەنانەت دەریا و زەریاکان هێڵی ڕێکوپێکی گواستنەوەی ئاوی ئەیبڕێت کە بتوانێ بەو هۆیانەوە بە نرخێکی کەم کەلوپەلێکی زۆر بە ڕێگەی دوور و درێژدا بنێرێت. هۆیەکانی گواستنەوە یارمەتی ئەوەیاندا کە بەروبووم و دەرامەتی ناوچە دوورەکان بەکار بهێنێت کە بە ناوچەیەکی سەخت و ناڕەحەت دائەنرا، لەبەر دووری لە ڕێگەی گواستنەوە بۆ مەبەستی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە تازەکانی جیهان، بەرهەمی کشتوکاڵی و کانزای پیشەسازی زیادی کرد و ڕژێمی پسپۆڕی لە بەرهەمدا گەلی شوێنی جیهانی گرتەوە. پەیوەندی بازرگانی ئابووری لە نێوان دەوڵەتانی جیهاندا بەهێزتر بوو، بەکارنەهێنانی لایەنەکانی حەوزی ئەمەزۆن و کۆنگۆ و ناوچە دوورەکانی سیبیریا بە ڕادی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی گواستنەوە و ڕێگەوبان، هۆیەکانی ساردکردنەوەی گەڕۆک یارمەتی هینانە ناوەوەی بەرهەمی نوێی داوە، ئەوەی کە لە توانادا نەبوو بگوێزرێتەوە بۆ ماوەی دوور. گرنگترین پێشکەوتن لە بواری گواستنەوەدا لە سەدەی بیستەم بەکار هێنانی گواستنەوەیە بە ئۆتۆمبێل کە ئەمە کاری بارهەڵگرتن و داگرتنی ئاسان کردووە لەو ناوچانەی کە کەرەستەی خاوی تێدایە، یان ئەو ناوچانەی کە شمەکی دروستکراوی تێدا کۆبۆتەوە بۆ گواستنەوەی یەکسەری بۆ شوێنی بەکاربردنی بە ڕێگەیەکی ئاسان و خێرا، دوای ئەوە هۆی گواستنەوە گەیشتە ئەو ناوچانەی کە ئاشنا نین بە نۆکەند و هێڵی ئاسن، بەم هۆیەوە بەرهەم زۆر بووە و پەیوەندی بازرگانی گەشەی سەندووە.