دڵ چییە؟
دڵ ئەندامێکی نێوبەتاڵە کە لە ناو ڕکەی سنگ، لە نێوان هەردوو سییەکان جێگیرە. دیواری دڵ لە سێ چین دروست بووە:
- ماسولکەی دڵ (میۆکارد)
- ناوپۆشی دڵ (ئیندۆکارد)
- رووپۆشی دڵ (ئیپکارد)
ڕووپۆشی دڵ چینی ناوەکی توێخێکی دوو چین بە ناوی دڵپۆشە (پریکارد). نزیک بە ٥٠ ملیلیتر شلەی دڵپۆش پێشگیریی لە لێکخشانی دوو چینی ئەم توێخە دەکات. دڵ ٤ دیو و ٤ دەریچە لەخۆی دەگرێت و بەهۆی دیواری ناوەڕاستەوە بە دووبەشی ڕاست و چەپ دابەش دەکرێت. لە هەر بەشدا، دوو دیو و دوو دەریچە دەبنرێن. بە دیوەکانی سەرەوەی دڵ داڵان وبە دیوەکانی خوارەوەی سکۆڵە دەڵێن. دەریچەی سێ پەڕە یان تریکۆسپید لە نێوان دوو دیوی لای ڕاستە و دەریچەی مەتراڵ، یان دوو پەڕە لە بەینی دوو دیوی لای چەپە. دوو دەریچەی دیکە لە نێوان دوو خوێنبەری سەرەکی دڵ و دیوەکانی سکۆڵەی چەپ و ڕاستن.
دەریچەی سیپەلک لە نێوان سکۆڵەی ڕاست و خوێنبەری سیپەلکیی و دەریچای ئائۆرت لە نێوان سکۆڵەی چەپ و ئائۆرتە. لە ئائۆرتەوە دوو خوینبەری ڕاست و چەپی تاجیی پاش جیابوونەوە ڕەوانەی دڵ دەبن، لە پشتی دڵ یەکدەگرنەوە.
کاری سەرەکی دڵ چییە؟
کاری دڵ وەکو ترومپایەک ڕەوانەکردنی خوێن بەرەو تان و پۆکانی جەستە. پاش هەر لێدانێکی دڵ، خوێن لە لای چەپی دڵ دەڕژێتە ناو گەورە دەماری ''ئائۆرت'' و لەوێشەوە لە ڕێگای خوێنبەرەکانەوە دەگاتە ئەندامەکانی دیکەی جەستە و ئۆکسجینیان پێ دەگەیەنێت. ڕێژەی ئاسایی لێدانی دڵ لە نێوان ٦٠ تا ١٠٠ کەڕەت لە خولەکێکدایە.
مەبەست لە سیستۆڵە و دیاستۆلەی دڵ چییە؟
بە گرژبوونەوەی دڵ و بە تایبەتی گرژبوونی سکۆڵەکان ''سیستۆڵە''ـی دڵ دەگوترێ. مەبەست لە ''دیاسیستۆڵە''ـی دڵ ڕەوتی خاوبوونەوەی دڵە.
میکانیزمی گرژبوونی ماسولکەی دڵ چییە؟
هۆی سەرەکی گرژبوونی دڵ ڕەوتێکی ئەلکتریکییە کە لە گرێی سینوسیی ناو ماسولکەی داڵانی دڵ بەرهەم دێ. ئەم ڕەوتە لە ڕێگای ڕیشاڵەکانەوە کە وەک کێبڵێکی ئەلکتریکین ڕەوانەی گرێی داڵان-سکۆڵە دەکرێ و دەبێتە هۆی گرژبوونی سکۆڵە، لێدانی دڵ و پۆمپاژی خوێن.
خوێن لە چ ڕێگایەکەوە دەگاتە دڵ؟
خوێن لە ڕێگای خوێنبەرەکانی تاجیەوە (کرۆنێریی) دەگاتە ماسولکەی دڵ.