کاریگەری قەرزی بیانی لەسەر پیشەسازی وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-24-02:19:00 - کۆدی بابەت: 3637
کاریگەری قەرزی بیانی لەسەر پیشەسازی وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان
ئابووری

گیر و گرفتی قەرزی بیانی لەسەر پیشەسازی

گرنگترینی ئەو گیر و گرفتانەی کە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان بە دەستییەوە دەناڵێنن بریتییە لە گیر و گرفتی پارەدان بە پڕۆژەی پەرەپێدانی ئابووری بە شێوەیەکی گشتی و پەرەپێدانی پیشەسازی بە شێوەیەکی سەرەکی لەبەر لاوازی و کەمی پاشەکەوت کردن و کەمی سەرچآوەی مایە لەو وڵاتانەدا. جا لەبەر ئەوەی داهاتی مرۆڤ و ئاستی ژیانی نزمە، بۆیە پاشەکەوتکردنیش لاواز دەبێت. بەڵام خاوەن سەرمایەکاننی ئەم وڵاتانە پارەکانیان لە کەرتەکانی تردا دەخەنە کار و لە پیشەسازیدا بەکاری ناهێنن، وەک بانق و کۆمپانیا و بازرگانی و کەرتی خانوبەرە دروستکردن، چونکە پڕۆژەی پیشەسازی مەترسی تێدایە، بەرامبەر ئەم بارەش حکومەت لەم وڵاتانەدا ئاڕآستەی پاشەکەوتکراوەکان دەکات و دەبێتە هاندەر بۆ وەبەرهێنانی پیشەسازی، بە پێشکەشکردنی دەستەبەری یارمەتیدانی یاسایی بۆ خاوەن سەرمایەکان و ئەوانەی پاشەکەوتیان هەیە، وەک ئەوەی دەوڵەت باجی هێنراو لەسەر ئامێر و مەکینەی کارگەکان و کەرەستە خاوەکان لادەبات، یان پیشەسازی نیشتیمانی لە بەربەرەکانی بێگانە دەپارێزێت بە دانانی باجی گومرگی بەرز لەسەر ئەو کەلوپەلانەی لە دەرەوە دێن، یان دامەزراندنی بانقی پیشەسازی و پێشخستنی کەرتی تێکەڵ. بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو جێبەجێ هێنانەی پێشووشدا پڕۆژەکانی پیشەسازی لە زۆر وڵاتی تازە پێگەیشتوودا بە لەکارکەوتوویی دەمێنێتەوە و سەمایەیان بۆ پەیدا نابێت، لەبەر ئەوە ئەو حکومتانە ناچار دەبن کە قەرز لە دەوڵەتە بیانییەکان وەرگرتن، بە تایبەتی لە دەوڵەتە پێشکەوتووەکان. زۆر جاریش ئەو وڵاتانە دەست بەسەر ئابووریی وڵاتە تازە پێشکەوتووەکان دەگرن، چونکە ئەو قەرزانە بە چەند مەرجێکەوە بەستراون کە لە بەرژەوەندی دەوڵەتە قەرزدەرەکەدا دەبێت، وەک ئەوەی ئەو قەرزانە بۆ کەرتە پیشەسازییەکان یان ستراتیژییەکان یان پیشەسازییەکانی بەکاربردن ئاڕاستە بکات. ئەم قەرزانە زۆری سوودەکنایشیان بەرز دەبێت لەبەر ئەوە ناوی ئەم جۆرە نراوە داگیرکاری تازە. تەنانەت دەوڵەتە سەرمایەدارەکان خۆیان بەسەر ڕێکخراوە دەوڵەتییەکانیشدا دەسەپێنن وەک بانقی دەوڵەتانی ئاوەدانکردنەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستی بەسەردا دەگرێت.


سەرچاوەکان



538 بینین